بۆ یەكەمینجار میدیاكانی ئێران برینداربوونی سەرۆك كۆماری ئیرانیان لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئەو وڵاتە دوپاتكردەوە.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران وردەكارییەكانی سەبارەت بە برینداربوونی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە هێرشێكی ئیسرائیل لە 16ی مانگی رابردوو بۆسەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بڵاوكردەوە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هێرشەكەدا كە بە شەش موشەك كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییان كردبووە ئامانج، قاچێكی سەرۆك كۆماری ئێران بە سوكی بریندار بووە.
هەر بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسەكە، لە كاتی هێرشەكەی ئیسرائیلدا سێ سەرۆكایەتییەكە و چەندین لێپرسراوی باڵا ئامادە بوون، بۆیە ئیسرائیل بە نیاز بووە هەمان سیناریۆی كوشتنی حەسەن نەسروڵا سەرۆكی حزبوڵای لوبنان لە تاران دوبارە بكاتەوە.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، بەرپرسانی ئێران لە كاتی هێرشەكەدا بە بەكارهێنانی رێگای فریاگوزاری كە پێشتر ئامادەكرا بوو لە شوێنی كۆبوونەوەكەوە خۆیان رزگار كردووە، بەڵام بەشێكیان هەر برینداربوون.
ئاژانسەكە راشیگەیاندووە، ئەو كۆبوونەوە زۆر هەستیار بووە، دزەپێكردنی زانیارییەكان و گەیشتنی بە دەستی ئیسرائیل گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە بۆیە لە ئێستادا لێكۆڵینەوەی ورد سەبارەت بەو رووداوە لە تاران دەستیپێكردووە.
پێشتر، پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵی كوشتنی داوە، بەڵام وردەكارییەكەی ئاشكرا نەكرد.
سەرۆك كۆماری توركیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێی لەناوبردنی چەكی پەكەكە و پرۆسەی ئاشتییان كرد.
سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاویكردەوە، لە پەیوەندی تەلەفۆنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، گفتۆگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەكان.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئەردۆغان تیشكی خستەسەر پرۆسەی ئاشتی و توركیای دوور لە تیرۆر و ئاماژەی بەوەكرد، پێداگرە لەسەر پاراستنی ئەو پرۆسەیە و بە هەمیشەییكردنی، جەختیلەوەشكردەوە، لێپرسینەوە لەو كەس و لایەنانە دەكەن هەوڵی تێكدانی پرۆسەكە دەدەن.
لە بەشێكیتری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئەردۆغان رایگەیاند، توركیا و عیراق بەردەوامن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان لەسەرجەم بوارە جیاوازەكاندا، بەتایبەتی لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
دەمپارتی پێشوازی لە پەیامەكەی ئەردۆغان لەسەر لەناوبردنی چەكی پەكەكە دەكات و دەڵێت، پەیامەكەی ئەردۆغان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی گرنگە.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلان" دەمپارتی" و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان " ئاكەپە" و بزووتنەوەیی نەتەوەپەرستی توركیا " مەهەپە" بڕیاریانداوە پێكەوە پرۆسەی ئاشتی بەرەوپێشببەن.
ئەوەشی خستەڕو، رەخنەكانی ئەردۆغان لە هەڵەكانی پێشووی و قەدەغەكردنی زمانی كورد و كوشتن و سووتاندنی گوندەكان، هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر بوو بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی.
ئەو پەرلەمانتارەی دەمپارتی جەختی لەوەشكردەوە، پێویستە بە زووترین كات لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ بەیاساییكردنی پرۆسەی ئاشتی پێكبهێنرێت و بەربەست لەبەردەم پرۆسەكە دروست نەكرێت.
سێ کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئێران لە هێرشێکی چەکدارییدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوژران. دواتر گرووپی جەیشولعەدل بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان، دوێنێ هەینی لە شاری چابەهار کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردە سەر یەکەیەکی پۆلیس و رووبەرووبوونەوەیەکی توند لە نێوانیاندا روویدا.
