جۆ کێنت: ترەمپ پێیوایە هەڕەشەی وێرانکاری لە ئێران دەکات، بەڵام لە راستیدا ئەمریکا لە مەترسیدایە
٧ی نیسانی ٢٠٢٦
لێپرسراوێکی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا هۆشداری توند دەداتە دۆناڵد ترەمپ و رایدەگەیەنێت، هەڕەشەکردن لە شارستانیەتی ئێران، ئەمریکا لە هێزێکی سەقامگیرکەرەوە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی "ئاژاوە" لە جیهاندا.
جۆ کێنت، لێپرسراوی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەو هەڕەشە وێرانکارییانەی ترەمپ ئاڕاستەی تارانی دەکات، زیانەکەی بەر خودی واشنتن دەکەوێت.
دەشڵێت: ترەمپ پێیوایە هەڕەشە لە ئێران دەکات، بەڵام لە راستیدا ئێستا ئەمریکا خۆی لە مەترسیدایە.
ئەو لێپرسراوە هۆشداریداوە کە هەر هەوڵێک بۆ لەناوبردنی شارستانیەتی ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک " ئاژاوەگێڕ" لە جیهاندا دەربکەوێت، ئەمەش بە کردەیی کۆتایی بە پێگەی ئەمریکا وەک گەورەترین زلهێزی جیهان دەهێنێت و سیستم و رێکخستنی جیهانی پارچەپارچە دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جۆ کێنت ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا کات ماوە بۆ رێگریکردن لە کارەساتێکی گەورە کە ئابووری ئەمریکا تێکبدات، داواشی لە ترەمپ کردووە کە لەبری پەنابردن بۆ "توڕەیی و وێرانکاری بێباکانە"، پەنا بۆ دانوستانی جدی ببات.



