ئەمریکا "جەنگی بێدەنگ" لە وڵاتێک ئاشکرا دەکات
راهۆز
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە پشت هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە کە هەفتەی رابردوو لە ڤەنزوێلا ئەنجامدراوە.
بەپێی سەرچاوەکان، هێرشەکە ناوچەیەکی لەنگەرگرتنی کردۆتە ئامانج کە گومان دەکرێت لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەری ڤەنزوێلاوە بەکاربهێنرێت.
ئەم هێرشە بە یەکەم ئۆپراسیۆنی راستەوخۆی ناسراو دادەنرێت لەسەر خاکی ڤەنزوێلا لەوەتەی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولەوە دەستی بە ئەنجامدانی هێرش کردووە، ئەمەش وەک پەرەسەندنێکی گەورە لە هەڵمەتی فشارەکانی ئیدارەی ترەمپ دژی حکومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لێکدەدرێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا بەرپرسانی ڤەنزوێلا هیچ لێدوانێکی رەسمییان لەبارەی هێرشەکەوە نەداوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا لە نیویۆرک ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنەکە کرد و رایگەیاند، ئەمریکا دامەزراوەیەکی "گەورە"ی وێران کردووە کە وەک خاڵی دەستپێک بۆ کەشتییەکان بەکارهێنراوە.
هاوکات رۆژی دووشەممە، لە کاتی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هاوینەهەواری مارالگۆ، ترەمپ زانیاری زیاتری بۆ رۆژنامەنوسان ئاشکرا کرد و وتی: "ئۆپراسیۆنەکە ناوچەیەکی لەنگەرگرتنی کردۆتە ئامانج کە تێیدا مادەی هۆشبەریان بار دەکردە سەر بەلەمەکان"، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە ئایا هێرشەکە لەلایەن سوپاوە ئەنجامدراوە یان ئاژانسی هەواڵگری (CIA).



