بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی قورتۆبا ئیمزا کرد.
ئەمڕۆ پێجشەممە 12/2/2026، بە هەوڵی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئسپانیا و بە هەماهەنگی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆی قورتۆبا ئیمزا کرا.
دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا رایگەیاند: زانکۆی قورتۆبا یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگ و کاریگەرەکانی هەرێمی ئەندەلوس و ئیسپانیا و ئەوروپا، ئەم هەنگاوەش پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی هەردولا دەباتە قۆناغێکی نوێوە.
نوێنەری حکومەت تیشکی خستە سەر گرنگیی رێککەوتنەکە و وتی: "ئەم جۆرە یاداشتانە دەرفەتێکی گرنگ لە بواری زانکۆیی بۆ خوێندکارانی کوردستان دەڕەخسێنن، هەروەها ئیسپانیا لە بواری توێژینەوەی زانستیدا وڵاتێکی پێشکەوتوە و ساڵانە داهێنانەکانیان تێکەڵ بە کەرتی گشتی و تایبەت دەکەن، هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت سود لەو ئەزمونە وەربگرێت.
ئەمە دووەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە کە لە ماوەی سێ مانگی رابردودا نوێنەرایەتی حکومەت لەگەڵ زانکۆکانی ئیسپانیا ئیمزای دەکات.
ئەم هەوڵانە کاریگەریی راستی دەبێت لەسەر پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی ئیسپانیا، کە دەبێتە ژێرخانێکی بەهێز بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی لە داهاتودا.
زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکراین زنجیرەیەک پەیامی گرنگی لەبارەی ئاییندەی جەنگ، ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا و پرسی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر وەرگرتنی گەرەنتیی جێگیر کردەوە.
زێلێنسکی رایگەیاند کە پێویستە ئۆکراین تا ساڵی 2027 لە رووی تەکنیکییەوە بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپا ئامادە بێت. وتیشی: "من رێکەوتێکی دیاریکراوم دەوێت؛ ئەگەر لەو رێککەوتنەی کە لە نێوان ئەمریکا، روسیا -بە تایبەت پوتن-، من و ئەوروپادا ئیمزا دەکرێت رێکەوتێکی دیاریکراو نەبێت، ئەوا روسیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پەکخستنی پڕۆسەکە، تەنانەت لەرێگەی هەندێک نوێنەری ئەوروپییەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوان بونیاتێکی سەرەکییە بۆ گەرەنتیی ئەمنی.
سەبارەت بە پێشنیازی ئاگربەستی کەرتی وزە کە لە لایەن ئەمریکاوە لە ئەبوزەبی خرابووە روو، سەرۆک کۆماری ئۆکراین ئاشکرای کرد کە هیچ وەڵامێکی ئەرێنییان لە لایەن روسیاوە پێ نەگەیشتووە، بەڵکو وەڵامەکە لەرێگەی هێرشی درۆن و موشەکەوە بووە. ئەمەش وەک ئاماژەیەک نیشان دەدات کە مۆسکۆ لە ئێستادا ئامادەی ئەو ئاگربەستە نییە.
دەربارەی شوێنی کۆبوونەوەی باڵای داهاتوو، زێلێنسکی رونیکردەوە: "لایەنی ئەمریکی پێشنیازی کردووە هەفتەی داهاتوو لە میامی کۆببینەوە و ئێمە دەستبەجێ رەزامەندیمان نیشانداوە، بەڵام روسیا تاوەکو ئێستا دوودڵە." جەختیشی کردەوە کە بۆ ئەوان گرنگ نییە کۆبوونەوەکە لە ئەمریکا بێت یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو گرنگ گەیشتنە بە ئەنجامێکی کردارەکی.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، زێلێنسکی رۆژی 24ی شوباتی (کە چوارەم ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگە) وەک رۆژێکی پیرۆز و جدی ناوبرد و وتی: "بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت ئەم رۆژە بۆ راگەیاندنی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت." راشیگەیاند کە ئۆکراین ئامادەی هەڵبژاردنە، بەڵام بە مەرجێک؛ "سەرەتا ئاسایش، پاشان سیاسەت. هەر کاتێک ئاگربەست جێگیر کرا، ئەوا هەڵبژاردنیش ئەنجام دەدرێت."
ئەم لێدوانانەی زێلێنسکی لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکراین بەردەوامییان هەیە و پرسی گەرەنتییە ئەمنییەکان بوەتە گرێکوێرەی سەرەکیی دانوستانەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەوی چوارشەممە ئەنجامی کۆبوونەوە سێ سەعاتییەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی بە "زۆر باش" وەسف کرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران کردەوە.
