وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی رێگەیان پێدەدرێت فەریزەی حەج جێبەجێ ئەنجام بدەن، بەرزکراوەتەوە بۆ ملیۆنێک کەس بەو کەسانەشی دانیشتوی سعودیەن و دەبێت ئەو کەسانەش تەمەنیان لە خوار ٦٥ ساڵان بێت و پشکنینی کۆرۆنایان ئەنجدام دابێت کە ٧٢ سەعات بەسەر پشکنینکەدا تێپەڕ نەبووبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٩ رێگە بە دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس دراوە بۆ حەجکردن، لەساڵی ٢٠٢٠یش بەھۆی کۆرۆناوە تەنھا رێگە بە ھەزار کەس درا کە دانیشتوی سعودیە بوون، لە ساڵی ٢٠٢١یش رێگە بە ٦٠ ھەزار کەس درا بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاکسین، لە ئێستاشدا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی حاجیان بەرزکراوەتەوە بۆ یەک ملیۆن کەس.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ھێرشە مووشەکییەی کرایە سەر وێستگەی شەمەندەفەری شاری "کراماتۆرسک" لە ھەرێمی دۆنێتسک، لە رێگەی مووشەکی بالیستیی کورتمەوداوە ئەنجامدراوە و بەشێکە لە دڕندەیی روسیا لە ھێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئۆکراین و پاساوەکانی مۆسکۆش بۆ بەشدارنەبوونی لەو ھێرشە رازیکەر نین.
رۆژی ھەینی ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر، لە شاری "کراماتۆرسک" لە ھەرێمی دۆنێتسک و بەھۆیەوە لانیکەم ٥٠ کەس کوژران، روسیا و ئۆکراینیش یەکتری بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، تا ئێستا لانیکەم ھەزار و ٦٢٦ مەدەنی کوژراون و دوو ھەزار و ٢٦٧ دیکەش برینداربوون.
ئاشکراشیکردووە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆکراین ١٦٩ منداڵ کوژراون و زیاتر لە ٣٠٦ی تریش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێدەچێت ئاماری قوربانیانی شەڕی ئۆکراین زۆر زیاتر لەو ئامارانە بێت کە تۆمارکراون و بڵاودەکرێنەوە.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی بەریتانیا، روسیا سوپاکەی لە ئۆکراین رێکدەخاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژەنەڕاڵ "ئەلیکساندەر دڤۆرنیکۆڤ"ی تەمەن ٦٠ ساڵی بۆ سەرپەرشتیکردنی سوپاکەی لە جەنگی ئۆکراین دیاری کردووە.
ھەرچەندە تائێستا روسیا بە رەسمیی ھیچی لەبارەی دانانی ئەو ژەنەڕاڵە نەوتووە و ھەواڵەکەی پشتڕاست یان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام بە پێی ھەواڵی میدیاکانی بەریتانیا، ئەو ژەنەڕاڵە، کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە سەرپەرشتیکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا لە سوریا، دەستی بە ئەرکە نوێیەکەی کردووە و ئامانج لە دانانیشی باشکردنی ھەماھەنگییەکانی نێوان یەکەکانی سوپای روسیایە لە ئۆکراین.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ھێزەکانی سوپای پاسداران لە کەنداوی فارس، دەستیان بەسەر کەشتییەکی بیانیدا گرتووە کە ھەڵگری ٢٢٠ ھەزار لیتر سوتەمەنی قاچاخ بووە، ئاماژە بەوەشکراوە، سەرجەم کارمەندانی کەشتییەکە کە لە ١١ کەس پێکھاتوون، دەستبەسەر کراون و بۆ لێکۆڵینەوە رادەستی دەزگا ئەمنییەکان کراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەلەمێکی ئێرانیش بە سێ سەرنشینەوە دەستی بەسەرداگیراوە چونکە ویستوویەتی ھاوکاری کەشتییەکە بکات.
وەزارەتی دادی روسیا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەھۆی پێشێلکردنی یاساکانی روسیا، مۆڵەتی کارکردنی نوسینگەی ١٥ رێکخراوی بیانی لە مۆسکۆ ھەڵدەوەشێننەوە، کە لە ناویاندا رێکخراوەکانی "لێبوردنی نێودەوڵەتی و چاودێریی مافەکانی مرۆڤ" و دامەزراوەی "کارنگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی" ھەن.
ھەڵپەساردنی کاری ئەو رێکخراوانە لە مۆسکۆ، دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێکی ئەو رێکخراوانە دێت، لەبارەی سوپای روسیا و پێشێلکاریی و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراین، کە حکومەتی روسیا بەردەوام راپۆرتی ئەو رێکخراوانە رەتدەکاتەوە، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤیش رایگەیاند، گوومانی تێدا نییە ئەو ھەنگاوەی روسیا، بەھۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکانیانە لەبارەی جەنگ لە ئۆکراین.
پلاتفۆڕمی "تاوان دژی ژنان دەوەستێنین" راپۆرتێکی سەبارەت بە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە تورکیا بڵاوکردۆتەوە، بەپێی راپۆرتەکە لە مانگی ئاداری رابردوودا ٢٤ ژن لە تورکیا کوژراون، کە ٥ لەو ژنانە لە شارەکانی باکوری کوردستانن.
راشیگەیاندوە، لەو ژمارەیە ١٥ ژنیان لەسەر شەقام لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراون، ئەوانی تریش لە نێو ماڵ و لە شوێنی تر کوژراون.
ھەر بەپێی راپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە تورکیا ٣٠٠ ژن کوژراون و ١٧١ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، لە ساڵی ٢٠٢١یش ٣٦٧ ژن کوژراون و ٢٤٢ ژنیش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، بەھۆی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، حکومەتی ژاپۆن بڕیاریداوە سزاکانی بۆ سەر مۆسکۆ چڕبکاتەوە و ھەشت دیپلۆماتکاریشی لە تۆکیۆ دەکردووە، جگە لەوەی مامەڵەکردن و بازرگانیی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەشی لە روسیا قەدەغە کردووە، حکومەتی نەمساش چوار دیپلۆماتکاری روسیای لە وڵاتەکەی دەرکردووە.
لە چەند ھەفتەی ڕابردوودا، وڵاتانی جیھان و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەوروپا ھەڵمەتێکیان بۆ دەرکردنی دیپلۆماتکارە ڕوسەکان دەستپێکردووە کە دیارترینیان وڵاتانی فەرەنسا و بەلژیکا و ھۆڵەندا و ئیتاڵیان.
دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند، زیاتر لە ٣٠ وڵاتی جیھان بڕیاریانداوە ھاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراین زیاتر بکەن، ئێدوارد ھیگەر سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سیستمێکی بەرگریی موشەکیی لە جۆری ئێس ٣٠٠، رادەستی ئۆکراین کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە لەسەر داواکاری ئۆکراین و بەمەبەستی بەھێزکردنی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە بەرامبەر ھێرشەکانی روسیا جێبەجێ کراوە.
دوای دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ٢٤ی شوباتی ئەمساڵ، بۆ یەکەمجارە سیستمی بەرگریی موشەکیی رادەستی کیێڤ دەکرێت.
ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران پیشانگەیەکی بە بۆنەی ١٦ھەمین ساڵیادی نیشتمانیی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی وڵاتەکەی کردەوە و تیایدا ٩ ئامێری نوێی پزیشکی و پیشەسازی نمایشکران کە میدیای ئێران بە دەستکەوتی ئەتۆمیی وەسفی کردوون.
ھەر لە پیشانگەکەدا، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران سێ بەرنامەی بۆ بەرھەمھێنانی ١٠ ھەزار مێگاوات کارەبا و دروستکردنی وێستگەیەکی ٣٦٠ ھەزار مێگاواتی ئاشکراکرد.
پیشانگەکە بە ئامادەبوونی ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کرایەوە کە بەکارھێنانی بەرنامەی ئاشتی ئامێزی ئەتۆمیی بە مافی ڕەوای وڵاتەکەی وەسفکرد و ڕاشیگەیاند، ھەرگیز پاشەکشێ لە زانست و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ناکەن.
نیشاندەری پیسبوونی کەشوھەوای تاران لە چەند کاتێکی جیاوازی ئەمڕۆ شەممە پێوانە کراوە، تاران لە ھەر یەکە لە شارەکانی بانکۆکی پایتەختی تایلاند و کەراتچی پاکستان و شینیانگی وڵاتی چین پیسترە لە ڕووی کەشوھەواوە.
بە گوێرەی نیشاندەرەکە تاران ١٧٨ پلە بووە، لە کاتێکدا ئەو شارانەی سەرەوە لە نێوان ١٥٢ بۆ ١٥٦ پلە بووە.
لە لایەکی ترەوە ناوەندی کەشناسی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، لە ھەندێک ناوچەی تاران پیسبوونی کەشوھەوا گەیشتووەتە ٢٨٨ پلە.
محەمەد میرزا قومی سەرۆکی کۆمپانیای پێوانەکردنی پاکژی ھەوا لە تاران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەشێکی خۆڵ و تەم گەیشتووەتە ڕۆژئاوای وڵات، ئەوەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسبوونی ھەوای تاران بۆ ٢٨٨ پلە.
ئەو وتانەی "قومی" لە کاتێکدایە، موحسین مەنسوری پارێزگاری شاری تاران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەشوھەوا کەمێک باشتر بووە و ڕێژەی پیسبوونی ھەوای تاران ھاتووەتە خوارەوە بۆ ٢٠٠ پلە.
دەستەی کەشناسی ئێران ڕۆژی ھەینی بڵاویکردەوە، خۆڵبارین لە ٢٦ پارێزگای ئێران ھەیە و کەشوھەواکە تا سبەینێش ھەر وا دەبێت.
لە ئەنجومەنەکە ٩٣ وڵات دەنگیان دا لە بەرژەوەندی ھەڵپەساردنی ئەندامیەتی ڕوسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەرامبەریشدا ٢٤ وڵات دژی بڕیارەکە وەستانەوە،٥٨ وڵاتیش بێدەنگیان ھەڵبژاردووە و دەنگیان نەداوە بە ھەڵپەساردنەکە.
دەربارەی بریارەکەش حکومەتی ئۆکراین ڕایگەیاند، تاوانبارانی جەنگ جێگەیان نابێتەوە لەناو ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و ستایشی ھەموو ئەو وڵاتانەشی کە پشتیوانی بڕیارەکەیان کردووە.
لە بەرامبەریشدا دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کرملین ڕایگەیاند، ئەوان نیگەرانن لە بڕیارەکە و بەردەوامیش دەبن لە بەرگری لە مافەکانیان بە ھەموو شێوازە ڕێگەپێدراوەکان.
لە خولی ئێستای کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە زۆربەی گفتوگۆکانی تایبەت کراوە بە تاوتوێ کردنی ڕەوشی ئۆکراین، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا بە ھەڵپەساردنی ئەندامیەتی ڕوسیا لە ئەنجومەنەکە.
پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجامدەری ھێرشەکە گەنجێکی تەمەن ٢٨ ساڵی فەلەستینییە و ناوی ڕەعد فەتحی حازمە و دانیشتووی ئۆردوگای جەنینی باکوری بەرەی خۆرئاوایە.
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە شەوی رٍابردووەوە نزیکەی ھەزار سەرباز و کارمەندی دەزگا ئەمنییە جیاوازەکانی ئیسرائیل بە شوێن ئەو تەقەکەرەدا گەڕاون، لە کۆتاییدا توانراوە شوێنەکەی ئاشکرا بکرێت و لە نزیک مزگەوتێکی شاری یافا بیکوژن.
پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، بە درێژایی شەوی ڕابردوو لەسەر ھەردوو تەوەرەی ئۆپراسیۆنی سەربازی و ھەواڵگری کاری چڕوپڕ کرا، تا بەرەبەیانی ئەمرۆ توانرا ئەنجامدەری ھێرشەکە لەناو ببرێت.
وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویکردەوە، لە سەر گەشتییەکانیان لە دەریای رەش بە چوار مووشەکی جۆری کالیبەر بنکەیەکی راھێنانی بەکرێگراوانی کەسانی بیانییان لەباکوری شاری ئۆیسای ئۆکراین بۆردومانکردووە بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی ژمارەی کوژراوان بڵاو بکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە ئیدارەی بەرگری کۆماری دۆنیتسکی میللی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ھێرشێکی مووشەکی ئۆکراین زنجیرەیەک تەقیینەوە لە نزیک وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە کراماتورسک روویانداوەو ژمارەیەک قوربانی لێکەوتۆتەوە
کۆمپانیای ھێڵی شەمەندەفەری ئۆکراین بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ھێرشێکی مووشەکی روسیا بۆ وێستگەیەکی شەمەندەفەر لەشاری کراماتورسکی ھەرێمی دۆنیتسک ٣٠ کەس کوژراون و لانی کەم ١٠٠ کەسی تریس برینداربوون. رونیشیکردەوە، ھێرشەکە لەکاتێکدابووە ھاووڵاتیان ویستوویانە روو لە ناوچە ئارامەکان بکەن.
ھاوکات حاکمی دۆنیتسک رایگەیاند، لەکاتی ھێرشەکەدا ھەزاران کەس لە وێستگەکەدا بوون فاشییەکانی روسیا دەیەوێت لە رێگەی کوشتنی زۆرترین مەدەنییەوە ترس و تۆقاندن بڵاوبکەنەوە.
لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری روسیا رەتیکردەوە ھیچ ھێرشێکی کردبێتە سەر شاری کراماتورسک و رایگەیاند، تەنھا سوپای ئۆکراین ئەو جۆرە مووشەکە تەکتیکیانە بەکاردەھێنرێت کە ھێرشەکەی پێئەنجامدراوە.
شمایھاڵ ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خۆماڵی سەرمایە و موڵک و ماڵی ڕووسیا دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی لێی کەوتووە، خواستی وڵاتەکەشی پیشاندا بۆ بەدەستھێنانی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ڕووسیا لە دەرەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین ڕوونیشیکردەوە، وەرزی دروێنەی ئەمساڵی وڵاتەکەی لە ٢٠٪ کەمترە لە چاو ساڵی ڕابردوودا.
شمایھاڵ جەختیشیکردەوە، کۆمەکی وڵاتانی دۆست گرنگە بۆ چوونە دەرەوە لەو جەنگەی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی .
ئەو وتانەی سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین لە کاتێکدایە، دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کریملن ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتن لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا کۆبووەتەوە، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی گفتوگۆی وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکراین و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان.