ئەمڕۆ هەینی، بزووتنەوەی حەماس لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بڕیارەکەی کابینەی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە "تاوانێکی جەنگی تەواوە" و "پشتڕاستی دەکاتەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی گوێ بە چارەنووسی بارمتەکانیان نادەن."

حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا چەند خاڵێکی خستەڕوو:

پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی شاری غەززە و دەرکردنی دانیشتوانەکەی، تاوانێکی جەنگیی نوێیە کە سوپای ئیسرائیل بەنیازە دژی شارەکە و نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتوو ئەنجامی بدات.

ئەو پلانەی ئەنجومەنی وەزاریی ئیسرائیل پەسەندی کردووە، تاوانێکی جەنگیی تەواوە و بەردەوامییە بە سیاسەتی قڕکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و ئەو کردەوانەش دەگرێتەوە کە دەچنە چوارچێوەی پاکتاوی رەگەزییەوە دژی گەلی فەڵەستین.

یاریکردنی ئیسرائیل بە وشەکان و گۆڕینی زاراوەی "داگیرکاری" بۆ "کۆنترۆڵکردن"، تەنها خۆدزینەوەیەکی ئاشکرایە لە بەرپرسیارێتی یاسایی بەرامبەر تاوانەکانی دژی خەڵکی مەدەنی، هەروەها دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بەوەی کە پلانەکەی پێشێلکارییەکی رێککەوتننامەکانی جنێڤە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی.

بڕیاری داگیرکردنی غەززە دووپاتیدەکاتەوە کە "تاوانبار ناتانیاهۆ و حکومەتە نازییەکەی" گوێ بە چارەنووسی بارمتەکانیان نادەن، چونکە دەزانن فراوانکردنی دەستدرێژییەکان بە واتای قوربانیکردنە بەوان، ئەمەش بیرکردنەوەی سووکایەتیکردن بە ژیانی بارمتەکان ئاشکرا دەکات لەپێناو وەدیهێنانی خەیاڵی سیاسیی شکستخواردوودا.

ئەم بڕیارە بە روونی هۆکاری کشانەوەی لەناکاوی ئیسرائیل لە دواین گەڕی دانوستانەکان روون دەکاتەوە، کە خەریک بوو بگاتە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان.

دووپاتیدەکەینەوە کە لە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ نێوەندگیرانی میسری و قەتەری، بزووتنەوەکە هەموو نەرمییەک و ئەرێنییەکی پێویستی نواندووە بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی ئاگربەست، و ئامادەیە بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئازادکردنی یەکجارەکیی هەموو دیلەکانی ئیسرائیل، لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی.

هۆشداری دەدەینە ئیسرائیل کە ئەم سەرکێشییە تاوانکارییە باجێکی قورسی دەبێت و گەشتێکی ئاسان نابێت، چونکە گەل و بەرخۆدانی ئێمە ناشکێن و خۆیان بەدەستەوە نادەن و پلان و خەونەکانی ناتانیاهۆ تووشی شکستێکی گەورە دەبن.

ئیدارەی ئەمریکا بە بەرپرسیاری تەواوی تاوانەکانی ئیسرائیل دەزانین، بەهۆی پێدانی پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی راستەوخۆ بۆ دەستدرێژییەکانی.

داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتیی داد و دادگای نێودەوڵەتیی تاوان دەکەین، کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانیان لە ئەستۆ بگرن و بەپەلە بجوڵێن بۆ راگرتنی ئەم پلانە و کاربکەن بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئیسرائیل لەسەر تاوانەکانیان دژی گەلی فەڵەستین.