ویتكۆف سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانێکی نوێیە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە
لاوان
٩ی ئابی ٢٠٢٥
لێپرسراوێكی ئییسرائیلی دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بەدوور نازانێت، نێردەی ئەمریكاش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست لەوبارەیەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی قەتەر كۆبونەوە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری لێپرسراوێكی باڵای ئیسرائیلەوە ئاماژەی بەوەداوە، بەدووری نازانین جارێكی تر دانووستانەكانیان لەگەڵ حەماس دەستپێبكاتەوە بۆ گەیشتنە ئاگربەستی غەززە.
سەرچاوەكە راشیگەیاند، وڵاتانی نێوەندگیر هەوڵەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان چركردوەتەوە و ئاماژەی ئەرێنیش هەن بۆئەوەی جارێكی دیكە حەماس بگەرێتەوە سەر مێزی دانوستان
میدییاکانی ئەمریكاو ئیسرائیلیش بڵاویانكردەوە، ستیڤ ویتكۆف نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دووگەی ئیبیزای ئیسپانیا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی سەرۆك وەزیرانی قەتەر كۆبونەوە بۆ تاوتوێكردنی ئامادەكردنی پلانێكی نوێ بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و ئازادكردنی بارمتەكان.