سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: حەماس هاوکارییەکانی چەند مانگی رابردووی تاڵانکردووە و ئەوەی برسی دەکرێت تەنها بارمتەکانی ئێمەن.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رەتکردنەوەی چەک دانان لەلایەن حەماسەوە، هیچ رێگەیەکی دیکەیان نابێت جگە لە تەواوکردنی ئەرکەکەیان و شکستپێهێنانی حەماس.
وتیشی، بوونی حەماس بووەتە هۆی وێنرانکارییەکی بەرفراوان لە غەززە، هەروەها شەڕ لەو ناوچەیە زۆر زیاتر لەوە درێژەی کێشا کە پێویست بوو.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، توانیویانە ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە کەمبکەنەوە و سوپای ترەمپ و ئیدارەکەی دەکات بۆ ئەو پشتگیرییانەی سەبارەت بە غەززە و ئێران وەریدەگرن.
ئەوەشی خستەڕوو، کاردەکەین بەزیندووی ئەو 20 بارمتەیە ئازاد بکەین کە لەلایەن حەماس دەستبەسەرن، هاوکات کۆنتڕۆڵکردنی غەززە باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
لێپرسراوانی حکومەتی ئێران رایانگەیاند، 48 کاتژمێرە پێدانی ئاو لە چەند ناوچەیەکی تارانی پایتەخت راگیراوە و هۆشداریشیان داوە لەوەی نەتوانرێت مانگی داهاتوو ئاو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبکرێت.
محمەد سادقی وتەبێژی دەستەی ئاوی تاران بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای راگەیاند، دەبێت ئەوە رونبێت بۆ دانیشتوانی تارانی پایتەخت بابەتەکە تەنها کەمی ئاو نیە بەڵکو مەترسی نەمانی ئاوە لە پایتەختدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی کەم ئاوی چارەسەرێکی ئەوتۆی نیە جگە لە کەمکردنەوەی پێدانی ئاو بە دانیشتوانی تاران و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی، هەروەها حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەکات، لە رێگەی گواستنەوەی ئاوی کۆگای تاڵقان لە باکوری رۆژئاوای تاران.
سادقی جەختیشیکردەوە، داهاتی ئاو هێندە کەم و سنوردارە پێدەچێت نەتوانرێت مانگی داهاتوو ئاو بە هاووڵاتیان بدرێت.
پێشتریش مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداریدا لە وشکبوونی ئەو بەنداوانەی کە ئاو بۆ تارانی پایتەخت دابین دەکەن، لە ئەگەری کەمنەکردنەوەی بەکارهێانی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
خێزانەکانی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە، حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بڕیاریداوە بەردەوامی بە جەنگ بدات و قووڵتری بکاتەوە، ئەمەش وەک بڕیارێک بۆ کوشتنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە ژیاندان و پشتگوێخستنی تەرمی ئەوانەی کوژراون.
لە راگەیەندراوێکدا، کە لەلایەن "کۆڕبەندی خێزانی بارمتەکان و ونبووان"ەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "حکومەتی ئیسرائیل بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو بارمتانەی داوە کە لە ژیاندان و بڕیاریشی داوە تەرمی بارمتە کوژراوەکانیش ون ببن".ئەمەش وەک کاردانەوە بۆ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل دێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، کە بە وتەی خێزانەکان "ڕاگەیاندنێکی فەرمییە بۆ پشتکردن لە بارمتەکان.
خێزانی بارمتەکان جەختیان لەوە کردەوە کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە لەبری گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر، "حوكمی لەسێدارەدانە بۆ ئەو بارمتانەی کە ماون
".ئایناڤ زانگاوکەر، دایکی یەکێک لە بارمتەکان، حکومەتی تۆمەتبار کرد بە گۆڕینی ئامانجەکانی جەنگ لە رزگارکردنی بارمتەکانەوە بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە.
