ئاژانسی یەکێتی ئەوروپا، بۆ کۆچبەران بڵاویکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ھاووڵاتیانی سوریا زۆرترین داواکارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری پێشکەش بە وڵاتانی ئەوروپا کردووە کە بریتی بووە لە ١٣١ ھەزار و ٧٠٠ داواکاری، ھۆکارەکەشی بۆ دۆخی نالەباری ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە و %٩٠ داواکارییەکانیش قبوڵکراون و مافی مانەوەیان پێدراوە.
لە پلەی دووەمی لیستەکەدا ھاووڵاتیانی عێراق دێت و لەو ساڵەدا ٢٦ ھەزار و ٩٠٠ ھاووڵاتی عێراقی داوای پەنابەریان پێشکەش بە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، لەو ژمارەیەش تەنھا ٣٠% ئەوانەی داواکارییان پێشکەشکردوە، مافی پەنابەرییان پێدراوە.
ھاوکات ھاووڵاتیانی ھەریەک لە مەغریب، تونس، سوماڵ، میسڕ و جەزائیریش لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین داوای مافی مانەوەیان پێشکەش بە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و کەمتر لە ٥%ـی ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەش کە داوای مافی مانەوەیان کردووە، یەکێتی ئەوروپا مافی مانەوەی کاتی پێداون.
ھەروەھا بڕیارە، کەمال کلیچدار ئۆغڵو رۆژی شەممە ١٨ی ئاداری ٢٠٢٣ لە ناوەندی گشتی ھەدەپە، لەگەڵ میدحەت سەنجار و پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکانی ھەدەپە کۆببنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی شەشی ئادار ھاوپەیمانی میللەت، کەمال کلیچدار ئۆغڵوی بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا کاندید کرد.
ترەمپ لە نێو لایەنگرانیدا لە ویلایەتی ئایووا، رایگەیاند، تەنھا بە ھەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤، وڵاتەکەی لە مەترسی سەرھەڵدانی جەنگی سێیەمی جیھانی رزگار دەکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکا بەردەوام بێت روبەڕوی جەنگی سێیەمی جیھانی دەبنەوە، چونکە ئیدارەی ئێستا ناتوانێت بە دروستی مامەڵە بکات، جەنگەکەش لەگەڵ وڵاتی چین و وڵاتانی دیکەش دەبێت.
پێشتریش ترەمپ لە وتارەکانیدا رایگەیاندبوو، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێرێتەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا، کۆتایی بە جەنگی ئۆکراین دەھێنێت و چارەسەری دەکات.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکی "سنتکوم" بڵاویکردەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خۆرھەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سوریا روبەڕووی ھێرشێکی مووشەکی بوونەتەوە.
راشیگەیاند، ھێرشەکە بە دوو مووشەککراوە و ھێزەکانی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خۆرھەڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و زیان بە کەلوپەلە سەربازییەکانیش نەکەوتووە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکی ھۆشداریشیدا لەوەی، ئەو جۆرە ھێرشانە ھێزەکانیان و ھاوبەشەکانیان و دانیشتووانی مەدەنی ناوچەکە دەخەنە ژێر مەترسییەوە و ئەو سەقامگیریی و ئەمنییەتەش لەناو دەبەن، کە بە ئەستەم لە سوریا و ناوچەکە بەدەستھاتووە.
پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە مانگی شوباتی رابردوو، ٤٨ ھەڵمەتیان لە دژی چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە و کوژرانی ٢٢ چەکدار و دەستگیرکردنی ٢٥ی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
سەرۆکایەتی فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، چەند ئامارێکی بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوەکرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢١ ھەزار و ٢١١ کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە، دوایین گەشتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانیش رۆژی دووشەممەی ئەم ھەفتەیە بوو، کە لەڕێی چوار فڕۆکەوە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵەوە ١٣٤ کۆچبەری ئەفغانی رەوانەی وڵاتەکەیان کرانەوە.
ھەر بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو، تورکیا ١٢٤ ھەزار و ٤٤١ کۆچبەری نایاسایی رەوانەی وڵاتەکانیان کردووەتەوە.
سۆلیڤان لە کۆنفرانسێکدا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان رایگەیاند، رێککەوتنی ئەو دوو وڵاتە کارێکی ئەرێنییە بە تایبەت بۆ راگرتنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و بە کارێکی باشی دەزانن.
سەبارەت بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیش لەگەڵ ئێران وتی، ھیچ رێککەوتنێک لەنێوان واشنتۆن و تاران لەوبارەیەوە نییە و نایانەوێت ئومێدی درۆ بدەنە ئەو خێزانانەی چاوەڕێی گەڕانەوەی کەسوکاریانن. ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە پەیوەندی لەگەڵ تاران لەسەر چۆنێتی گەڕانەوەی ئەو ئەمریکییانەی لەو وڵاتە بە ناحەق زیندانی کراون.
وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵ دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، لەئێستاشدا ھیچ مەترسییەک لە ناوچەکە نەماوە.
جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەداش نیگەرانی لەو رووداوە راگەیاند و وتی، چاوڕێی زانیاری زیاترن لەسەر ئەو رووداوە کارەساتبارە.
لە سەرەتای مانگی شوباتیش، پیاوێک بە بارھەڵگرێکەوە بە ئەنقەست خۆی کرد بە دایەنگەیەکی منداڵاندا لە شاری مۆنتریال و بەھۆیەوە دوو منداڵ کە تەمەنیان چوار ساڵان بوو گیانیانلەدەستدا و شەش منداڵی دیکەش برینداربوون.
لە ساڵی ٢٠١٨شدا ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بەناو قەرەباڵغییەکدا لە شاری "تۆرنتۆ" و بەھۆیەوە ١١ کەس گیانیانلەدەستدا و ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی شانشینی بەحرەین بە ئاژانسی سپۆتینگی روسی راگەیاندووە، لەئێستادا گفتوگۆی گرنگ لەنێوان بەحرەین و ئێراندا ھەیە و کۆبوونەوەکانیش دوو قۆڵین و بەبێ نێوەندگیر بەڕێوەدەچن بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مەنامە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکان رادەگەیەنرێن، دوای ئەوەی ھەردوولا لەسەر دۆسیە ناکۆکی لەسەرەکان رێککەوتن.
ھاوکات رۆژی دووشەممە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران خواستی ئەوەی ھەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەحرەین ئاسایی بکاتەوە و پێشوازی لەھەر ھەوڵێکیش دەکات بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
پەیوەندییەکانی ئێران و بەحرەین لە ٢٠١١ەوە پچڕاون، دوای ئەوەی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە زۆرینە شیعەنیشینە دەربڕی، لە بەرامبەریشدا سعودیە ھێزی سەربازی بۆ پشتیوانی مەنامە رەوانەی ئەو وڵاتە کرد و خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێھێنرا.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، ئەرسەلان بەھرامی ھونەرمەند و وێنەگری خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی ١٠٥ ی دادگای تاوانەکانی دوو لە شاری سەقز، بەتۆمەتی پڕوپاگەندەکردن دژی دەوڵەت، سزای ٩مانگ زیندانی و ٥٠ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێنراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەروەھا سەجاد مورادی ھاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ناڕوونی چارەنووسی و پشتگوێخستنی دۆسییەکەی و رێگە نەدان بە گرتنی پارێزەر بۆ دۆسیەکەی، لە زیندان دەمی خۆی دووریوە.
یەنس لاری، وتەبێژی نووسینگەی رێخەری کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتوەکان پارێزگاریی لە رێککەوتنەکە دەکات و چاودێری جێبەجێکردنی دەکات.
١٨ی ئەم مانگە وادەی رێککەوتنەکەی پێشووی ھەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین کۆتایی دێت و بەپێی لێکتێگەیشتنەکانیش دەبێت بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ درێژ بکرێتەوە، بەڵام رووسیا رەزامەندی لەسەر ٦٠ رۆژدا.
بەپێی رێککەوتنەکە دانەوێڵەی ئۆکراینی لە رێگەی دەریای رەشەوە ھەناردە دەکرێت.
مەحمود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا رایگەیاند، بەھۆی بومەلەزەکانی تورکیا بەشێکی زۆری خوێندکاران لە پڕۆسەی خوێندن دابڕابوون، لە ئێستادا ٢٤٢ ھەزار و ٩٠٤ خوێندکار لەو ١٠ پارێزگایەیی بومەلەرزە لێیدابوون، بەمەبەستی درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی تری تورکیا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ٣٣ ھەزار و ١٤٢ خوێندکار بۆ ئەنقەرە و ٢٢ ھەزار و ٣٠٠ خوێندکار بۆ مێرسین و ٢١ ھەزار و ٨٣٢ خوێندکار بۆ ئەنتاڵیا گواستراونەتەوە.
فەیسەڵ بن فەرحان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت باسی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریازی کرد، کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پچڕاوە و وتی، ئەو رێککەوتنە بە مانای چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوانیان نایەت، بەڵام گەڕانەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان ئاماژەیەکە بۆ خواستی ھەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێی دانوستان و گفتوگۆوە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەبەوەکرد، چاوەڕوانە بەمنزیکانە چاوی بە ھاوتا ئێرانییەکەی بکەوێت.
باسی لەوەشکرد، رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران بە نێوەندگیری چین بووە، دوای دوو ساڵ لە دانوستان و گفتوگۆی چڕ لە ھەردوو وڵاتی عێراق و عومان.
ئاژانسی ھەواڵی ناوەندی کۆریا بڵاویکردەوە، کۆریای باکور دوو مووشەکی کروزی ستراتیژی تاقیکردووەتەوە، کە لەژێر دەریاییەکەوە ھەڵدراون.
راشیگەیاندووە، ئەو موشەکانە ئەتۆمین و نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتریان بڕیوە و ئامانجەکەیان لەناو دەریا پێکاوە.
لای خۆیەوە، سوپای کۆریای باشور بڵاویکردەوە، ھێزەکانیان خستووەتە ئامادەباشییەوە و لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵگری ئەمریکا لە پەیوەندیدان، بۆ وەرگرتنی وردەکاری زیاتر لەسەر ئەو تاقیکردنەوەیە.
تاقیکردنەوەی ئەو دوو مووشەکە لەلایەن پیۆنگ یانگەوە لە کاتێکدایە، لەمڕۆوە ئەمریکا و کۆریای باشور مانۆڕێکی ھاوبەش دەستپێدەکەن و ١١ رۆژ بەردەوام دەبێت، پیۆنگ یانگیش پێیوایە ئەو مانۆڕانە وەک راگەیاندنی جەنگ وایە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، دادگای باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی و دروستکردنی گرووپی یاخی و ئەنجامدانی "کردەوەی تیرۆریستی" لە پارێزگای خوزستان، سزای لەسێدارەدانی بەسەر حەبیب شەعبدا سەپاندووە، سزاکەش حکومی کۆتایی وەرگرتووە.
لە کاردانەوە بەرامبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو ھاووڵاتییەدا، کە ھاوکات ھەڵگری رەگەزنامەی سویدە، وەزارەتی دەرەوەی سوید، سزاکەی بە سزایەکی نامرۆڤانە ناوبرد و ئیدانەی کرد.
حەبیب شەعب ھاووڵاتییەکی ئێرانییە و لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠وە لە ئێران دەستبەسەرە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا و لە وەڵامی پەیامنێری کوردسات نیوزدا رایگەیاند، ئەنجامی دانوستانی وەفدە ئەمنییەکانی ئێران و عێراق دروستکردنی لیژنەی ھاوبەشی لێکەوتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنورییە ھاوبەشەکان، بە تایبەت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە بەرپرسی پاراستنی سنورەکان دەزانن.
راشیگەیاند، وڵاتەکەی جەختدەکاتەوە لەسەر چەککردنی حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و نابێت خولی مانەوە و فێرکاری بۆیان بمێنێت.
ناسر کەنعانی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق بەردەوام ھەوڵی داوە بۆ ئەوەی فشارەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان نەبێت، بە تایبەت لە بواری ئابوری. ھەروەھا ئامانجی عێراق ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە بوو، ئەو ئامانجەش ھاتەدی و پێزانیان بۆ ھەوڵەکانی عێراق ھەیە.