ئەمڕۆ پێنجشەممە، یارییەکانی جامی جیهانیی 2026 بە رەسمی لە مەکسیکۆ سیتیی پایتەختی مەکسیک دەستپێدەکەن، کە لە ساڵی 1930 وە و لە مێژوی پاڵەوانێتییەکەدا، بە بەرفراوانترین و گەورەترین خول دادەنرێت.
بۆ یەکەمجار لە مێژوی مۆندیالدا، سێ وڵات کە بریتین لە (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، و مەکسیک) بە هاوبەشی میوانداری ئەم خولە دەکەن.
لەم خولەدا ژمارەی تیپە بەشداربووەکان بۆ 48 هەڵبژاردە زیادکراوە، ئەمەش وایکردووە ژمارەی یارییەکان لە 64 یارییەوە بۆ 104 یاری بەرزبێتەوە کە بە درێژایی شەش هەفتە بەردەوام دەبن.
یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە نێوان هەڵبژاردەی مەکسیک و باشووری ئەفریقا لەسەر یاریگای مێژوویی "ئەزتێکا" بەڕێوەدەچێت، کە دەبێتە یەکەم یاریگا لە مێژوودا میوانداری سێ وەشانی جیاوازی مۆندیال بکات.
یارییەکانی دیکەش لە 16 شاری جیاواز (11 شار لە ئەمریکا، 3 لە مەکسیک، و 2 لە کەنەدا) لەسەر 16 یاریگای جیاواز ئەنجام دەدرێن، لە نێویاندا یاریگای "میتلایف" لە نیوجێرسی کە کاندیدە بۆ یاریی کۆتایی.
ئەم خولە شاهیدی بەشداریکردنی پێوانەیی و بێوێنەی 8 هەڵبژاردەی عەرەبییە کە بریتین لە: عیراق، میسر، مەغریب، تونس، جەزائیر، سعودیە، قەتەر، و ئوردن. هەروەها پشکی کیشوەر بەم شێوەیەیە: 9 تیپ لە ئاسیا، 10 لە ئەفریقا، 16 لە ئەوروپا، 6 لە کۆنکاکاف، 6 لە ئەمریکای باشوور، و 1 لە ئۆقیانووسیا.
لەسەر ئاستی ئابوری، فیفا پێشبینی دەکات ئەم مۆندیالە بەهۆی زیادبوونی مافی پەخش و سپۆنسەرییەوە بەرزترین داهات لە مێژوی خۆیدا تۆمار بکات، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت 7 ملیۆن هاندەر بچنە ناو یاریگاکان و نزیکەی 6 ملیار کەسیش لە رێگەی شاشەکانەوە بینەری بن.
بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانیش، بەهای بازاڕی سەرجەم هەڵبژاردەکان دەگاتە 17.26 ملیار یۆرۆ، کە تێیدا ئینگلتەرا لەسەر ئاستی جیهان و مەغریب لەسەر ئاستی عەرەبی لە پێشەنگدان.
لەم چوارچێوەیەدا، جانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا رایگەیاند کە مۆندیالی 2026 دەبێتە "گەورەترین و گشتگیرترین خول لە مێژوودا" و قۆناغێکی نوێ لە گەشەکردنی تۆپی پێ لە جیهاندا دەستپێدەکات.