جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن بڕیاری ناردنی بۆمبی ھێشوویی بۆ ئۆکراین بە بڕیارێکی قورس ناوبرد و رایگەیاند، دواجار گەیشتە ئەو بڕوایەی بۆمبەکە رەوانەی ئۆکراین بکات لەبەرئەوەی کیێڤ بۆ ھێرشی پێچەوانە پێویستییەتی.

جیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ھەنگاوە بڕیارێکی قورس بوو بۆ ماوەیەک دوایانخست بەڵام ئێستا کاتەکە گونجاوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکراین بە نوسراو گەرەنتی داوە لەبارەی چۆنیەتی بەکارھێنانی بۆمبەکە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لەسەر مەدەنییەکان.

روسیا بەتوندی دژی ناردنی بۆمبی ھێشووییە بۆ ئۆکراین و پێی وایە بەکارھێنانی ئەو بۆمبە دەبێتە مایەی لەناوبردنی بەکۆمەڵی کەسانی مەدەنی.

ئەو بۆمبانەی ئەمریکا دەیانداتە ئۆکراین  لە رێگەی تۆپھاوێژی ھاوتەرز ئاراستە دەکرێن، کێشی ھەر یەکێکیان ٤٣٠ کیلۆگرامە و ٨٨ بۆمبی بچوکی تێدایە، ھەر یەکێک لەو بۆمبانە لە دووری ٣٠ کیلۆمەترەوە ئامانجەکانیان دەپێکن.

ئەم جۆرە بۆمبە دروستکراوە بۆ تێکشکاندن و پەکخستنی تانک و زرێپۆش، لەگەڵ ئەوەشدا بەوە ناسراوە تێکڕای نەتەقینەوەی بەرزە، کە لەوانەیە دوای ساڵێکی زۆر بتەقێنەوەو کوژراو  برینداری لێبکەوێتەوە.

واشنتۆن جەختدەکاتەوە لەوەی ئەو بۆمبانەی دەدرێنە ئۆکراین تێکڕای نەتەقینەوەیان دەگاتە  ٢.٣٥٪، بەڵام ئەوانەی روسیا رێژەی نەتەقینەوەیان دەگاتە ٣٠٪ بۆ ٤٠٪.

لە کۆگاکانی ئەمریکا سێ ھەزار بۆمبی ھێشووی ھەیە و دواین بەکارھێنانیشی لەلایەن ئەو وڵاتەوە لە عێراق بووە لە ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام روسیا لەسەرەتای جەنگی ئۆکراینەوە بەردەوام لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ئۆکراین بەکاریھێناوە.

 زیاتر لە ١٢٠ وڵات پەیماننامەی قەدەغەکردنی بۆمبی ھێشووییان ئیمزاکردووە جگەلە ئەمریکا و روسیا و ئۆکراین، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکارھێنانی بۆمبەکە قەدەغە نیە، رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ داوای لە روسیا و ئەمریکا کردووە ئەو بۆمبە بەکارنەھێنن.