هەروەها دایکی ژمارەیەک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان هەڕەشەی ئەوەیان لە ناتانیاهۆ کردووە کە ئەگەر پلانی داگیرکردنی غەززە جێبەجێ بکات و ببێتە هۆی کوژرانی منداڵەکانیان، ئەوا ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.
ئەم کاردانەوە تووندەی خێزانی بارمتەکان لە کاتێکدایە کە ناکۆکی لەناوخۆی حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا لەسەر پلانی داگیرکردنی غەززە لە ئارادایە. بەپێی هەندێک سەرچاوە، بەرپرسانی باڵای سەربازی هۆشدارییان داوە کە ئەم هەنگاوە ژیانی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە.
خێزانەکان داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئیدارەی ئەمریکا کردووە کە فشار لە حکومەتی ناتانیاهۆ بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان مسۆگەر بکات.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری سەراوانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە کاتژمێر 1:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە، کاتێک ژمارەیەک چەکدار تەقەیان لە بنکەی پۆلیسی شارەکە کردووە و دواتر رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێرشبەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروست بووە.
سەرچاوە خۆجێییەکان رایانگەیاندووە، لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا سێ لە هێرشبەرەکان کوژراون و دوو چەکداری دیکەش دەستگیرکراون. هاوکات، دەسەڵاتدارانی ئێران کوژرانی ئەفسەرێکی ئەمنییان لە هێرشەکەدا پشتڕاستکردەوە.
گومان دەکرێت هێرشبەرەکان سەر بە گرووپی "جەیش ئەلعەدل"ی ئۆپۆزسیۆن بن. ئەم گرووپە پێشتریش بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین هێرشی چەکداری لەو ناوچەیەدا ڕاگەیاندووە.
مانگی رابردوو، "جەیش ئەلعەدل" بەرپرسیارێتی هێرشێکی دیکەی گرتە ئەستۆ کە بووە هۆی کوژرانی لانی کەم هەشت کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران. هەروەها لە ساڵی 2019شدا، ئەو گرووپە بەرپرسیارێتی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە پاسێکی سوپای پاسداران گرتە ئەستۆ کە تیایدا 27 ئەندامی سوپا کوژران.
لێپرسراوێكی ئییسرائیلی دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بەدوور نازانێت، نێردەی ئەمریكاش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست لەوبارەیەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی قەتەر كۆبونەوە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری لێپرسراوێكی باڵای ئیسرائیلەوە ئاماژەی بەوەداوە، بەدووری نازانین جارێكی تر دانووستانەكانیان لەگەڵ حەماس دەستپێبكاتەوە بۆ گەیشتنە ئاگربەستی غەززە.
سەرچاوەكە راشیگەیاند، وڵاتانی نێوەندگیر هەوڵەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان چركردوەتەوە و ئاماژەی ئەرێنیش هەن بۆئەوەی جارێكی دیكە حەماس بگەرێتەوە سەر مێزی دانوستان
میدییاکانی ئەمریكاو ئیسرائیلیش بڵاویانكردەوە، ستیڤ ویتكۆف نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دووگەی ئیبیزای ئیسپانیا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی سەرۆك وەزیرانی قەتەر كۆبونەوە بۆ تاوتوێكردنی ئامادەكردنی پلانێكی نوێ بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و ئازادكردنی بارمتەكان.
دەم پارتی رایدەگەیەنێت، دیموكراسیبوونی توركیا پەیوەستە بە چارەسەركردنی پرسی كورد و پێویستە زمانی سیاسەتیشی بگوڕێت.
تەمەل تەیب جێگری هاوسەرۆكی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاند، چاوەڕوانییان لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەوەیە، پرۆسەی چارەسەریی وەك هەلێك بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ببینێت، لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆن دەخوازێت لە داهاتوودا دەسەڵات بگرێتەدەست و دەبێت پشتیوانی لە پرسی چارەسەری كێشەی كورد بكات.
وتیشی، دەبێت دەسەڵات دەستبەرداری ئەو بیركردنەوەیە ببێت كە پێیوابێت پرسی چارەسەریی تەنها لە ناوبردنی چەكە، چونكە دەبێت دەسەڵات دەستەواژەی توركیای بێ تیرۆر بەكار نەهێنێت و زمانی سیاسەتی بگۆڕێت.
وابڕیارە سێشەممەی داهاتوو سێیەمین كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی و دیموكراسی لە توركیا بەڕێوەبچێت، سەرۆكی كۆمیسیۆنەكەش دەڵێت، تا 10 ساڵ ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان ئاشكرا ناكرێن.
نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، سێشەممەی داهاتوو 12ی ئاب سێیەمین كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی و دیموكراسی بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی وەرگرتنی پێشنیازی ئەندامەكان بۆ كارەكانی كۆمسیۆنەكە.
نوعمان كورتوڵموش سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمیسیۆنەكەش رایگەیاند، كۆنووسی تەواوی كۆبوونەوەكان تۆمار دەكرێن و بڵاوناكرێنەوە، بۆ ماوەی 10 ساڵیش ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان ئاشكرا ناكرێن و بە نهێنی دەمێننەوە.
حوسیەكانی یەمەن بە درۆن سێ هێرشی بۆسەر چەند ناوچەیەكی ئیسرائیل ئەنجامدا.
یەحیا سەریع وتەبێژی حوسیەكان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گروپەكەیان سێ هێرشی بە درۆن لە ناوچەكانی یاڤا و عەسقەلان و بیئر سەبع لە ئیسرائیل ئەنجامداوە.
لە راگەیەنراوێكیشدا حوسیەكان هۆشداریداوە بە هەموو ئەو كۆمپانیایانەی مامەڵە لەگەڵ بەندەرەكانی ئیسرائیل دەكەن و جەختیكردووەتەوە، كەشتییەكانیان دەكرێنە ئامانج و پێویستە بە خێرایی هەر مامەڵەیەك لەگەڵ ئەو بەندەرانە بوەستێنن بۆ پاراستنی سەلامەتی كەشتی و تیمەكانیان.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، توانیویانە رێگری لە هێرشی درۆنی بكەن كە لە یەمەنەوە ئاراستەكراوە و زەنگی ئاگاداركردنەوەیان لێنەداوە.
فەرماندەیەكی باڵای پەكەكە دەڵێت، ئەگەر دەسەڵات لە توركیا تێڕوانینی بۆ كورد نەگۆڕێت ئاشتیی بەدی نایەت و پرۆسەی ئاشتی ئەنجامێكی باشی نابێت.
موراد قەرەیلان فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، بزوتنەوەی كورد لە باكوری كوردستان بە بەردەوامی دژی داگیركاریی وەستاوەتەوە و هەوڵی چارەسەرەیی و ئاشتیی داوەو ئەوەش زیاتر لە 30 ساڵ بەردەوامە، بەڵام دەسەڵاتی توركیا رێوشوێنی پێویستی بۆ ئاشتی و چارەسەریی نەگرتووەتەبەر.
بە وتەی قەرەیلان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە رێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1993ەوە تائێستا بە بەردەوامی هەوڵی چارەسەریی پرسی كوردی لە باكوری كوردستان داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی توركیا وەك پرسێكی ئەمنی و ئاسایش روبەڕوی كورد بووەتەوە، ئاڵۆزییەكان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
قەرەیلان وتیشی، هیواداران تێڕوانینی دەسەڵاتی توركیا بۆ پرسی كورد گۆڕانكاریی بەسەردا هاتبێت، چونكە بە پێچەوانەوە هیچ پرۆسەیەك بۆ ئاشتیی و چارەسەریی پرسی كورد لە توركیا سەرناگرێت و ئەنجامی نابێت.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە راگەیندراوێکدا رەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە ئیدانەی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی غەززەیان کردوە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی سورە لەسەر بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی جەنگی غەززە کە بریتین لە کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی حەماس و رەخساندنی زەمینەیەک بۆ رزگارکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلیەکان، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ سەرجەم پێکهاتەکان کە لە ئیسرائیلدا دەژین، لە رێگەی دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕێندراوی فراوان لە كەرتی غەززە.