*کوژراوەکان بریتی بوون لە: حوسێن جەعفەرنیا، عەباس بێیرەقی فەرد و حەمیدڕەزا میرشاهی، سێ ئەندامی هێزەکانی پۆلیس کە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.
گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە گروپێکی چەکداری بەلوچەکانە و بارەگاکانی لە پاکستانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایانگەیاند، "ئێمە هێرشەکەمان ئەنجامدا"
گرووپە چەکدارییەکە دەڵێت؛ هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی چوار ئەندامیان لە بۆسەیەکی سوپای پاسداران لە دەوروبەری شاری چابەهار.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەربارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و لەناوبردنی چەک لەلایەن پەکەکەوە لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا قسەی کرد و رایگەیاند: تورکیا هەنگاو دەنێت بەرەو سیاسەتی 100 ساڵەی خۆی.
لە وتارەکەیدا ئەردۆغان ئاماژەی بە مێژووی دروستبوونی پەکەکە کرد و وتی؛ 47 ساڵ لەمەوپێش رێکخراوێک دروستبوو، لە سەرەتای دروستبوونیەوە کە دەستیان پێکرد ژمارەیەک سەرباز و رۆڵەکەمان لە جەنگ لەگەڵ ئەواندا گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی؛ لە سەرەتای دروستبوونی ئەو رێکخراوەوە هەموو حکومەتەکان ویستیان کۆتاییان پێبهێنن بەڵام نەیان توانی.
وتیشی؛ برا کوردەکانمان هەرچۆنێک بێت هاوکاربووین لەگەڵیاندا و نەبن بە قوربانی ئەم دۆخە و لەگەڵیاندا بژین، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، شەڕی پەکەکە 2 ترلیۆن دۆلار زیانی لە تورکیا داوە و بەهۆی هەندێک هەڵەوە حکومەتەکان نەیانتوانی پەکەکە لەناوبەرن. ئەردۆغان روونی کردەوە؛ دوێنێ چل و حەوت ساڵەی فرمێسک ڕشتن کۆتایی هات و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و دەچینە ناو قۆناغێکی نوێوە لە تورکیا.
وتیشی؛ لەم پرۆسەیەدا، تورک، کورد، عەرەب، براوەبوون و لەکەسی قبوڵناکەین ئارامی تورکیا تێکبدات.
تۆم باراك، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا، رۆژی شەممە ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە هەسەدە لە پڕۆسەی تێکەڵبوون بە حکوومەتی سوریادا دەرفەتێکی ڕێزلێگیراوی پێ دەدرێت.
باراك لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشییەتید پرێس رایگەیاند کە متمانەی تەواویان بە دیمەشق هەیە، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێگە بە هەسەدە نادرێت “حکوومەت لەناو حکوومەت” دروست بکات.
نێردەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و کوردانی رۆژئاوادا نییە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی سوریا لەگەڵ هەسەدە لەسەر پلانی تێکەڵکردنی هێزەکانیان ناکۆکن.
باراک وتی: “دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە کە هەسەدە لە تێکەڵبوون بە حکوومەتی سوریا، دەرفەتێکی ڕێزلێگیراوی پێ دەدرێت، هەروەها ئێمە متمانەی تەواومان بە دیمەشق هەیە”.
سەبارەت بە هاوسۆزی لەگەڵ هەسەدە، نێردەی ئەمەریکا ڕونی کردەوە کە هەرچەندە هەسەدە پێی وایە ئەمەریکا پێویستە هاوسۆز بێت، بەڵام گەر داوکارییەکانیان لۆژیکی نەبن، واشنتن ناچار نییە هاوسۆزیان بێت و خۆی بە قەرزاریان نازانێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەت.
دەربارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا، باراک ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکە “ئازایەتی نیشان داوە بەوەی هەلێکی دیکەی پێ داون”.
هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمەریکا لە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا پەلە ناکات.
سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: هیوادارین ئەم هەنگاوە گرنگەی ئەمڕۆ بەرەوە ئامانجەکانمان ببات و سودی بۆ پرۆسەی ئاشتی هەبێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە کاردانەوەی لەناوبردنی چەك لەلایەن ژمارەیەك گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" رایگەیاند، هیوادارن لەناوبردنی چەك لەلایەن پەكەكەوە سوودی بۆ پرۆسەی ئاشتی هەبێت،
راشیگەیاند، لە هەوڵدان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لەناوچەكەدا.
زیاتر لە 30 پارت و لایەنی رۆژئاوای كوردستان جەخت لە خۆبەڕێوبەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكەنەوە و دژی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە لە ناو سوپای سوریا راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە.
دەسەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە كە هەوڵی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە بە سوپای وڵاتەكە دەدات و كورد بە بەشێكی دانەبڕاوی سوریا ناودەهێنێت، ئەوەش ناڕەزایەتی هەسەدە و 35 پارت و لایەنی رۆژئاوای كوردستانی لێكەوتوەتەوە.
ئە پارتانەی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە كردوە كە وتەكانی تۆماس باراك نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا سەبارەت بە تێكەڵكردنەوەی هەسەدە لە سوپای سوریا و راگەیەنراوی دەسەڵاتی دیمەشق بۆ رەتكردنەوەی سیستمی خۆسەریی باكوری و رۆژهەڵاتی سوریا رەتدەكەنەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە لە دوای ساڵی 2011 و دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی سوریا رۆژئاوای كوردستان بە بەردەوامی هەوڵی پاراستنی سەرجەم پێكهاتەكانی پێكەوە داوە و دوای دروستبونی هەسەدەش ئەو هێزە بە هاوبەشی و بە هاوكاریی ئەمریكا رۆڵی لە بەرەنگاربونەوەی داعش هەبوە، بۆیە پێویستە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و هێزەكانی سوریا لە چوارچێوەی سیستمی خۆسەریدا یەكپارچەیی خاكی سوریا بپارێزن.
ئەو پارتانە جەختیان لەوە كردوەتەوە كە پێویستە ئەمریكا بە دژایەتیی هەسەدە لە رۆڵی ئەرێنیی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كەم نەكاتەوە و پشتوانیی خۆسەریی بكات بەرانبەر دەسەڵاتی دیمەشق.
وەفدێکی دەمپارتی بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی لەناوبردنی چەکی پەکەکە، لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێکرا.
وەفدەکە پێکهاتووە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری دەمپارتی و ژمارەیەک کەسایەتی باکوری کوردستان کە لە ناویاندا، هەریەک لە "مورات شەن، نوێنەری دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان و ئەحمەد تورک و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندام پەرلەمان و کەسایەتیەکانی تێدان.
کوردسات نیوز زانیویەتی؛ ئەمشەو 2025/7/10 ژمارەیەکی دیکە لە کەسایەتیەکانی باکوری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی لەناوبردنی چەکی پەکەکە، دەگەنە هەرێمی کوردستان.
وابڕیارە سبەی 11ـی 10، لە مەراسیمێک دا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا چەکەکانیان لەناوبەرن.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمریکا گەشبینە بە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و پرسی ئاگربەستی بە چەکدانانی حەماسەوە بەستەوە لە غـەززە.
رۆبیۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرسی ئاگربەست بە چەکدانانی حەماس چارەسەر دەبێت و سەبارەت بە کشانەوەی ئیسرائیلیش لە غەززە، وتی؛ "ئیسرائیل بە کشانەوەی تەواوەتی لە غەززە رازی نابێت."
ناوبراو لە کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمەڵەی گەلانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) لە مالیزیا وتی: پێموایە ئێمە نزیکترین، رەنگە نزیکتر لەوەی کە لە ماوەی پێشوودا بووین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێوارەی چوارشەممە لەگەڵ ویتکۆف قسەی کردووە سەبارەت بە شەڕی غەززە.