ترەمپ لە هەژماری رەسمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ نەتەنیاهوو و وەفدی یاوەری هەبوو، پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامن." ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لەسەر یەک خاڵ رێککەوتوون، ئەویش پێداگریی ترەمپە لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران تاوەکو بگەنە رێککەوتنێکی نوێ.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە رێککەوتن بژاردەی یەکەمی ئەوانە، بەڵام ئەگەر ئێران نەیەتە ژێر بار، ئەوا چاوەڕێ دەکەن تاوەکو بزانن دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت. ترەمپ هۆشداریی دایە تاران و وتی: "جارەکەی پێشوو ئێران بڕیاری دا رێککەوتن نەکات، هەر بۆیە هێرشی (چەکوشی نیوەشەو)ـی بەرکەوت کە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبوو؛ هیوادارین ئەمجارە ئێران بە عەقڵانییەت و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکات."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ نەتەنیاهوو باسیان لەو "پێشکەوتنە گەورەیە" کردووە کە لە کەرتی غەزە و تەواوی ناوچەکەدا بەدیهاتووە. وتیشی: "ئێستا ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵی کێشاوە."
لە لایەکی دیکەوە، نوسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند، لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کراوەتەوە لە ناوەڕۆکی دانوستانەکاندا. هەروەها، ناتانیاهۆ پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و وەک ئەندامێکی "ئەنجومەنی ئاشتی" ئیمزای لەسەر بەشداربوونی خۆی کرد.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئیسرائیل، ناتانیاهۆ بە ترەمپی راگەیاندووە کە هەر رێککەوتنێکی باش لەگەڵ تاران، دەبێت بێ کات بێت و رێگریی تەواوەتی لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکات. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئیسرائیل هێشتا گومانیان هەیە و پێیان وایە تاران تەنیا دەیەوێت کات بکوژێت.
جگە لە ترەمپ و ناتانیاهۆ، لەم کۆبوونەوە چارەنووسسازەدا مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردراوانی تایبەتی ترەمپ ئامادە بوون.
بەهۆی تەقەكردن لە كەنەدا 10 كەس كوژران و زیاتر لە 20 كەسیش برینداربون سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەش دەڵێت روداوەكە مەرگەساتێكی گەورە بوە.
پۆلیسی كەنەدا ڕایگەیاند، رۆژی چوارشەممە لە یەكێك لە خوێندگەكانی تامبلەر ریج لە ناوچەی بریتش كۆلۆمبیا لە رۆژئاوای كەنەدا كەسێك تەقەی كردوە و بەهۆیەوە شەش خوێندكار كوژران و 25 كەسیشی برینداربوە. و بەهۆیەوە دە كەس گیانیان لەدەست داوە كە تەقەكەرەكەشیان هەیە و لانیكەم ٢٥ كەسیش بریندار بون كە برینی دووانیان سەختە.
پۆلیس ئاماژەی بەوە كردوە كە تۆمەتباری تەقەكەردنەكە ژنێك بوە كە بە كوژراوی لە خوێندگەكەدا دۆزراوەتەوە و هاوكات تەرمی دوو كوژراوی تریش لە شوێنێكی نیشتەجێبونی ئەو ناوچەیەی تەقەی لێكراوە دۆزراونەتەوە.
مارك كارنی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا، رایگەیاند ئەو روداوە زۆر ترسناك بوە و پرسە و سەرخۆشیی ئاراستەی ئەو كەسانە دەكات كە لە روداوی تەقەكردنەكەدا كوژراون ئەو روداوەكەی بە مەرگەسات و توندوتیژیی لەقەڵەم داوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، گەیشتە واشنتۆن بۆ کۆبونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بە گوێرەی زانیارییەکان سەرەتا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ کۆبوەتەوە و تاوتوێ دوایین پێشهاتەکانی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیان کردوە.
پێگەی ئاکسیۆس بڵاویکردوەتەوە، ویتکۆف و کۆشنەر پوختەیەکی وردیان لەبارەی خولی یەکەمی گفتوگۆکانیان لەگەڵ تاران پێشکەش بە ناتانیاهۆ و تیمی ئەمنییەکەی کردووە، ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا چەند سەعاتێک پێش دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ ئەنجامدراوە، کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبچێت .
یەحیێل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن، کە بەشداری کۆبونەوەکەی کردوە، بە ئاکسیۆسی راگەیاندوە، کە کارەکان هەر لە یەکەم سەعاتی گەیشتنی ناتانیاهۆوە دەستیان پێکردووە.
