بەڕازیل؛ لە روداوێکی هاتووچۆدا 11 گەشتیار گیانیان لەدەستدا
راهۆز
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە باشوری بەڕازیل بەهۆی پێکدادانی پاسێک و بارهەڵگرێکەوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 11ـی دیکەش برینداربوون.
میدیاکانی بەڕازیل بڵاویانکردەوە، روداوەکە لەسەر رێگەی خێرای فیدراڵی لە شارۆچکەی پیلۆتاس لە ویلایەتی ریۆ گراندێ دۆ سۆڵ رویداوە.
تۆڕی "گلۆبۆ"ی بەڕازیلی ئاشکرایکردووە، پاسەکە ژمارەیەک گەشتیاری هەڵگرتبوو کە بەرەو شارۆچکەی کاماکوا دەچوون و بەیانی ئەمڕۆ لە شاری پیلۆتاسەوە بەڕێکەوتبوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێری پاسەکە یەکێکە لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە و بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لای خۆیەوە پۆلیسی بەڕازیل رایگەیاندووە، بەشێک لە باری بارهەڵگرەکە کە لم بووە، رژاوەتە ناو پاسەکەوە، ئەوەش پرۆسەی رزگارکردنی قورسکردووە. بەهۆی روداوەکەوە رێگەکە بە هەردوو ئاڕاستە داخراوە و پێشبینی ناکرێت بەم نزیکانە بکرێتەوە.



