دۆناڵد ترەمپ: ئاگربەست دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی سەردەمی زێڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ساکۆ
٨ی نیسانی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دوای راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ بۆ ماوەی دووهەفتە، لە نوێترین پۆستیدا رایگەیاند: ئەگەر گەروی هورمز بکرێتەوە و ئاگربەست بەردەوامبێت، سەردەمی زێڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات
ترەمپ لە نوێترین پۆستیدا لەسەر پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: ئەمڕۆ رۆژێکی گەورەیە بۆ ئاشتیی جیهانی. ئێران دەیەوێت ئاشتی بەرقەراربێت، وڵاتانی دیکەش هەمان شتیان دەوێت، چونکە بەشی پێویستیان بەهۆی جەنگەکەوە مەینەتی چەشت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا یارمەتیدەر دەبێت لە رێکخستنی جەنجاڵیی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز و زۆر هەنگاو و کرداری ئەرێنیش دەبینرێت.
وتیشی، بە کردنەوەی گەروەکە پارەیەکی زۆر پەیدا دەکرێت و ئێرانیش دەتوانێت دەست بکات بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی.
ئەوەشی روونکردەوە، ئەمریکا کەشتییەکانی لە هەموو جۆرە پێداویستییەک پڕ دەکات و لە دەوروبەری گەروەکە دەمێنێتەوە، تاکو دڵنیابن لەوەی هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە دەچێت.
لە کۆتایی پۆستەکەیدا ترەمپ ئەوەشی نووسیوە، متمانەی بەوە هەیە کە پرۆسەکە بەباشی بەڕێوە بچێت و ئەمەش دەکرێت ببێتە سەردەمی زێڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