ئەم سەردانەی ناتانیاهۆ، حەوتەمین سەردانیەتی بۆ واشنتۆن، لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و بون بە سەرۆک بۆ جاری دووەم
ماوەی سێ هەفتەیە بەفربارینی چڕ ژاپۆنی گرتووەتەوە و لێپرسراوانی ئەو وڵاتەش ئاسکرایانکرد، تا ئێستا 46 کەس بەهۆی بەفربارینەوە گیانیان لەدەستدا.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی ژاپۆن بڵاویکردەوە، بەفربارین لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا بووتە خۆی گیان لەدەستدانی 46 کەس و برینداربوونی 588 کەس تر.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەفرە زۆرەی کە لە کۆتایی مانگی یەکەوە بە چڕی دەبارێت، ناوچەکانی باکوری ژاپۆنی داپۆشیوە و بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆ، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دەکەونە سەر کەناراوەکانی دەریای ژاپۆن.
بەپێی زانیارییەکانی لێپرسراوانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، زۆربەی روداوە کوشندەکان بەهۆی کەوتنی بەفری کەڵەکەبووی سەر خانووەکان بەسەر دانیشتوواندا بووە، یان کەوتنی کەسەکان لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پاککردنەوەی بەفری سەربانەکان.
کەشناسیی ژاپۆن ئاماژەی بەوەکردووە، لە پارێزگای "ئۆمۆری" (Aomori) ، بەرزیی بەفری کەڵەکەبوو گەیشتووەتە 1.3 مەتر.
باکنگھام بێدەنگی شکاند؛ شا چارڵز هاوکاری پۆلیس دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە شازادە ئەندرۆی برای و پەیوەندییەکانی بە ئێپستینەوە.
شا چارڵزی سێیەم، پاشای بەریتانیا، بە رەسمی پشتیوانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەبارەی پەیوەندییەکانی "ئەندرۆ"ـی برای و "جێفری ئێپستین"ی سەرمایەداری ئەمریکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکن بۆ دەرخستنی راستییەکان.
کۆشکی باکنگھام لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشا چارڵز نیگەرانییەکی قووڵی بەرانبەر ئەو تۆمەتە نوێیانە هەیە کە ئاڕاستەی "ئەندرۆ مۆنتباتن-ویندزۆر" کراون، لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەرچەندە پێویستە خودی ئەندرۆ وەڵامی تۆمەتەکان بداتەوە، بەڵام خێزانی شاهانە وەک ئەرکێکی یاسایی، ئامادەی هەماهەنگی تەواوە لەگەڵ پۆلیس بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەک کە پێویست بێت.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، پۆلیسی "تەیمز ڤالی" لێکۆڵینەوەی لە کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاریی نوێ دەستپێکردووە، کە باس لەوە دەکەن لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2011، شازادە ئەندرۆ کاتێک وەک نوێنەری بازرگانی بەریتانیا کاری کردووە، کۆمەڵێک زانیاری و راپۆرتی نهێنیی دەربارەی وەبەرهێنان لە ئەفغانستان و گەشتە دیپلۆماسییەکانی بۆ وڵاتانی ئاسیا، رادەستی جێفری ئێپستین کردووە.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی "سکای نیوز" ئاشکرای کردووە، ئەو بەڵگانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوی کردوونەتەوە، گومانی ئەوەیان دروست کردووە کە شازادە ئەندرۆ پۆستە رەسمییەکەی بۆ بەرژەوەندیی ئەو سەرمایەدارە ئەمریکییە بەکارهێنابێت، کە پێشتر بە تاوانی ئەخلاقی سزادرابوو.
ئەمریکا خوازیاری رێککەوتنێکی نوێیە لەگەڵ ئێران و جەختیشدەکاتەوە، رێککەوتن لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن خوازیاری بەستنی رێککەوتنێکی نوێ و کاریگەرە لەگەڵ تاران و جەختیشیکردەوە، گەیشتن بە رێککەوتن لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.
ڤانس ئاماژەی بەوەکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئارەزووی ئیمزاکردنی گرێبەستێکی "مەزن و سودبەخش" لەگەڵ ئێران دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری کراوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، لە پڕۆسەی دانوستانە نوێیەکاندا لەگەڵ ئێران، هیچ هێڵێکی سور بوونی نییە و ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی دەیەوێت بە جۆرێک بگەنە رێککەوتن کە ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.
