سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێكی تونددا هۆشداری دایە دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند، ملیۆنان ئێرانی ئامادەی چەك هەڵگرتن و بەرگرین لە وڵاتەكەیان و سڵ لە كەس ناكەنەوە.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پەیامێكی لە تۆڕی ئێكس بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە كەمتر لە هەفتەیەكدا هەڵمەتێكی نیشتمانیی بەهێز سەرتاسەری وڵاتی گرتووەتەوە و نزیكەی حەوت ملیۆن ئێرانی هاتونەتە پێشەوە و ئامادەی هەڵگرتنی چەك و بەرگریكردنن لە ئێران.

دەشڵێت، ئێرانییەكان تەنها باس لە بەرگریكردن لە وڵاتەكەیان ناكەن، بەڵكو خوێنی بۆ دەڕێژن و پێشتریش ئەوەیان كردووە و ئێستاش ئامادەن دووبارەی بكەنەوە و تەواوی كۆمەڵگە رووبەڕیان دەبنەوە و ئەمریكا ئەوەی لەدەستی دێت بیكات.

ئەم پەیامەی قالیباف دوای ئەوە دێت كە ترەمپ رایگەیاند، ئەمریكا هەموو كارتەكانی بەدەستەوەیە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت و بە توندی لە ئێران دەدەن.