کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا" بەڕێوەدەچێت
راهۆز
٨ی ئابی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ لە شاری حەسەکەی کانتۆنی جەزیرە، کارەکانی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا" دەستیپێکرد. کۆنفرانسەکە لە ناوەندی رۆشنبیریی شارەکە و لەژێر دروشمی "پێکەوە لەپێناو فرەییەک کە یەکێتیمان بەهێز دەکات، و هاوبەشییەک کە داهاتوومان بنیاد دەنێت" بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەسایەتی کە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک، دامەزراوە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکان و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن.
بەشداربووان نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)، پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی ژنان، مەترانی جەزیرە و فورات مارمۆریس عەمسێح، یەکێتیی سریانی، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و شێخ مورشد خەزنەوی لەخۆدەگرێت.
هەروەها هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئەڤین سوەید و حوسێن عوسمان، و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لەیلا قەرەمان ئامادەی کۆنفرانسەکەن.
بڕیارە لە میانی کۆنفرانسەکەدا چەندین وتار بە ناوی دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەش بکرێن، لەوانە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەسەدە، مەسەدە، ئەنجومەنی ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ وتاری پێکهاتە جیاوازەکان. هەروەها پەیامێکی موەحیدینی درووز و عەلەوییەکانیش بۆ پێکهاتەکانی هەرێمەکە دەخوێندرێتەوە. دواتر بەڵگەنامەی کۆنفرانسەکە و پاشان بەیاننامەی کۆتایی دەخوێندرێنەوە و دەرفەت بۆ پێشکەشکردنی تێبینی و پێشنیازەکان دەڕەخسێنرێت.
ئیلهام ئەحمەد: فرەیی سەرچاوەی هێزە
وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکە لەلایەن ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەشکرا. لە وتارەکەیدا ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆنفرانسە لە قۆناغێکی چارەنووسساز و هەستیاری مێژووی سوریادا دەبەسترێت، کە لە هەمووان دەخوازێت بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و ئەخلاقیی قووڵ لەئاست دۆخی نوێی وڵاتدا لە ئەستۆ بگرن.
ناوبراو روونیکردەوە کە کۆنفرانسەکە دەرخەری ویستی زیندووی ئەو گەلانەیە کە بڕیاریانداوە رووبەڕووی شەڕ ببنەوە بە پێکەوەبوون، رووبەڕووی پەراوێزخستن ببنەوە بە ڕێکخستن، و مۆدێلێکی دیموکراتی دابمەزرێنن کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی دوولایەنە، هاوبەشیی راستەقینە، و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بێت.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا کە پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا – لە کورد و عەرەب، سریانی ئاشووری، ئەرمەن و تورکمان، چیچان و چەرکەس، موسڵمان و مەسیحی، و ئێزدی – سەلماندیان کە فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکو سەرچاوەی هێزە. هەروەها پاراستنی راستەقینە لە دەرەوە نایەت، بەڵکو لە ویستی هاوبەشەوە دێت بۆ بنیادنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام. وتیشی، بەردەوامبوونی هزری تاکڕەوی لە حوکمڕانیدا تەنها دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان.
بە بڕوای ئەو، ئەم کۆنفرانسە پێویستییەکی سیاسی و جەماوەرییە و ئامانج لێی بەشداریکردنە لە داڕشتنی سیمای داهاتوویەکی نوێی سوریادا، کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە، دانپێدانانی دوولایەنە، نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە، هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە، فرەیی و لامەرکەزیەتی دیموکراتی دامەزراوە وەک گەرەنتییەک بۆ یەکپارچەیی و سەقامگیریی وڵات.
ئیلهام ئەحمەد لە کۆتایی وتارەکەیدا هیوای خواست کە ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی پێشکەوتوو بێت بەرەو سوریایەکی نوێ کە هی هەموو ڕۆڵەکانی بێت بەبێ جیاوازی و جارێکی دیکە مانا ئەخلاقییەکەی بۆ سیاسەت بگەڕێنێتەوە دوای سەردەمێکی درێژ لە ستەمکاری و ئینکاریکردن.