جیهانجیهان

محەمەد جەمشیدی، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران لە لە تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە، پادشای سعودیە بانگھێشتنامەیەکی ئاڕاستەی ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆمار وڵاتەکەیان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی ریاز بکات دوای ئەوەی ھەردو وڵات رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ئیمزاکرد.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرۆککۆمار پێشوازی لەو بانگھێشتنامەیە دەکات و جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئامادەیی تاران بۆ بەھێزکردنی ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ ریاز.

رۆژی ھەینی ١٠ـی ئازاری ٢٠٢٣، سعودیە و ئێران بە نێوەندگیریی چین رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە وڵاتی یەکتردا بکەنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە سەردانی ئیماراتی کردوو بڕیاریشە بەمنزیکانە سەردانی عێراق بکات.

سەبارەت بە سەردانەکانی شەمخانی، حسین ئەمیر عەبدوڵاھەیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەردانەکان دیاردەیەکی تازە نییە و لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئەمنییە بەردەوامەکاندایە و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەش یاوەری ھەردوو سەردانەکەیە.

جەختیشی کردەوە، لە بوونی ھەماھەنگی تەواو لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوەکرد، ھەموو شتێک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئیسلامی و لەژێر سەرپەرشتی ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری وڵات بەڕێوەدەچێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەگوێرەی راپۆرتێک کە ئەندامانی دیموکراتەکان لە لیژنەی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئامادەیان کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧ تاوەکو ٢٠٢٠، کاتێک سەردانی وڵاتانی جیھانی کردوە، ١١٧ دیاری پێشکەش کراوە لەوانەش شی جین پینگ، سەرۆکی چین و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەھای ئەو دیارییانەی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ و ئەندامانی خێزانەکەی کراون، دەگاتە نزیکەی ٢٥٠ ھەزار دۆلار و ئەوان ئەو دیارییانەیان ئاشکرانەکردوە کە بەگوێرەی یاسای دەبوایە حکومەتی ئەمریکا ئاگاداری ئەو دیارییانە بوایە.

راپۆرتەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرسیاری ئەوەی کردوە بۆچی دۆناڵد ترەمپ بەھیچ شێوەیەک باسی ئەو ١٧ دیاریەی نەکردوە کە بەبەھای ٤٨ ھەزار دۆلار لەلایەن سعودیەوە پێشکەشی کراوە، دەشپرسێت ئایا پێشکەشکردنی ئەو دیاریانە کاریگەری ھەبووە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لەو کاتەدا بەرامبەر دۆسییەیەکی دیاریکراو.

دۆناڵد ترەمپ ئەو دیاریانەی بۆ حکومەت ئاشکرانەکردووە کە لە سعودیە، ژاپۆن، ھیندستان و چین وەریگرتوە، بەڵام راپۆرتەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، تائێستا ھیچ بەڵگەیەک نییە کە وەرگرتنی ئەو دیارییانە کاریگەری لەسەر سیاسیەتی ئەمریکا دروستکردبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن بەھیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە بڕیارەکەی نەکردووە لەبارەی پێنەدانی فڕۆکەی ئێف ١٦ بە ئۆکراین و بڕیارەکەی ھەردوو وڵاتی پۆڵەندا و سلۆڤاکیاش بە مەبەستی پێدانی فڕۆکەی جەنگی میگ٢٩ی سۆڤیەتی بە ئۆکراین، ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارەکەی ئەمریکا نابێت و بەنیاز نییە گۆڕانکاری تێدا بکات.

وتیشی، رێزی ئەو بڕیارەی پۆڵەندا و سلۆڤاکیا دەگرن بەو پێیەی بڕیارێکی سیادییە و ھیچ وڵاتێک بۆی نییە دەستلەکاروباریان وەربکات و ئەمریکاش رێگری لەھیچ وڵاتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ھاوکاری ئۆکراین بکات تەنانەت بە پێدانی فڕۆکەی جەنگیش.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەوەڵامی قسەکانی ئەسەد، سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، مەرجەکانی ئەسەد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان نەگونجاون.

ماوەیەکە بە نێوەندگیری روسیا، تورکیا و سوریا ھەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان دەدەن، کەلە ساڵی ٢٠١١ _ەوە و بەھۆی پشتیوانییەکانی تورکیا بۆ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و داگیرکردنی رووبەرێکی فراوان لە باکوری سوریا، پەیوەندییەکانیان بچڕاوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت یەک دۆلار و ٧٣ سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە ٧٢ دۆلار و ٩٧ سەنت فرۆشرا. بەو پێیەش لە ماوەیەی یەک ھەفتەدا %١٢ی نرخەکەی لە دەستداوە.

 لە بارەی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوت، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت نیگەرانیان ناکات و نرخی بەرمیلێک نایەتە خوار ٧٠ دۆلار.

