نەتەوە یەکگرتووەکان: جیھان روبەڕوی کارەساتی کەمی خۆراک دەبێتەوە
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو کە لە بەرلین کۆبوونەتەوە، رایگەیاند، بەھۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شەڕی ئۆکراین، لە چەند مانگی رابردوودا سەدان ملیۆن کەس لە جیھاندا روبەڕوی برسێتی بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرھەڵدانی قاتوقڕی لە چەند وڵاتێک، لە ئەمساڵدا مەترسییەکی گەورەیە و پێدەچێت لە ساڵی داھاتوو رەوشەکە خراپتر ببێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە ھۆکاری درێژەکێشانی قەیرانی خۆراک تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیھان بەرزبووەتەوە، بەڵام سیاسەت و ھەڵسوکەوتەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ھۆکارە بۆ درێژەکێشانی قەیرانی خۆراک لە جیھاندا.