ئامێرێکی نوێ کە بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کاردەکات، لە چین سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دەستنیشانکردنی حاڵەتە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس کە پزیشکەکان نەیانتوانیوە لەرێگەی پشکنینەکانەوە هەستی پێ بکەن، ئەمەش هیواکان بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان زیاد دەکات.

شێرپەنجەی پەنکریاس یەکێکە لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە، رێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای توشبوون تەنها نزیکەی 10%ـە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نیشانەکانی درەنگ دەردەکەون و ئاشکراکردنی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەستەمە.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئامێرەکە ناوی "پاندا" (PANDA)یە و لەلایەن توێژەرانی کۆمپانیای عەلی بابای چینییەوە پەرەی پێدراوە. بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی 2024 لە زانکۆی نینگبۆ لە خۆرهەڵاتی چین تاقیکراوەتەوە.

لەو کاتەوە، ئامێرەکە شیکاری بۆ زیاتر لە 180 هەزار وێنەی تیشکی (CT Scan)ی سک و سنگ کردووە، یارمەتی پزیشکەکانی داوە بۆ دۆزینەوەی نزیکەی 20 حاڵەتی شێرپەنجەی پەنکریاس، کە 14 حاڵەتیان لە قۆناغی زۆر سەرەتاییدا بوون.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەو نەخۆشانە بەهۆی نیشانەی وەک ئاوسانی سک و دڵتێکەڵهاتن سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، سەرەتا لە پشکنینەکاندا پزیشکەکان هەستیان بە هیچ مەترسییەک نەکردبوو، تا ئەو کاتەی "پانپا" سەرنجی راکێشان بۆ بوونی وەرەمەکە.

دکتۆر ژۆ، سەرۆکی بەشی پەنکریاس لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان دەڵێت: "دەتوانین بە رێژەی 100% بڵێین زیرەکیی دەستکرد ژیانی ئەوانی رزگار کرد".

بەهۆی ئەم سەرکەوتنەوە، ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) سیفەتی "ئامێری داهێنەرانە"ی بەخشیوەتە "پاندا" بۆ ئەوەی رێکارەکانی پەسەندکردنی خێرا بکرێت و لە نەخۆشخانەکان بەکاربهێنرێت.