 وتیشی بەم نزیکانە کۆبوونەوەی ئەندامانی ئۆپیک بەرێوە دەچێت بە مەبەستی گەرانەوەی جێگیری بۆ نرخی نەوت.

لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، کە لە پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق کە بۆ ماوەی سێ ساڵ راگەیەنرا، نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٧٠ دۆلار دیاریی کراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چاوشئۆغڵو لە فڕۆکەخانەی قاھیرە، لە لایەن جێگری وەزیری دەرەوەی میسر و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە پێشوازی لێکرا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا میسرییەکەی رایگەیاند، لەقۆناغی داھاتوودا کاردەکەن لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی ھەردوو وڵات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێی ھاریکاری ھەردوو وڵاتیان کردووە لە بوارەکانی ئابوری وزە و سەربازی و ئیرادەیەکی سیاسی جدی ھەیە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، پەیوەندییە ئابورییەکانی میسر و تورکیا پێگەیەکی گرنگیان ھەیە و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان پەرەپێبدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھاوکات سزای لەسێدارەدانی ژنێک بەناوی نەسیم نیازی، جێبەجێکراوە کە بەپێی ھەندێک لە سەرچاوەکان بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزاکەی بەسەردا سەپێنراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە زیندانییەکی سیاسی کورد بەناوی محێدین ئیبراھیم، کە بە تۆمەتی پەیوەندی بە حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە، بۆ ژووری تاکەکەسی لە زیندانی ورمێ گواستراوەتەوە و مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە.

شەوی رابردوو بەشێک لە کەسوکاری ئەو بەندکراوانە کە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، لەپێش بینای زیندانی ناوەندیی ورمێ گردبوونەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندریە دودا سەرۆکی پۆڵەندا رایگەیاند، لەچەند رۆژی داھاتوودا چوار فڕۆکەی جۆری میگ ٢٩_ی دروستکراوی روسیا رادەستی ئۆکراین دەکەن.

 ئاشکراشیکرد، بڕیارەکە لە بەرزترین ئاست دراوە و لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئۆکراینە لە بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەکانی روسیا.

لەبەرامبەردا جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارەکەی پۆڵەندا گۆڕانکاری لە ھەڵوێستەکانیان لە پەیوەست بە فڕۆکەی جەنگی جۆری ( ئێف ١٦) ناکات و دژی ناردنی فڕۆکەی جەنگین بۆ ئۆکراین.

پۆڵەندا ھاوپەیمانی ستراتیژی ئۆکراینە و دیارترین ئەندامی ناتۆیە بە چەکی قورس پشتیوانی ئۆکراینی کردووە، لە کۆتاییەکانی مانگی رابردووشدا یەکەم کاروانی تانکی لیوپاردی دروستکراوی ئەڵمانیای رادەستی کیێڤ کرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆزێپ بورێل، لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و پێیڕاگەیاندووە، دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیدا بکات، رێز لە مافی مرۆڤ بگرێت و کۆتایی بە پشتیوانییەکانی لە روسیا بھێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتی ئەوروپا خوازیاری ھاوکاری جددی ئێرانە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەوەیەی کە لەمدواییەدا لە نێوان ئەو دوولایەنە ئیمزاکرا.

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، عەبدوڵاھیان بە بورێلی راگەیاندووە، پێویستە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا لەبری دوپاتکردنەوەی تۆمەتی ناڕەوا، ھانی ئۆکراین بدەن بەڵگەی رەسمی سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی وەفدە سیاسی و سەربازییەکانی تاران و کیێڤ بخاتەڕوو بۆ ئەوەی بۆیان دەرکەوێت کە ئێران ھەمیشە خوازیاری ئاشتی و سەقامگیری بووە نەک جەنگ.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆشکی کرملین بڵاویکردەوە، سەرۆکی چین رۆژانی ٢٠ بۆ ٢٢ی ئادار لەسەر داوای ھاوتا روسییەکەی  سەردانی مۆسکۆ دەکات و پێکەوە گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی ھاوبەشی و ھەماھەنگی ستراتیژی دەکەن و دیدو بۆچوونیەکانیان لەبارەی پرسە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، سەردانەکە پاڵنەرێکی تر دەبێت  بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات و بەھێزکردنی متمانەی دوو لایەنە .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە، ڤلادیمر پوتن سەرۆکی روسیا بەرپرسیارە بەرامبەر بە تاوانی جەنگ و راگواستنی نایاسایی منداڵان بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین. 

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ھەروەھا فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ  کۆمسیاری مافەکانی مناڵ لە نووسینگەی سەرۆکی رووسیا دەرکردوە.