ئەمە لە دوای لێدوانی بەرپرسە ئیسرائیلیەکان دێت، کە لە چەند رۆژی رابردودا دوپاتیانکردەوە کە "نزیکن بگەن بە ئاگر بەست".
لێپرسراوێكی پارتی دەسەڵاتداری توركیا رایگەیاند، هەندێك لایەن و دەزگای هەواڵگریی ئامانجیانە پڕۆسەی چارەسەریی لە توركیا تێكبدەن و ئەردۆغانیش وتارێكی مێژویی بۆ پڕۆسەكە پێشكەش دەكات.
عومەرچەلیك جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپیدان ئاكەپە رایگەیاند، رۆژی شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتەكە وتارێكی مێژویی دەدات سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی لە توركیا.
وتیشی، هەندێك لایەنی ناوخۆی و وڵاتانی ناوچەكە بە كاری هەواڵگریی و بڵاوكردنەوەی بانگەشەی ناڕاست دەیانەوێت پرۆسەی چارەسەریی لە توركیا تێكبدەن، بەڵام ئاكەپە و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست "مەهەپە "سورن لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆسەی چارەسەریی.
جێگری سەرۆكی ئاكەپە وتوشیەتی، رۆژی شەممە و یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە كەمپین و هەڵمەت بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی پرۆسەی چارەسەریی دەكرێت .
دەسەڵاتدارانی توركیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاند، هەندێك ناوەڕۆكی چاتبۆتی گرۆكیان قەدەغە كردووە كە خاوەندارێتیەكەی بۆ كۆمپانیای ئێكسی ئیلۆن مەسك دەگەڕێتەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات كە وەڵامەكانی گرۆك بە سوكایەتیكردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا و مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆمارەكە دادەنرێت.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، دەسەڵاتدارانی توركیا گرۆكیان قەدەغەكردووە، بەهۆی ئەوەی كە ئەو ئەپە یاساكانی پێشێلكردووە و سوكایەتی بە دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێما و بەها ئاینییەكان كردووە كە ئەم سوكایەتیانە لە توركیا بە تاوان هەژماردەكرێن.
بەپێی هەواڵی میدیاكان، كاتێك هەندێك پرسیاری بە زمانی توركی لێدەکرێت ئەپی چات كە لە پلاتفۆرمی ئێكس یەكخراوە، هێرشبەرانە وەڵام دەداتەوە و بە زمانێکی توند دەربارەی ئەردۆگان و دامەزرێنەری كۆماری توركیا مستەفا كەمال ئەتاتورك دەدوێت.
داواكاری گشتی توركیا پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو بابەتە كردۆتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە یەكەم جارە ناوەڕۆکی زیرەکی دەستکرد لە تورکیا قەدەغە بکرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، دەسەڵاتی تەكنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەكانی توركیا (BİK) دوای بڕیاری دادگا ڕێگری لە چونە ناو ئەپەكە كردووە.
تا ئێستا نە ئێكس و نە خاوەنەكەی ئیلۆن مەسك هیچ لێدوانێكیان لەسەر قەدەغەكردنەكە نەداوە.
كەناڵی ئێن تی ڤی توركیا لە زاری عەبدولقادر ئۆرالۆغڵو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی توركیاوە رایگەیاندووە، توركیا تا ئێستا قەدەغەكردنی تەواوەتی بەسەر گرۆكدا نەسەپاندووە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات ئەو كارە دەكات.
وەزیر وتیشی؛ دەسەڵاتدارانی توركیا لەگەڵ ئێكس ئەو بابەتە تاوتوێدەكەن.
یامان ئاكدەنیر پسپۆڕی یاسای دیجیتاڵی لە زانكۆی ئیستانبوڵ، لە پۆستێكدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس رایگەیاندووە، دەسەڵاتداران نزیكەی 50 پۆستیان دەستنیشانكردووە كە لەلایەن گرۆكەوە دروستكراون وەك بنەمایەك بۆ لێكۆڵینەوە و فەرمانی دەستڕاگەیشتن بە هەندێك ناوەڕۆكیان بلۆككردووە بۆ پاراستنی نەزمی گشتی.
