فەرماندەیەكی باڵای پەكەكە دەڵێت، ئەگەر دەسەڵات لە توركیا تێڕوانینی بۆ كورد نەگۆڕێت ئاشتیی بەدی نایەت و پرۆسەی ئاشتی ئەنجامێكی باشی نابێت.

موراد قەرەیلان فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، بزوتنەوەی كورد لە باكوری كوردستان بە بەردەوامی دژی داگیركاریی وەستاوەتەوە و هەوڵی چارەسەرەیی و ئاشتیی داوەو ئەوەش زیاتر لە 30 ساڵ بەردەوامە، بەڵام دەسەڵاتی توركیا رێوشوێنی پێویستی بۆ ئاشتی و چارەسەریی نەگرتووەتەبەر.

بە وتەی قەرەیلان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە رێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1993ەوە تائێستا بە بەردەوامی هەوڵی چارەسەریی پرسی كوردی لە باكوری كوردستان داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی توركیا وەك پرسێكی ئەمنی و ئاسایش روبەڕوی كورد بووەتەوە، ئاڵۆزییەكان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

قەرەیلان وتیشی،  هیواداران تێڕوانینی دەسەڵاتی توركیا بۆ پرسی كورد گۆڕانكاریی بەسەردا هاتبێت، چونكە بە پێچەوانەوە هیچ پرۆسەیەك بۆ ئاشتیی و چارەسەریی پرسی كورد لە توركیا سەرناگرێت و ئەنجامی نابێت.