لە بەرامبەردا ماریا زاخارۆفا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ ئەندام نییە لە سیستمی رۆما کە دامەزرێنەری داداگای تاوانی نێودەوڵەتییە، لەبەرئەوە بە ھیچ شێوەیەک پابەندی دادگاکە نابن و بریارەکەشیان ھیچ بایەخێکی نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وتەیەکدا لە لوتکەی وڵاتانی تورکی لە ئەنقەرە رایگەیاند، بومەلەرزەکەی شەشی شوبات زیانی بێوێنەی بە ١١ پارێزگا گەیاندووە، زیاتر لە ٤٩ ھەزار کەس گیانیانلەدەستداوە و ١١٥ ھەزار کەسی تریش برینداربوون، ١٤ ملیۆن کەسیش زیانی راستەوخۆیان بەرکەوتووە.

وتیشی، حکومەت بەزووترین کات برینەکانی بومەلەرزەکە چارەسەردەکات، پلانیان ھەیە ٦١٠ ھەزار خانوو دروستبکەن و  رادەستی خاوەنە شەرعییەکانیان دەکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی فریاگوزاری ئێران بڵاویکردەوە، لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوری لە سەرانسەری ئێران، بەھۆی تەقاندنی یارییە ئاگرینییەکان و ئاگرکردنەوە، ٢٧ کەس گیانیانلەدەستداوە و چوار ھەزار و ٩٥ کەسیش برینداربوون، کە ژمارەیەکیان برینەکانیان سەختە و لە چاودێری چڕ دانراون. 

رێکخراوی فریاگوزاری ئێران راشیگەیاند، ئەگەرچی بەشێک لە بریندارەکان چارەسەرکراون، بەڵام ژمارەیەکی دیکە دووچاری بڕینی ئەندامی جەستە بوونەتەوە و بەشێکیشیان زیانی زۆر بەر چاویان کەوتووە.  

ساڵانە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوری لە ئێران گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێدەکەوێتەوە، لەو رێوڕەسمەدا کە لە دوایین چوارشەممەی وەرزی زستاندا دەکرێت، لە شەقام و گۆڕەپانەکان و شوێنە بەرزەکان ئاگر دەکرێتەوە و خەڵک باز دەدات بەسەریدا. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەسەڵاتدارانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لە پارێزگای ریھا چوار کەس و لە سەمسوریش چوار کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە، پێشبینیشدەکرێت ژمارەی قوربانیییەکانیش زیاتر بەرزببێتەوە، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی لافاو بردوونی و چارەنوسیان نادیارە.

ئاژانسەکانی ھەواڵیش بڵاویانکردەوە، لافاو شارەکانی سەمسور و ریھا و دیلۆک و کیلیس و مێردین و مەرەش لافا و گرتووەتەوە، چەندین ئۆتۆمبێل بەسەرنشینەکانیانەوە لافاو بردوونی.
ئەوەش لەکاتێکدایە شەشی مانگی رابردوو بومەلەرزەیەکی وێرانکەر باکوری کوردستان و تورکیای ھەژاند و بەھۆیەوە نزیکەی ٥٠ ھەزار کەس گیانیانلەدەستدا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە


کەمال کڵچدار، ئۆغلۆ کە ھاوکات سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەھەپە_یە سەردانی شاری ھاتای کرد لەسەر سنوری باکور و رۆژئاوای کوردستان و لەبارەی ئاوارەکانی سوریا و ھاتنی کۆچبەری نایاساییەوە قسەی کرد و، ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی تورکیا ھیچ ھەستێکی رەگەزپەرستانەیان بەرامبەر سورییەکان نییە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت سورییەکان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

وتیشی، کۆچبەرانی ئەفغانی و ئێرانی کە بەشێوەیەکی نایاسایی دێنە تورکیا، بۆ وڵاتانی خۆیان دەگەڕێنرێنەوە و پێویستە سوریا و ئێرانیش ئاگاداری ئەو بڕیارەی ئەنقەرە بن، چونکە وڵاتەکەی دەیەوێت کێشەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەربکات و ئاوارەکانی سوریاش بە نیشتیمانەکەیان ئاشتبکاتەوە.

کەمال کڵچدار ئۆغلۆ دۆسیەی کۆچبەرانی سوریا وەک یەکێک لە دۆسییە گرنگەکان دژی رکابەرەکەی کە ئەردۆغانە بەکاردەھێنێت بۆ بەدەستھێنانی دەنگی زیاتر لە لە ھەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایاری ئەمساڵدا، چونکە حکومەتی ئێستای تورکیا نایەوێت بەبێ رەزامەندی ئۆپۆزسیۆن و چارەسەری سیاسی، ئاوارەکانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنێتەوە، لەکاتێکدا بونی ئاوارەکان وەک بارگرانیی ئابوری لەسەر تورکیا سەیر دەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...353354355356357...609