دیاردەی "کرمی گوێ"؛ بۆچی هەندێک گۆرانی لە مێشکماندا دەمێننەوە؟
راهۆز
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
هەندێک جار پارچە گۆرانییەک یان ئاوازێک لە مێشکماندا دەخولێتەوە و هەست دەکەین بەردەوام دوبارە دەبێتەوە، زانایان ئەم دیاردەیە بە "کرمی گوێ" ناو دەبەن و توێژینەوەکانیش دەریدەخەن زۆربەی خەڵک بە شێوەیەکی رێکخراو توشی ئەم دۆخە دەبن.
بەپێی توێژینەوەیەکی فینلەند، زیاتر لە 90%ـی خەڵک لانیکەم هەفتەی جارێک توشی دیاردەی مانەوەی گۆرانی لە مێشکیاندا دەبن، نزیکەی 60%یش رۆژانە ئەمە ئەزمون دەکەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆر گوێ لە میوزیک دەگرن.
چی لە مێشکدا روودەدات؟
بەپێی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت"، توێژینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە فرمانەکانی مێشک لەکاتی گوێگرتن لە میوزیک و خەیاڵکردنی میوزیکدا (وەک دیاردەی کرمی گوێ) لێکچونێکی زۆریان هەیە. ئەم دیاردەیە دەنگێکی راستەقینە نییە کە بە دەنگی بەرز بیبیستین، بەڵکو لەناو مێشکدایە.
دەرکەوتووە بەشێک لە مێشک کە پێی دەوترێت توێکڵی بیستنی پەیوەندیدار، رۆڵێکی گەورەتر دەبینێت لە خەیاڵکردنی میوزیکدا بەراورد بە توێکڵی بیستنی سەرەتایی کە ئەرکە بنەڕەتییەکان ئەنجام دەدات. تەنانەت ئەو کەسانەی کێشەی نەبیستنی ئاوازیان هەیە و ناتوانن باش میوزیک شیبکەنەوە، هێشتا توشی "کرمی گوێ" دەبن بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر.
کاریگەری لەسەر یادگە:
ئەم دیاردەیە کاتێک روودەدات، دەچێتە نێو بەشێک لە بونیادی مەعریفی مرۆڤ کە پێی دەوترێت "یادگەی کارکردن". توێژەرانی ئوسترالیا گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر گۆرانییەک لە مێشکی کەسێکدا مابێتەوە، وردبینی لە ئەنجامدانی کارەکانیدا کەمتر دەبێتەوە، چونکە ئاوازەکە شوێن بە زانیارییەکانی دیکە لێژ دەکات لە یادگەدا.
هەروەها دەرکەوتووە تا مرۆڤ زیاتر ئاشنا بێت بە گۆرانییەکە، ئەگەری تێکەڵبوونی بە یادگەی کارکردن زیاتر دەبێت.
سود و زیانەکان:
هەرچەندە هەندێک جار مانەوەی ئاوازێک بێزارکەرە، بەڵام توێژینەوەکان دەڵێن زۆربەی کات ئەزمونێکی چێژبەخشە. توێژەرانی ئەڵمانیا پێیان وایە ئەمە جۆرێکە لە نیشانەکانی "کشانەوە" لە گوێگرتن لە میوزیک، واتە کاتێک حەز دەکەین گوێ لە میوزیک بگرین و ناتوانین، مێشکمان بەم شێوەیە قەرەبوی دەکاتەوە.
توێژەرانی بەریتانیاش دەڵێن سروشتی ئەو گۆرانییەی لە مێشکدا دەمێنێتەوە، پەیوەندی بە هۆکاری گوێگرتنەکەوە هەیە، بۆ نمونە ئەگەر بۆ حەماس گوێ لە گۆرانی بگریت، ئەوەی لە مێشکیشتدا دەمێنێتەوە گۆرانییەکی حەماسی دەبێت. بەڵام بۆ ئەوانەی نەخۆشی وەسواسیان هەیە، رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی بیرکردنەوەی نەخوازراو.
چۆن رزگارمان دەبێت؟
توێژەرانی بەریتانیا رێگەیەکی سەیر بەڵام کاریگەر بۆ رزگاربوون لەم دۆخە پێشنیاز دەکەن، ئەویش جوینی "بنێشت"ـە.
ئەمە لە رووی زانستییەوە لۆژیکییە، چونکە جوینی بنێشت ماسولکەکانی قوڕگ سەرقاڵ دەکات و دەبێتە هۆی پچڕاندنی ئەو بازنەیەی ئاوازەکەی تێدا دەخولێتەوە. جگە لەوەش، گوێگرتن لە گۆرانییەکی جیاواز دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ دەرکردنی ئاوازە کۆنەکە لە مێشکدا.