ئەم لێدوانەی ڤانس لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بەو مەرجەی مافە ئەتۆمییەکانی ئێران پارێزراو بن.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، هێرشی توندی کردە سەر هاوپەیمانیی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا و رایگەیاند، رۆژئاوا چیتر ناتوانێت جیهان وەک یەک جەمسەر بهێڵێتەوە.
لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "برێکس" ئاماژەی بەوە کرد، ناتۆ پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبووە کە بە روسیای دابوو سەبارەت بە بڵاونەبوونەوەی بەرەو رۆژهەڵات. وتیشی، یەکێتیی ئەوروپا بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی رۆژئاوا و ئێستا "لە قۆناغی لەناوچووندایە".
وەزیری دەرەوەی روسیا جەختی کردەوە، رۆژئاوا هەوڵ دەدات جیهان لەسەر بنەمای رۆڵی دۆلار و ئەو دامەزراوانەی خۆی بونیاتی ناون بهێڵێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە مەحاڵە و ناتوانرێت رێگری لە گەشەی هێزە نوێیەکانی وەک چین، هیندستان و بەرازیل بکرێت.
لاڤرۆڤ وتیشی، ڤلادیمێر پوتن چەندین جار باسی لە شکاندنی جیهانی تاک جەمسەری کردووە و لە ئێستاشدا روسیا پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی چین و هیندستان و ناوچەکانی دیکە بەهێزتر کردووە.
ئەم لێدوانانەی لاڤرۆڤ لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی رابردوودا بەرپرسانی روسیا بەردەوام رەخنەی توندیان لە هەڵوێستەکانی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا گرتووە، بەتایبەت لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین و سەپاندنی سەدان سزا بەسەر مۆسکۆدا، کە روسیا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی تەماشای دەکات.
ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای (SpaceX)، گۆڕانکاریی گەورەی لە ئامانجە ئاسمانییەکانیدا کرد و رایگەیاند کە ئێستا لەپێشینەی کارەکانی کۆمپانیاکەی، بونیاتنانی شارێکی گەشەسەندوە لەسەر رووی مانگ، نەک مەریخ.
مەسک لە رێگەی پلاتفۆرمی (X)ـەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی پاراستنی ئایندەی شارستانییەتە و مانگ رێگەیەکی خێراترە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. روونیشی کردەوە کە بونیاتنانی شارێک لەسەر مانگ دەکرێت لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی هەمان پلان بۆ مەریخ پێویستی بە زیاتر لە 20 ساڵ هەیە.
سەبارەت بە جیاوازیی نێوان هەردوو گەشتەکە، مەسک وتی: "گەشتکردن بۆ مەریخ تەنیا 26 مانگ جارێک و لە کاتی گونجابوونی شوێنی هەسارەکان دەکرێت و 6 مانگی پێ دەچێت، بەڵام بۆ مانگ دەتوانین 10 رۆژ جارێک گەشت بکەین و تەنیا 2 رۆژیش دەخایەنێت."
ئەم بڕیارە نوێیەی مەسک لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردوو پڕۆژەی (Artemis)ـی ئاژانسی ناسای بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مانگ بە "سەرلێشێوان" وەسف کردبوو و رایگەیاندبوو کە دەبێت راستەوخۆ بەرەو مەریخ بڕۆن. بەڵام ئێستا پێ دەچێت مەسک هاوشێوەی پلانی حکومەتی ئەمریکا، کە لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپـەوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە، مانگ وەک بونیاتێکی سەرەکی بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی ببینێت.
سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە، مەسک جەختی کردەوە کە هێشتا کۆمپانیاکەی پابەندە بە دروستکردنی شارێک لەسەر مەریخ، بەڵام دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە بۆ 5 تا 7 ساڵی دیکە دواخراوە. هاوکات بڕیار وایە لە کۆتایی ساڵی 2026ـدا یەکەم کەشتیی ئاسمانیی بێ سەرنشین لەسەر رووی مەریخ بنیشێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانەی مەسک دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو کۆمپانیای (SpaceX) کۆمپانیای (xAI)ی کڕی، ئەمەش بوە هۆی تێکەڵکردنی دوو لە گەورەترین کۆمپانیاکانی مەسک و گۆڕینیان بۆ بەهێزترین کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە جیهاندا.
ئەندامێكی پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت، یەكێتی ئەوروپا خەونی هەیە لەرێگەی فشارخستنە سەر هاووڵاتیانی روسیا حكومەتی ئەو وڵاتە بڕوخێنێت، بەڵام ئەو خەونە بەدینایەت.
