سەرۆکایەتی کۆماری میسڕ جگە لە پشتڕاستکردنەوەی ھەواڵەکە ڕایگەیاند، بە ڕێوڕەسمێکی سەربازی (جیھان سادات)، بە خاک دەسپێردرێت.
(جیھان سادات) لە ساڵی ١٩٣٣، لە باوکێکی میسڕی و دایکێکی بەریتانی لە شاری قاھیرە لەدایکبووە و لە تەمەنی شانزە ساڵی و لە ساڵی ١٩٤٩ ژیانی ھاوسەری لەگەڵ ئەنوەر سادات پێکھێناوە.
(جیھان سادات) ھاندەرێکی سەرەکی ھاوسەرەکەی بووە، بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل و شاھێدی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٩ بووە بۆ ڕاگرتنی جەنگی عەرەب - ئیسڕائیل.
ھەروەھا ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتی لە میسڕ و جێگیرکردنی خەرجی (ژن و منداڵ) لە دوای جیابوونەوە بە پێی یاسا، بە دەستکەوتی (جیھان سادات) ناو دەبرێت، کە دواتریش لە عێراق و چەند ولاتێکی تری عەرەبی جێبەجێکرا.
بەرپرسانی بەرگری شارستانی لە شاری دەکا، ڕایانگەیاندووە، ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی شەش نھۆمی کارگەیەکی خواردن و خواردنەوەکان لە دەرەوەی "دەکا"ی پایتەخت کەوتووەتەوە و بەھۆیەوە ٥٢ کەس گیانیان لە دەستداوە.
نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی دوبەی بڵاویکردەوە، دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە، زانراوە کە ئاگرێک لە نێو کەشتییەک کەوتووەتەوە و توانراوە لە ماوەی ٤٠ خولەکدا ئەو ئاگرە کۆنترۆڵ بکرێت، لێپرسراوانی بەندەرەکەش تەواوی رێکارەکانیان گرتەبەر بۆ لەنگەرگرتنی کەشتییەکە و گرەنتی کردنی سەلامەتی جوڵەی کەشتییەکان لە بەندەرەکەدا.
بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، ئەو کەشتییە ١٣٠ کۆنتێنەری تێدا بووە سیانیان ئەو ماددانەیان تێدا بووە کە گڕدەگرن و پێدەچێت بەھۆی گڕگرتنی ماددەکانی یەکێک لەو کۆنتێنەرانەوە تەقینەوەکە رویدابێت.
بەندەری جەبەل عەلی وێستگەیەکی سەرەکی گواستنەوە و بازرگانییە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و دەتوانێت لەگەڵ فڕۆکەھەڵگر مامەڵە بکات، لە ساڵی ٢٠١٧ش یەکێک بووە لە بەندەرە ھەرە قەرەباڵغەکانی دەریایی ئەمریکا لە دەرەوەی ئەو وڵاتە.
سێرگی لافرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەمریکا بە کشانەوەی لە ئەفغانستان دانی بە شکستی خۆیدا ناوە.
وتیشی، بەھۆی لێکترازانی سیاسەتەکانی حکومەتی کابوڵ، گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە داعش لە باکوری ئەفغانستان لە ھەوڵی خۆڕێکخستنەوەدان.
راشیگەیاند، پەلامارە تیرۆریستییەکان ھێشتا ھەڕەشەی جدین لەسەر سەقامگیری ئەفغانستان، دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاش، رێککەوتن لەسەر حکومەتێکی کاتی بۆ قۆناغی راگوزەری، تاکە رێگە چارەیە لەبەردەم ئەفغانستان بۆ ئیدارەدانی ململانێکان و ڕووبەڕبوونەوەی دوژمنەکانیان.
پۆلیسی ھایتی رایگەیاند، چوار بەکرێگرتە کە "جۆڤێنێل مۆیس" سەرۆکی وڵاتەکەیان تیرۆرکرد، کوژراون و دوو کەسی تریشیان دەستگیرکردووە و سێ ئەندامی ھێزەکانی پۆلیسیشیان ئازادکردووە، کە بە بارمتە گیرابوون.
ھاوکات کلود جوزیف کاربەڕێکەری سەرۆکی حکومەتی ھایتی داوای لە ھاووڵاتیان کرد ھێور ببنەوە و وتی، رەوشەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە، لێپرسراوانی وڵاتەکەش پێیانوایە کە چەکدارانی بیانی لە پشت تیرۆر کردنی سەرۆکەوەن و حکومی عورفیش بۆ ماوەی ١٥ رۆژ راگەیاندراوە.
دوێنێ سەرۆک وەزیرانی ھایتی پشتڕاستی کردەوە سەرۆکی ھایتی لەگەڵ ھاوسەرەکەی لە شوێنی حەوانەوە گولـلەباران کراون، پەلامارەکەش کاردانەوەی توندی بەریتانیا و ئەمریکای بەداوادا ھات و "دۆمینیکا"ش سنورەکانی لەگەڵ "ھایتی" داخست.
بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە درێژکردنەوەی بڕیاری گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی لەڕێی دەروازەی "بابلھەوا" بۆ سوریا کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخراوە و وڵاتانی ئەندامی نێو ئەنجومەنەکە دەیانەوێت دانوستانی زیاتر لەو بارەیەوە بکەن.
رۆژی شەممە، رێگەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سوریا لەڕێی سنورەوە کۆتایی دێت، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، روسیاش کە ھاوپەیمانی حکومەتی سوریایە دەیەوێت ڤیتۆ دژی ئەو بڕیارە بەکاربھێنێت و گەیاندنی ھەموو ھاوکارییەک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی "دیمەشق"دایە.
دەروازەی "بابلھەوا" سەرەکیترین دەروازەی گەیاندنی ھاوکارییە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە "ئیدلب"، ئەگەر ئەو دەروازەیەش دابخرێت گەروەترین قەیرانی برسێتی و قاتوقوڕی لەو ناوچەیە سەرھەڵدەدات.
کازم غەریب ئەبادی نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم رایگەیاند، سەرەڕای پابەندبوونیان بە دانوستانەکانی ڤییەننا، بەڵام ھیچ رێگرییەک لەبەردەم ئێران نییە بۆ پێشخستنی توانا زانسییەکان، لە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
وتیشی، بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم تەنھا بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی و پێشخستنی زانستی پزیشکییە.
کازم غەریب ئەبادی رایگەیاند، سەرەڕای گەمارۆکان، زانایانی ئێرانی وزەی ئەتۆم پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەست ھێناوە، لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ریژەی لە ٢٠% .
ئەڵمانیا بەپێی بڕیارێکی نوێی فیدراڵی، بەکارھێنان و بڵاوکردنەوەی دروشم و ئاماژەکانی گروپی تیرۆریستی داعش و قاعیدە و ئیخوان موسلیمین و گورگە بۆرەکانی تورکیا و بزووتنەوەی حەماس و باڵی سەربازی حزبوڵای لوبنانی قەدەغەکرد، ھەر لایەنێکیش ئەو بڕیارە پێشێل بکات، بە بڕی چوار ھەزار یۆرۆ یاخود مانگێک زیندانی کردن سزا دەدرێت، ئەگەر پێشێلکارییەکەش دووبارە بکرێتەوە سزاکە دەگاتە ١٠ ھەزار یۆرۆ یاخود زیندانی کردن بۆ ماوەی شەش مانگ.
ئەڵمانیا چەندین جاریش رایگەیاندووە، رێگە نادات خاکەکەی بکرێتە مۆڵگەی گروپە توندڕە و و قەدەغەکراوەکان بە تایبەت "ئیخوان موسلیمین".
ھاوکات ئەنجومەنی نیشتمانی نەمسا یاسای روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوەکانی پەسەندکرد، بە ئامانجی پشتیوانی کردنی ھەوڵەکانی دەوڵەت بۆ قەدەغەکردنی چالاکی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە و پڕۆژە بڕیارێکی لە بارەی فشارەکانی حکومەتی تورکیا لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بە تایبەتی ھەدەپە پەسەند کرد و ڕەخنەی لە سیاسیەتی تورکیا بەرامبەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان گرت.
پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە تورکیا کرد، دەست لەو سیاسەتە ھەڵبگرێت، کە بەرامبەر پارتە سیاسییەکان دەیکات، ھاوکات ئیدانەی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاریەتی لە پەرلەمانتاران کرد و داواشیکرد، ئەو پەرلەمانتارانەی ھەدەپە کە لە زیندانەکاندان ئازاد بکرێن و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان لابدرێن.
جۆو بایدن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی، ئەرکی سەربازی خۆیان لە ئەفغانستان جێبەجێ کردووە و کۆتایی مانگی داھاتوو بە تەواوی لەو وڵاتە دەکشێنەوە.
وتیشی، بەسەر ڕێکخراوی قاعیدەدا لە ئەفغانستان سەرکەوتن و ھەوڵی ئازادکردنی زیندانییە ئەمریکییەکان دەدەن.
بایدن باسی لەوەش کرد، کشانەوەی سەربازەکانیان لە ئەفغانستان خێراتر دەکەن و پێشتریش مەشقیان بە ھەزاران سەربازی ئەفغانی کردووە و پێویستیشە ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بڕیار لە داھاتووی خۆیان بدەن.