سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سورە لەسەر ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا
کوردسات نیوز
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بەسەرکردنەوەی خوێندنگەیەکدا لە پایتەختی رواندا رایگەیاند، دەبێت رێکخراوەکان و رەخنەگران لە پلانی ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا تێبگەن، چونکە ئەو وڵاتە ئەفریقییە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا ھاتووە و لە پێشکەوتندایە.
دەشڵێت، ئەو پلانە بە رای من زۆر دروستە و گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کۆچبەرانی نایاسایی کە بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە، ئەوەی پێویستە خەڵک و رەخنەگران و رێکخراوەکان درکی پێبکەن ئەوەیە کە رواندا گۆڕانکاری زۆر گەورەی کردووە، پێویستە وڵاتان و رێکخراوەکان خۆیان بێن و بە چاوی خۆیان گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە ببینن، گرنگە ببینن رواندا بە چی گەیشتووە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش رایگەیاندووە، جۆنسن بە دووری نازانێت پەنابەرانی ئۆکراینیش رەوانەی رواندا بکات، ئەگەر روو بکەنە بەریتانیا.
جۆنسن رایگەیاندووە، ١٣٠ ھەزار ڤیزایان بۆ ئۆکراینییەکان کردووە و دوو رێگەی زۆر باشیان لەبەردەمدایە بۆ ھاتنە بەریتانیاوە، بەڵام ئەگەر بە رێگەی نایاسایی بێن، رەنگە ئەوانیش رەوانەی رواندا بکرێن.
لە ١٣ی مانگی نیسانی رابردوودا، بەریتانیا و رواندا رێککەوتنێکیان کرد بۆ گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا، بڕیاریش بوو یەکەم کاروانی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە لە ١٤ی ئەم مانگە رەوانە بکرێن، بەڵام لە ساتی کۆتاییدا و بەھۆی دەستوەردانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ گەشتەکەیان ھەڵوەشێندرایەوە.