فێرناند كارتایزەر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە پشكی لۆكسمبۆرگ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی روسیا رایگەیاند، یەكێتیی ئەوروپا خەون بە گۆڕینی دەسەڵاتی روسیاوە دەبینێت، بەڵام رەوشی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەریدەخات ئەو خەونە بە هیچ شێوەیەك بەدینایەت.
وتیشی، یەكێتیی ئەوروپا لە رێگەی توندكردنەوەی مەرجەكانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی روسیا، هەوڵدەدات ناڕەزایی خەڵكی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە حكومەتی مۆسكۆ بوروژێنێت، پاساوی ئەو سیاسەتەی یەكێتی ئەوروپاش شەڕی روسیایە لەگەڵ ئۆكراین.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئەوروپا راشیگەیاند، پێنەدانی ڤیزا بە خەڵكی روسیا، وەك زۆرێك لە رێكارەكانی تری یەكێتیی ئەوروپا، بێسوودە و بەپێچەوانەشەوە، تاكە كاریگەرییەك كە هەیبێت ئەوەیە گەشتیارانی روسیا ئێستا شوێنی تر بۆ گەشتەكانیان هەڵدەبژێرن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هیندستان، بە رەسمی ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی بازرگانیی کاتییان راگەیاند، کە وەک هەنگاوێکی جێبەجێکاریی خێرا دێت بۆ ئەو لێکتێگەیشتنە فراوانەی لە 13ی شوباتی 2025 لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ناریندرا مۆدی دەستی پێکردبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، ئەم رێککەوتنە تەنها لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی کاڵادا نییە، بەڵکو پابەندییەکی ستراتیژییە بۆ چەسپاندنی بازرگانییەکی هاوسەنگ و بەهێزکردنی زنجیرەی دابینکردنی کاڵا لەسەر ئاستی جیهان، بە جۆرێک کە مەودای زیاتر بە بازاڕەکان ببەخشێت و پشتبەستن بە لایەنی سێیەم کەم بکاتەوە.
ئەم هەنگاوە کە بە "وەرچەرخانێکی مێژویی" لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و نیودەلهی دادەنرێت، کارئاسانی بۆ گەیشتنی بەرهەمەکان بە بازاڕی هەردوولا دەکات و زەمینە خۆش دەکات بۆ رێککەوتنێکی گشتگیرتر لە داهاتوویەکی نزیکدا، کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات لە گەشەی بەردەوامدا بپارێزێت.
لای خۆشیەوە، سەرۆک وەزیرانی هیندستان لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاندوە، ئەم چوارچێوەیە رەنگدانەوەی قوڵی متمانەی هەردوو وڵاتەکەیە و دەبێتە هۆی دەرفەتی نوێ بۆ جووتیاران، خاوەنکاران، کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان، داهێنەرانی دەستپێکردن، ماسیگرەکان و هیندییە ماندوونەناسەکانی تری وڵاتەکەیان.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەم رێککەوتنە بازرگانییە کاتییە، وەک وەڵامێکی کردەیی و کۆتاییهێنان بەو گرژییە ئابوورییە توندانەدادەنرێت، کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی باجی گومرگی و ململانێی سەر کەرتی تەکنەلۆژیاوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست ببوو.
سەرۆکی ئۆکراین، وردەکاری نوێی دەربارەی فشارەکانی واشنتۆن بۆ راگرتنی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و روسیا ئاشکراکرد و دەڵێت؛ ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت تا پێش دەستپێکردنی وەرزی هاوین ئەم دۆسیەیە دابخات.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئەمریکا تا مانگی حوزەیرانی داهاتووی وەک مۆڵەت دیاریکردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بە پێچەوانەوە فشاری توند دەخاتە سەر کیێڤ و مۆسکۆ بۆ سازشکردن.
وتیشی، واشنتۆن بۆ یەکەمجار پێشنیازی کردووە میوانداری گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئۆکراین و روسیا بکات، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە شاری "میامی" بەڕێوەبچێت.
زیلینسکی ئەوەی خستەڕوو، هیچ رێککەوتنێک لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ بەبێ ئۆکراین قبوڵ ناکەن و دەبێت هەر بڕیارێک بدرێت لەگەڵ دەستوری وڵاتەکەیدا بگونجێت.
