دوای ئەوەی مۆسکۆ رایگەیاند ئۆکراین بە زیاتر لە 90 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردۆتە سەر شوێنی مانەوەی ڤلادیمێر پوتن، پەخشکردنی پارچە میوزیکێک لە وێستگەیەکی نهێنی روسیاوە ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە.

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، وێستگەی (UVB-76)ی روسیا کە بە "رادیۆی رۆژی دوایی" ناسراوە و مێژووەکەی بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، لە دوای هێرشەکەی سەر پوتن پارچە میوزیکی "دەریاچەی قو"ی پیۆتر چایکۆڤسکی پەخشکردووە.

ئەم وێستگەیە کە بەردەوام دەنگی "زەنگ" یان "تین" دەدات، تەنها لە کاتی قەیرانە گەورەکان و بۆ مەبەستی سەربازی و هەواڵگری پەیامی نهێنی (شیرفە) پەخش دەکات.

ئەگەرەکان چین؟

چاودێران پێیان وایە پەخشکردنی ئەم میوزیکە ئاماژەیە بۆ دوو ئەگەری ترسناک:

  1. تیرۆرکردنی زێلێنسکی: ئەگەر هەیە روسیا وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشکردنە سەر پوتن، بڕیاری تیرۆرکردنی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینی دابێت.

  2. کاراکردنی چەکی ئەتۆمی: ئەگەرەکەى تر پەیوەندی بە کاراکردنی سیستمی "دەستی مردوو" (Dead Hand) هەیە، کە سیستمێکە رێگە بە لێدانی موشەکی ئەتۆمی دەدات بەشێوەی ئۆتۆماتیکی ئەگەر سەرکردایەتی روسیا لەناو بچێت یان مەترسی گەورەی لەسەر بێت.

هەڵوێستی ئەوروپا:

لەلایەکی دیکەوە، مۆسکۆ رایگەیاندووە دەست دەکات بە فراوانکردنی "ناوچەی دابڕاو" لە بەرەکانی جەنگ، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ئەم تۆمەت و هەنگاوانەی روسیا بە "بەلارێدابردنێکی بە ئەنقەست" ناو دەبەن بۆ تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی.