ریاز دەڕاڕ ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە وڵامی وەزیری دەرەوەی سوریای دایەوە و وتی، ھەر کاتێک ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش کوتایی بێت و سورییەکان جارێکی تر رێکبکەونەوە، گرەنتی ئەوە دەدەن کە ھێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە.
وتیشی، پێویستە ھەموان کار بکەن بۆ یەکگرتوویی خاکی سوریا و داوا لە حکومەتی دیمەشقیش دەکات لە لێدوانی توند دووربکەوێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ چارەسەری سیاسی و مێزی گفتوگۆ.
بنەماڵەی بەنی سەدر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەبولحەسەن بەنی سەدر دوای ماوەیەکی زۆر لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی پیتیە سالپیتێریەی شاری پاریس کۆچی دوایی کردووە.
بەنی سەدر ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی باخچەی سەر بە شاری ھەمەدان لەدایک بووە و باوکی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ روحوڵا خومەینی رێبەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ھەبوو.
ئەبولحەسەن بەنی سەدر کە پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە چالاکانی سیاسی و لە دەرەوەی وڵات بوو، پاش شۆڕش گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٧٩ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران کاندید کرد و بە بەدەستھێنانی ٧٦٪ی دەنگەکان، بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران، بەڵام ماوەی سەرۆکایەتییەکەی زۆری نەخایاند و ساڵی ١٩٨١ بەکۆی دەنگی نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران، لە سەر کار لابرا.
میدیای پاکستان بڵاویکردەوە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٧ پلە بە پێوەری ریختەر ویلایەتی بەلوچستان لە باشوری خۆرھەڵاتی ئەو وڵاتەی ھەژاندووە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لانیکەم ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، زیانی ماددی زۆریشی بە ناوچەکە گەیاندووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، چەقی بومەلەرزەکە، ناوچەی ھەرانی لە خۆرھەڵاتی شاری کوەیتە ناوەندی ویلایەتی بەلوچستان بووە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە"، کە لە مانگی ١١ی ٢٠١٦وە لە زینداندایە، پەیامێکی لە ژێر ناوی "ئایا دەتوانین بێ ھیوا بژین" بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە لە دوای پارتی "داد و گەشەپێدان"ی دەسەڵاتدارەوە، بە بەشداری حزبە چەپەکان دیموکراتی لە تورکیا بنیاد بنرێت.
دەشڵێت، ئەو حزبە و جوڵانەوە چەپانە لە بەردەم ئەرکێکی مێژووییدان و پێویستە بێ گوێدانە لایەنی حزبی یان کەسی کۆببنەوە و تاوتوێی نەھێشتنی ناکۆکیەکانیان تاکو ھەڵبژاردن و چۆنیەتی دروستکردنی ھەڵوێستی ھاوبەش لە ھەڵبژاردندا بکەن.
تورکیا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتیی لە ساڵی داھاتوودا دەکات، سەرەتای ئەم مانگەش پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە"، نەخشە ڕێگایەکی بۆ چارەسەری کێشەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و داوای گەڕانەوەی بۆ سیستمی پەرلەمانی و چارەسەرکردنی دیموکراسیانەی کێشەی کوردی لە تورکیا کرد.
جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریکا ڕایگەیاند، پاڵپشتی لە دانوستانی نێوان ھەردوو کۆریا دەکەن و لەگەڵ ھاوتاکانیشیان لە کۆریای باشووری بەردەوام دەبن لە ھەماھەنگیەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان کۆریای باکور و باشووردا. وتیشی، ئەمریکا تا ئێستاش لەسەر ئامانجەکەیەتی کە داماڵینی نیمچە دورگەی کۆریایە لە چەکی ئەتۆمی.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی بێ مەرج لەگەڵ کۆریای باکور و لەو بارەیەوە پێشنیازێکیان ئاڕاستەی پیۆنگ یانگ کردووە و ئومێد دەکەن بە ئەرێنی وەڵامیان بدرێتەوە.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٧ پلە بەپێوەری ریختەر و بەقوڵی ١٠ کیلۆمەتری ژێر زەوەی، پارێزگاکانی خوزستان و چوارمەحاڵ و بەختیاری ھەژاندووە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ١٢ کەس لە شاری کوردی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری برینداربوون.
ئیسماعیل نەجاڕ بەڕێوەبەری رێکخراوی کونتڕۆڵکردنی قەیران لە ئێران رایگەیاند، حاڵەتی ئامادەباشیان راگەیاندوە و چەندین تیمی فریاکەوتنیان رەوانەی ئەو ناوچانە کردوە کە بومەلەرزە تیایاندا رویداوە.
وتیشی، بەھۆی بومەلەرزەکەوە، جگە لە برینداربوونی ژمارەیەک ھاوڵاتی، نزیکەی ٢٠ گوندیش زیانی ماددیان پێگەیشتووە.
میدیای کۆریای باشور بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لێپرسراوانی ھەر دوو کۆریا پاش دوو مانگ، بۆ یەکەم جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و بە دروستکردنەوەی ھێڵی پەیوەندی باکور- باشور، حکومەتی کۆریای باشور ھەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکور دەکات.
دوو مانگ پێش ئێستا و دوای ناڕەزایەتی پیۆنگ یانگ بە مانۆڕی سەربازی ھاوبەشی کۆریای باشور و ئەمریکا، پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریا پچڕا و لە ماوەی رابردووشدا، چەند جارێک پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە پچڕاوە و جارێکی تر دەستی پێکردووەتەوە.
عیساوی فەریج وەزیری ھارکاریی ھەرێمیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، پێدەچێت دەوڵەتێکی تری ئیسلامی لە رێگەی ئەوەدابێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، ئەو دەوڵەتەش عێراقە.
بە دوریشی نەزانیوە لە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکاندا، چەندین رێککەوتن لەگەڵ عێراق ئیمزا بکەن.
لە ٢٤ی مانگی رابردوودا، کۆنگرەی "ئاشتی و گەڕانەوە" بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ھۆزە سوننەکان لە ھەولێر رێکخرا، لەو کۆنگرەیەدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا، ئەوەش ناڕەزایی و کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپراسیۆنێکیان لەڕێی ھێرشی ئاسمانی و ھەلیکۆپتەری جەنگی بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە گوندەکانی دەوروبەری رەقە ئەنجامداوە و توانیویانە دوو سەرکردەی گروپەکە و ژمارەیەک ژن کە سەر بە داعش بوون دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر بەھۆی ھێرشەکەوە ھاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە.