یەکێتی ئەوروپا سیفەتی کاندیدی بە ئۆکراین و مۆڵدۆڤا بەخشی
کوردسات نیوز
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
ھەر ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا لە برۆکسل، رەزامەندیاندا لەسەر پێدانی سیفەتی کاندید بە ئۆکراین و مۆڵدۆڤا، بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتییەکە، بەڵام رەتیانکردەوە بە پێدانی ئەو سیفەتە بە جۆرجیا و داوایان کرد ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەم ئەو وڵاتەدا ھەن بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا چارەسەر بکرێن.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینیش پێشوازی لەو بڕیارە کرد و رایگەیاند، بڕیارێکی بێھاوتا و مێژووییە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکراین و یەکێتی ئەوروپا.
پێشتریش ئۆرسۆلا ڤۆن دیرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە ئۆکراین کردبوو چاکسازی بکەن، بۆئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا ئەندامێتییان قبوڵ بکرێت.