کاتز، رەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە ئیدانەی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی غەززە دەکەن و هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا دەکەن و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو جۆرە رێوشوێنانە ناتوانن پلانەکەیان رابگرن.
مانگە دەستکردەکان کۆبنەوەیەکی گەورەی سوپای ئیسرائیل لە نزیک سنوری غەززە ئاشکرادەکەن و چوار لێپرسراوی ئەمریکیش پێیانوایە ئەو کۆبونەوەیەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ ئۆپراسیۆنێکی زەمینی.
کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی بە پشتبەستن بە چوار لێپرسراوی ئەمریکی کە پێداچوونەوەیان بە وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان کردوە، رایگەیاند، وێنەکە ئەوە نیشاندەدات کە سوپای ئیسرائیل لە نزیک سنوری غەززە ژمارەیەکی زۆر، هێز و کەرەستەی کۆکردۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو چوار لێپرسراوە پێیان وایە جوڵەی سەربازان و تانک و زرێپۆشەکانی سوپای ئیسرئیل ئاماژەیە بۆ ئۆپراسیۆنێکی زەمینی لە ماوەیەکی نزیکدا.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، کابینەی بچوکراوەی سەربازی (کابینێت) دوای 10 کاتژمێر کۆبونەوە بڕیاریدا کەرتی غەززە بەتەواوەتی داگیربکرێت هەروەها هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە دانیشتووانی مەدەنی لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ دەکات.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا هیچ مانایەکی بۆ ئەوان نیە بەهۆی نەبوونی حکومەتێکی چالاک لە غەززە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نیە بۆ داننان بەدەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا و ئەوکارە هیچ مانەیەکەی نیە بەلای ئەمریکاوە, چونکە هیچ حکومەتێکی چالاک لە کەرتی غەززە بوونی نیە، لەوبارەیەوە رۆژی یەکشەمە لەگەڵ دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو گفتوگۆدەکات.
راشیگەیاند، هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئامانجەکانی ئاشکرایە، بەردەوامیشدەبێت لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڤانس وتیشی، رەنگە بەریتانیا و ئەمریکا جیاوازبن لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی غەززە، بەڵام ئامانجی هاوبەشیان لە ناوچەکەدا هەیە.
زیاتر لە 140 وڵات لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان فەلەستین وەک دەوڵەتێک دەناسن، ئەو وڵاتانەش روسیا و چین و هیندستانیشیان تێدایە، لە کۆی 27 ئەندامی یەکێتی ئەوروپاش تەنها چەند وڵاتێکی کەمیان دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، کە پێشتر سەر یەکێتیی سۆڤیەتی جارانبوون.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە کۆبونەوەی کابینەی ئەمنی بچووککراوەی ئیسرائیل (کابینێت) پیشنیازیکردوە، رزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە دەرەوەی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە بێت.
ئیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەمیانەی بەشداریکردنی لە کابینەی بچوکراوەی ئەمنی (کابینێت) کە ماوەی 10 کاتژمێری خایاند رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە پێویستیان بە 200 هەزار سەربازی یەدەگ هەیە کە پێشتر خزمەتی زۆریان لە سوپادا کردوە.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل پێشنیازیکردوە، رزگارکردنی بارمەتە ئیسرائیلیەکان لە دەرەوەی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە بێت.
راشیگەیاندوە، بۆ شەڕی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی غەززە پێویستیان بە بنیادنانی ژێرخانی مرۆیی هەیە وەک، دروستکردنی نەخۆشخانە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی و زیادکردنی بڕی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە.
لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، ئیسرائیل زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکردوە، جگە لە چەند ناوچەیەکی کەم، بەپێی وتەی لێپرسراوە ناوخۆییەکانی فەلەستینیش، ئەو ناوچانەی کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی نەکردون تەنها 10٪ بۆ 15٪ ی خاکی کەرتی غەززەیە.
ئەمڕۆ لە شاری حەسەکە، کارەکانی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا" بە دەرکردنی راگەیەندراوێک کۆتایی کۆتایی هات.
بەشداربووان جەختیان لەسەر پێویستیی چەسپاندنی فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و رۆشنبیری لە پێکهاتە سیاسییەکاندا کردەوە و داوای پەیڕەوکردنی دەستوورێکی دیموکراتییان کرد کە لامەرکەزییەت لە حوکمڕانیدا و بەشداریی کارای هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات. هەروەها راگەیەندراوەکە داوای بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی گشتگیری سوری و دەستپێکردنی رێڕەوێکی دادپەروەریی گواستنەوەی کرد بۆ گەڕانەوەی ئارام و شکۆمەندانەی ئاوارەکان، هاوکات گۆڕانکاریی دیمۆگرافیشی رەتکردەوە.
راگەیەندراوەکە، کە لەلایەن حەسەن فەرحان، سەرۆکی هۆزی تەی عەرەبی خوێندرایەوە، ئاماژەی بەوەدا کە کۆنفرانسەکە لە قۆناغێکی نیشتمانیی هەستیاردا و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی هاوبەشەوە بەرامبەر ئێستا و داهاتووی وڵات بەستراوە، تیایدا نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە لە کورد، عەرەب، سریانی ئاشووری، تورکمان، ئەرمەن، چەرکەس و ئەوانی دیکە کۆبوونەتەوە بۆ دەربڕینی پابەندبوونی هاوبەشیان بە رێڕەوێکی نیشتمانیی دیموکراتیی گشتگیر کە لەسەر بنەمای فرەیی، هاوبەشی و هاووڵاتیبوونی یەکسان دامەزراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو رەفتار و کردەوانەی ئەمڕۆ لەم قۆناغە مێژووییە چارەنووسسازەدا دژی رۆڵەکانی گەلی سوریا ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتی ئەوەی بەرامبەر رۆڵەکانمان لە کەناراوەکان، سوەیدا و مەسیحییەکان کرا، دەچنە ئاستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی بێلایەن و کاری شەفافانە هەیە بۆ دیاریکردنی تاوانباران، هەرکەسێک بن."
کۆنفرانسەکە جەختی لەوە کردەوە کە فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و رۆشنبیری لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێزە و مۆدێلی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریشی بە ئەزموونێکی بەشداریپێکردنی گەشەسێن و نموونەیەکی زیندووی حوکمڕانیی کۆمەڵایەتیی دیموکراتی لەقەڵەمدا.
بەشداربووان ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ قوربانییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی و بە بنەمای پێویست بۆ بنیادنانی سوپایەکی نیشتمانیی نوێی سوریایان دانا کە پیشەیی و خۆبەخشانە بێت و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی سوریا بکات.
راگەیەندراوەکە چارەسەری بەردەوامی قەیرانی سوریای بە "دەستوورێکی دیموکراتییەوە گرێدا کە فرەیی نەتەوەیی، رۆشنبیری و ئایینی بچەسپێنێت و دەوڵەتێکی لامەرکەزی دابمەزرێنێت." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە راگەیاندنە دەستوورییەکەی ئێستا وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی سوریا نییە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.
لە کۆتاییدا، کۆنفرانسەکە داوای بەستنی "کۆنگرەیەکی نیشتمانیی سوری گشتگیر"ی کرد کە هەموو هێزە نیشتمانی و دیموکراتییەکان بەشداری تێدا بکەن. هەروەها پابەندبوونی خۆی بە "رێککەوتنی 10ی ئادار"ی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا و دەرەنجامەکانی "کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد" دووپاتکردەوە وەک هەنگاوی بنیادنەرانە بەرەو رێککەوتنێکی نیشتمانی. بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا دەقی تەواوی ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە کۆنفرانسەکەدا لەسەری رێککەوتوون، ئاشکرا بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، بزووتنەوەی حەماس لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بڕیارەکەی کابینەی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە "تاوانێکی جەنگی تەواوە" و "پشتڕاستی دەکاتەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی گوێ بە چارەنووسی بارمتەکانیان نادەن."
حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا چەند خاڵێکی خستەڕوو:
پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی شاری غەززە و دەرکردنی دانیشتوانەکەی، تاوانێکی جەنگیی نوێیە کە سوپای ئیسرائیل بەنیازە دژی شارەکە و نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتوو ئەنجامی بدات.
ئەو پلانەی ئەنجومەنی وەزاریی ئیسرائیل پەسەندی کردووە، تاوانێکی جەنگیی تەواوە و بەردەوامییە بە سیاسەتی قڕکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و ئەو کردەوانەش دەگرێتەوە کە دەچنە چوارچێوەی پاکتاوی رەگەزییەوە دژی گەلی فەڵەستین.
یاریکردنی ئیسرائیل بە وشەکان و گۆڕینی زاراوەی "داگیرکاری" بۆ "کۆنترۆڵکردن"، تەنها خۆدزینەوەیەکی ئاشکرایە لە بەرپرسیارێتی یاسایی بەرامبەر تاوانەکانی دژی خەڵکی مەدەنی، هەروەها دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بەوەی کە پلانەکەی پێشێلکارییەکی رێککەوتننامەکانی جنێڤە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی.
بڕیاری داگیرکردنی غەززە دووپاتیدەکاتەوە کە "تاوانبار ناتانیاهۆ و حکومەتە نازییەکەی" گوێ بە چارەنووسی بارمتەکانیان نادەن، چونکە دەزانن فراوانکردنی دەستدرێژییەکان بە واتای قوربانیکردنە بەوان، ئەمەش بیرکردنەوەی سووکایەتیکردن بە ژیانی بارمتەکان ئاشکرا دەکات لەپێناو وەدیهێنانی خەیاڵی سیاسیی شکستخواردوودا.
ئەم بڕیارە بە روونی هۆکاری کشانەوەی لەناکاوی ئیسرائیل لە دواین گەڕی دانوستانەکان روون دەکاتەوە، کە خەریک بوو بگاتە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان.
دووپاتیدەکەینەوە کە لە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ نێوەندگیرانی میسری و قەتەری، بزووتنەوەکە هەموو نەرمییەک و ئەرێنییەکی پێویستی نواندووە بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی ئاگربەست، و ئامادەیە بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئازادکردنی یەکجارەکیی هەموو دیلەکانی ئیسرائیل، لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی.
هۆشداری دەدەینە ئیسرائیل کە ئەم سەرکێشییە تاوانکارییە باجێکی قورسی دەبێت و گەشتێکی ئاسان نابێت، چونکە گەل و بەرخۆدانی ئێمە ناشکێن و خۆیان بەدەستەوە نادەن و پلان و خەونەکانی ناتانیاهۆ تووشی شکستێکی گەورە دەبن.
ئیدارەی ئەمریکا بە بەرپرسیاری تەواوی تاوانەکانی ئیسرائیل دەزانین، بەهۆی پێدانی پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی راستەوخۆ بۆ دەستدرێژییەکانی.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتیی داد و دادگای نێودەوڵەتیی تاوان دەکەین، کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانیان لە ئەستۆ بگرن و بەپەلە بجوڵێن بۆ راگرتنی ئەم پلانە و کاربکەن بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئیسرائیل لەسەر تاوانەکانیان دژی گەلی فەڵەستین.
ئەمڕۆ لە شاری حەسەکەی کانتۆنی جەزیرە، کارەکانی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا" دەستیپێکرد. کۆنفرانسەکە لە ناوەندی رۆشنبیریی شارەکە و لەژێر دروشمی "پێکەوە لەپێناو فرەییەک کە یەکێتیمان بەهێز دەکات، و هاوبەشییەک کە داهاتوومان بنیاد دەنێت" بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەسایەتی کە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک، دامەزراوە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکان و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن.
بەشداربووان نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)، پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی ژنان، مەترانی جەزیرە و فورات مارمۆریس عەمسێح، یەکێتیی سریانی، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و شێخ مورشد خەزنەوی لەخۆدەگرێت.
هەروەها هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئەڤین سوەید و حوسێن عوسمان، و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لەیلا قەرەمان ئامادەی کۆنفرانسەکەن.
بڕیارە لە میانی کۆنفرانسەکەدا چەندین وتار بە ناوی دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەش بکرێن، لەوانە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەسەدە، مەسەدە، ئەنجومەنی ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ وتاری پێکهاتە جیاوازەکان. هەروەها پەیامێکی موەحیدینی درووز و عەلەوییەکانیش بۆ پێکهاتەکانی هەرێمەکە دەخوێندرێتەوە. دواتر بەڵگەنامەی کۆنفرانسەکە و پاشان بەیاننامەی کۆتایی دەخوێندرێنەوە و دەرفەت بۆ پێشکەشکردنی تێبینی و پێشنیازەکان دەڕەخسێنرێت.
ئیلهام ئەحمەد: فرەیی سەرچاوەی هێزە
وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکە لەلایەن ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەشکرا. لە وتارەکەیدا ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆنفرانسە لە قۆناغێکی چارەنووسساز و هەستیاری مێژووی سوریادا دەبەسترێت، کە لە هەمووان دەخوازێت بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و ئەخلاقیی قووڵ لەئاست دۆخی نوێی وڵاتدا لە ئەستۆ بگرن.
ناوبراو روونیکردەوە کە کۆنفرانسەکە دەرخەری ویستی زیندووی ئەو گەلانەیە کە بڕیاریانداوە رووبەڕووی شەڕ ببنەوە بە پێکەوەبوون، رووبەڕووی پەراوێزخستن ببنەوە بە ڕێکخستن، و مۆدێلێکی دیموکراتی دابمەزرێنن کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی دوولایەنە، هاوبەشیی راستەقینە، و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بێت.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا کە پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا – لە کورد و عەرەب، سریانی ئاشووری، ئەرمەن و تورکمان، چیچان و چەرکەس، موسڵمان و مەسیحی، و ئێزدی – سەلماندیان کە فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکو سەرچاوەی هێزە. هەروەها پاراستنی راستەقینە لە دەرەوە نایەت، بەڵکو لە ویستی هاوبەشەوە دێت بۆ بنیادنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام. وتیشی، بەردەوامبوونی هزری تاکڕەوی لە حوکمڕانیدا تەنها دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان.
بە بڕوای ئەو، ئەم کۆنفرانسە پێویستییەکی سیاسی و جەماوەرییە و ئامانج لێی بەشداریکردنە لە داڕشتنی سیمای داهاتوویەکی نوێی سوریادا، کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە، دانپێدانانی دوولایەنە، نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە، هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە، فرەیی و لامەرکەزیەتی دیموکراتی دامەزراوە وەک گەرەنتییەک بۆ یەکپارچەیی و سەقامگیریی وڵات.
ئیلهام ئەحمەد لە کۆتایی وتارەکەیدا هیوای خواست کە ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی پێشکەوتوو بێت بەرەو سوریایەکی نوێ کە هی هەموو ڕۆڵەکانی بێت بەبێ جیاوازی و جارێکی دیکە مانا ئەخلاقییەکەی بۆ سیاسەت بگەڕێنێتەوە دوای سەردەمێکی درێژ لە ستەمکاری و ئینکاریکردن.