سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل: پێویستمان بە 200 هەزار سەربازی یەدەگە بۆ داگیرکردنی غەززە
رەوەز فازیل
٨ی ئابی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە کۆبونەوەی کابینەی ئەمنی بچووککراوەی ئیسرائیل (کابینێت) پیشنیازیکردوە، رزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە دەرەوەی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە بێت.
ئیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەمیانەی بەشداریکردنی لە کابینەی بچوکراوەی ئەمنی (کابینێت) کە ماوەی 10 کاتژمێری خایاند رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە پێویستیان بە 200 هەزار سەربازی یەدەگ هەیە کە پێشتر خزمەتی زۆریان لە سوپادا کردوە.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل پێشنیازیکردوە، رزگارکردنی بارمەتە ئیسرائیلیەکان لە دەرەوەی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە بێت.
راشیگەیاندوە، بۆ شەڕی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی غەززە پێویستیان بە بنیادنانی ژێرخانی مرۆیی هەیە وەک، دروستکردنی نەخۆشخانە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی و زیادکردنی بڕی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە.
لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، ئیسرائیل زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکردوە، جگە لە چەند ناوچەیەکی کەم، بەپێی وتەی لێپرسراوە ناوخۆییەکانی فەلەستینیش، ئەو ناوچانەی کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی نەکردون تەنها 10٪ بۆ 15٪ ی خاکی کەرتی غەززەیە.