پێشتر كۆمپانیای ئێكس كە خاوەندارێتی كۆمپانیای گرۆك دەكات، بەڵێنی دابوو كە نوێكاری بۆ ئەپەكە بكات بۆ باشتركردنی كاراییەكەی.
ئەم ئەپە، مۆدێلێکی زمانەوانی گەورەیە ناسراوە بە "گرۆک"، کە رکابەری بەناوبانگترین پلاتفۆرمی زیرەکی دەستکردی OpenAI دەکات کە ChatGPT-4 ـە و خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیلیۆن مەسک.
بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی 10 بارمتە، ئاماژەی بەوەشکرد کە دانوستانە بەردەوامەکان "سەختە" بەهۆی شەڕانگێزی ئیسرائیلەوە.
حەماس ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/7/9 بڵاویکردەوە، ناکۆکیەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگر بەست چەند خاڵێکن وەک؛ رۆیشتنی هاوکارییەکان و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە،
هاوکات ئاماژەی داوە بەوەی؛ دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی ئاگربەست هەمیشەییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، کە لە یەکی هەشتەوە باجی 30% بەسەر عیراق و جەزائیر و لیبیا دا دەسەپێنین و بە نامەیەک محەمەد شیاع سودانیش لەوە ئاگادار دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ترەمپ لە واشنتۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەم بڕیارە بەشێکە لە سیاسەتی نوێی ئابوری ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرهەم و بەرهەمهێنان لە ناوخۆو لە رۆژی هەینیـ شەوە بە نامە ئەو وڵاتانە لە رێژەی باجەکانی سەریان ئاگادار دەکەینەوە.
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: “بەنامەیەک ئەو وڵاتانە لە وردەکاری باجەکە ئاگاداردەکەینەوە و پێدەچێت لە سبەینێوە دەستبکەین بە ناردنی نامە بۆیان.”
لەو ئاگادارییەدا کە ترەمپ ئاڕاستەی کردوون هاتووە؛ لە کاتێکدا باج لەسەر عیراق هەڵدەگرن کە بۆ بەرهەم هێنان کۆمپانیاکانیان بگوازنەوە بۆ ئەمریکا.
بە چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، وەفدی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا و دەسەڵاتی كاتی سوریا كۆبونەوە و سەبارەت بە رێككەوتنی نێوانیان پرسە ئابوریی و سەربازییەكانیان تاوتوێ كرد.
ئاژانسی هاوارنیوز بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئادار كراوە كە لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دیمەشق بە سەرپەرشتی مەزڵوم کۆبانی و ئەحمەد شەرع ئیمزا كرا.
بە پێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیش، چوار دۆسیەی سەرەكیی لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی لەسەر كراوە و گرنگترین ئەو دۆسیانەش بریتی بوون لە پرسی ئابوریی ، سەربازیی ، داهاتوی سوریا و پەیوەندییەكانی هەسەدە و حكومەتی دیمەشق.
كۆبونەوەكە لە كۆشكی تشرین لە دیمەشق بەڕێوچو، وەفدەكەی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش لەلایەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدەوە سەرۆكایەتی دەكراو و هەر یەكە لە تۆماس باراك، نێردەی ئەمریكا و ژان باپتیست فیڤەر نوێنەری حكومەتی فەڕەنسا لە سووریا بەشداری كۆبونەوەكە بون.
دوای كۆتایی كۆبونەوەكە بەیاننامەیەكی هاوبەش بڵاوكرایەوە و بڕیارە جارێكی تر كۆبونەوە لە نێوان وەفدی رۆژئاوا و دەسەڵاتی دیمەشق بەڕێوبچێت بە ئامانجی تەواوكردنی گفتوگۆكان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی كە لەسەری رێككەوتوون.