سەبارەت بە خاکە داگیرکراوەکانی وڵاتەکەی سەرۆکی ئۆکراین ئاشکرایکرد، لە ئێستادا روسیا ٪20ـی خاکی ئۆکراین لەژێر دەستدایە و داوای کشانەوەی هێزەکانی کیێڤ دەکات لە "دۆنباس"، کە ئەمەش وەک مەرجێکی قبوڵنەکراو دەبینن.
ئەم جموجۆڵە دپلۆماسییە نوێیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە خولی پێشوی گفتوگۆکان لە "ئەبوزەبی" بێ ئەنجام بوو، ئێستاش ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بە میوانداریکردنی گفتوگۆکان لە ناوخۆی ئەمریکا، گۆڕانکاریی جدی لە هاوکێشەکەدا دروست بکات.
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا كۆتایی بە هەموو پڕۆگرامەكانی مەشقی سەربازی و هاوكارییە زانستییەكانی لەگەڵ زانكۆی هارڤارد دەهێنێت و دەڵێت لەمەودوا هیچ پەیوەندییەكمان بەو زانكۆیەوە نییە.
پێت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریكا رایگەیاند، وەزارەتەكەی بڕیاری داوە بە رەسمی هەموو پڕۆگرامەكانی خوێندنی سەربازی، دەرماڵە و بڕوانامە هاوبەشەكان لەگەڵ زانكۆی هارڤارد رابگرێت. هیگسێس لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئاماژەی بەوەكرد، زانكۆی هارڤارد چیتر شایستەی ئەو هاوكارییە سەربازییانە نییە.
ئەم رێكارەی وەزارەتی بەرگری بەشێكە لە هەڵمەتێكی فراوانتری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دژی زانكۆ گەورە و ناودارەكانی ئەمریكا، هۆكاری ئەم گرژییانە بۆ چەند بابەتێكی سەرەكی دەگەڕێتەوە، لەوانەش لەو خۆپیشاندانانەی كە لە ناو زانكۆكەدا دژی فەلەستین دەكران ئیدارەی زانكۆكە كەمتەرخەم بوون لە پاراستنی خوێندكارە جولەكەكان لە كاتی ئەو خۆپیشاندانانەی بۆ پشتگیری فەلەستین لە ناو زانكۆكەدا دەكران و پشتگیریكردنی رەگەزگۆڕین، هەروەها سیاسەتەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا دژیەتی.
لە هەنگاوێكی سیاسی گرنگدا بۆ پشتگیریكردن لە سەروەریی خاكی گرینلاند كەنەدا و فەرەنسا بە رەسمی كونسوڵخانەی خۆیان لە شاری نووكی پایتەختی ئەو هەرێمە كردەوە وەك وەڵامێكی ناڕاستەوخۆ دژی هەوڵەكانی ترەمپ بۆ داگیركردنی دورگەكە.
ئەنیتا ئاناند وەزیری دەرەوەی كەنەدا لە كاتی بەرزكردنەوەی ئاڵای وڵاتەكەی لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە گرنیلاند رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ كەنەدا، كردنەوەی ئەم كونسوڵخانەیە ئاماژەیە بۆ گرنگیی ئەم ناوچەیە بۆ ئەوان.
لە لایەكی ترەوە ژان نوێل بوارێ كونسوڵی گشتی نوێی فەرەنسا لە گرینلاند دەستبەكاربوو و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی گرینلاند كۆبووەوە رایگەیاند، رەهەندی سیاسی ئەم هەنگاوە زۆر روونە بەتایبەت دوای ئەو مشتومڕانەی دەربارەی داهاتووی دوورگەكە دروست بوون.
ترەمپ لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیەوە جەختی لەسەر پێویستی كۆنترۆڵكردنی گرینلاند كردوەتەوە و بەهۆی گرنگیی ستراتیژی و هەبوونی كانزای دەگمەن تێیدا.
سەرۆکی ئەمریکا نوێترین پێشهاتەکانی پەیوەست بە گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئێران خوازیارە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی نوێ.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی "زۆر باش" بوون و تاران هەنگاوی ناوە بۆ نیشاندانی ویستی خۆی لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن.
ئەوەشی خستەڕوو، کەشتیگەلێکی جەنگیی گەورەیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێخستووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەنە شوێنی مەبەست."
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وتیشی: "دەمەوێت لە رێگەی رێککەوتنەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین."
جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە گەڕێکی نوێی کۆبوونەوە و گفتوگۆکان لە نێوان هەردوولا دەستپێبکاتەوە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیاردا دەگوزەرێت و چاودێرانی سیاسیش چاوەڕێی دەرەنجامی ئەو کۆبوونەوانەن کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچن.