لە عەممانی پایتەختی ئوردن، وەفدێکی باڵای ئەمریکی بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شەهین، لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی ئەمریکی پشتیوانیی واشنتنۆنیان بۆ هەسەدە دووپاتکردەوە و جەختیان لەسەر پابەندبوون بە هاوبەشی لە شەڕی دژی تیرۆر کردەوە.

سیناتۆری دیاری ئەمریکا، جین شەهین، لە عەممانی پایتەختی ئوردن، چاوی بە مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کەوت.

لە کۆبوونەوەکەدا، جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، نوێنەری باڵای ئەمریکا لە تورکیا، و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئامادەبوون.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشخستنی جێبەجێکردنی "رێککەوتنی 10ی ئازار" کراوە. لای خۆیەوە، سیناتۆر شەهین پشتیوانیی خۆی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتکردەوە و جەختی لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە.