لویس میگێل، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ھەوڵدەدرێت لە رێگەی پلانی ھاوبەشی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە ھاوکاری ئۆکراین بکرێت بۆ ھەناردەکردنی دانەوێڵەکەی و دیارترین پلانیان دۆزینەوەی رێگای جێگرەوەیە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ئۆکراین لە رێگەی وشکانیەوە.
وتیشی، رێگەیەکی دیکە بەردەوامی پاڵپشتیکردنی ھەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی دانەوێلە لە رێگەی دەریای رەشەوە، لەگەڵ زیادکردنی پشتیوانییە داراییەکان بۆ وڵاتانی سێیەم و بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٤ بڕی ١٩ ملیار دۆلار بۆ ئەو مەبەستە خەرجبکرێت.
وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا راشیگەیاند, ئەو بڕیارانە لە کاتێکدا دراون، کە روسیا لە درێژکردنەوەی رێککەوتنامەی ھەناردەی دانەوێڵە کشاوەتەوە.
دەشڵێت، جگە لەوەش وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەوپەڕی ھەڵدان بۆ پتەوکردنی بەندەرەکانی ئۆکراین بە شێوەیەک بتوانێت دانەوێڵە لە رێگای دەریای بەڵتیکەوە ھەناردەی وڵاتانی جیھان بکات.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزەکانی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی شەممە کاروانێکی سوپای سوریای لە باشوری رۆژھەڵاتی دێرەزور بەئامانج گرتووە و بەھۆیەوە چەند سەربازێک گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
باسی لەوەشکردوە، ئەو بۆردومانە درێژکراوەی ھێرشەکانی دیکەی ئەمریکایە بۆ پشتیوانی گروپە چەکدارەکان و بەکارھێنانی گروپە جوداخوازەکان وەک کارتێک بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی.
ئەوە لەکاتێک دایە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوش داعش کاروانێکی سوپای سوریای لە دێرەزور کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ٣٣ سەرباز کوژراون، ئەوەش بە خوێناویترین ھێرشی داعش لەمساڵ دادەنرێت.
رێکخراوی ( ئێس، ئۆ، ئێس) بڵاویکردەوە، لە نێو ئەو ٦٢٣ کۆچبەرەی رزگارکراون، ١٤٦ مێردمنداڵ بەبێ یاوەری کەسوکارو ١٥ منداڵی تر لەگەڵ کەسوکاریان و دوو ژنی دوو گیان ھەبوون.
کارلا مەلەکی جێگری بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکانی رێکخراوەکە رایگەیاند، بەھۆی بێتوانایی لە گواستنەوەیان بۆ مەودایەکی دوورتر، بەشێک لە کۆچبەرەکان لە دوورگەی لامپیدوسا دابەزێنراون و بەشەکەی تریان لە بەندەری (چیڤیتاڤیکیا) لە باکوری رۆژئاوای رۆما ماونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت تا ١٤ و ١٥ی ئاب کەشتییان پێبگات.
ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە کەناراوەکانی دوورگەی لامپیدوسای ئیتاڵیا بەلەمێک ژێر ئاو کەوت و بەھۆیەوە ٤١ کۆچبەر کە لە کەناراوەکانی تونسەوە بەڕێکەوتبوون خنکان.
بە پێی راپۆرتێکی رۆژنامەکە، ئێران بە پلەیەکی زۆر کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، تەواوکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی خاوکردووەتەوە و بەشێک لە کۆگاکراوەکانی کەمکردووەتەوە.
لەدوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئێران لە ١٥ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، ئیدارەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا ھەوڵەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە کارنامەی ئیدارەکەیدا لابردووە.
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ کشاوەتەوە، چەند مانگێکیشە دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە راگیراون.
دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ بەلەمێکی تیمە دەریاییەکانیان لەکاتی گەڕاندا بەلەمێکی کۆچبەرانی لەکاتی ژێرئاوکەوتندا بەدیکردووەو بە پەلە داوای فریاگوزاری کردووە، دوای بەھاناوەچوونیان تەرمی ٦ کۆچبەریان دۆزیوەتەوەو نزیکەی ٥٠ کۆچبەری تریش رزگارکراون.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، ھێلیکۆپتەرێک و چوار کەشتی فەڕەنشی و دوو کەشتی بەریتانی بەھانای کۆچبەرەکانەوە چوون و لە کەناراوەکانی ناوچەی ( با دوو کالیە) لە باکوری فەڕەنسا گەڕان بەدوای بێسەرشوێنبووەکانیشدا بەردەوامە.
لە ساڵی ٢٠١٨_ەوە سەد ھەزار کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە، لە دوو ساڵی رابردووشدا دەیان کۆچبەر لەکاتی ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا خنکاون.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، تیرۆریستانی داعش پەلامارێکیان بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە بادیە مەیادین لە ریفی دێرەزووری خۆرھەڵات ئەنجامداوە، بەھۆیەوە ٢٣ سەرباز کوژراون و زیاتر لە ١٠ سەربازی دیکە برینداربوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنیش رایگەیاندووە، تیرۆریستانی داعش بۆسەیان بۆ ئەو سەربازانە داناوە و ئۆتۆمبێلەکەیان بە ئامانج گرتووە.
پێشتریش ئاژانسی ھەواڵی "سانا" بڵاویکردبووەوە، پەیامنێری کەناڵێک و دوو سەربازی سوپا، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەرێگەی ریف دەرعا کوژراون.
لێپرسراوانی حکومەتی خۆجێیی ویلایەتی ھاوای لە ئەمریکا رایانگەیاندووە، بەھۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکەی دارستانەکانی دوورگەی ماوی کە ناوچەیەکی گەشتیارییە، ١٧ کەسی تر گیانیانلەدەستداوە، بەوەش تائێستا ٥٣ کەس بەھۆی ئەو ئاگرەوە گیانیانلەدەستداوە و ھێزەکانی ویلایەتەکەش لەھەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەگە و رزگارکردنی دانیشتووانی دوورگەی ماوی کە زۆرینەیان گەشتیارن.
میدیاکانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دوورگەی ماوی لە ویلایەتی ھاوای بە ناوچەی کارەساتباری گەورە راگەیاندووە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکیدا لە ویلایەتی یوتای وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەو کێشەو قەیرانە ئابوورییە گەورانەی چین تووشی بووە، وایکردووە ئەو وڵاتە ببێتە بۆمبێکی چێندراو و لەھەر کات و ساتێکدا بێت دەتەقێتەوە، بەتایبەتیش بەھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و کەمبوونەوەی ھێزی کار و زۆربوونی ژمارەی کەسانی بەتەمەن و بەو ھۆیەشەوە چین لە قەیرانێکی گەورەدایە.
وتیشی، کێشە گەورەکە ئەوەیە چین نەریتێکی خراپی ھەیە و ھەر کاتێک روبەڕووی قەیران و کێشەی ناوخۆیی دەبێتەوە، کرداری نەشیاو و نابەجێ دەکات، بۆیە ئەمریکاش دەیەوێت پەیوەندییەکی ژیرانەی لەگەڵ ئەو وڵاتە ھەبێت و پێویستە بزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، بەھەموو مانا و لێکدانەوەیەک جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەتەواوی عەقڵی لەدەستداوە و شێت بووە و توانای بەڕێوەبردنی فەرمانگەیەکی زۆر بچوکیشی نییە نەک سەرۆکایەتیکردنی وڵاتێکی گەورەی ئەمریکا کە سیاسەتی ھەموو جیھان دیاری دەکات.
وتیشی، بایدن بەشێوەیەک عەقڵی لەدەستداوە و ھیچ توانایەکی نەماوە، ئەگەر رێگری لێنەکرێت، ئەمریکا بەرەو جەھەنەم دەبات و کارەساتێک دروستدەکات بە ١٠ سەرۆکی ئەمریکا لە دوای بایدن نەتوانن رەوشەکە بگەڕێننەوە بۆسەر رێگەی راست.
لێپرسراوانی روسیا رایانگەیاند، ھێزەکانی ئۆکراین چوار بۆمبی ھێشووییان لە شاری گورلوڤگا لە دۆنێتسک تەقاندووە.
دەستەی فریاگوزاری روسیاش رایگەیاند، کایەی ئاسمانی فڕۆکەخانەی ڤنوکوڤو لە مۆسکۆ داخراوە و جموجوڵی فڕۆکە و گەشتەکان راگیراون، ئەوەش بەھۆی بوونی مەترسی ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکە بیستراوە و داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن لە پەناگەکان بمێننەوە، ھەروەھا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچە لێدەدرێت.
ئاژانسی رۆیتەرزیش لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ کۆمپانیاکانی چەک تاوتوێی رادەستکردنی مووشەی کروز لە جۆری توروس دەکات بە ئۆکراین.
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، تیمەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی-ئێف بی ئای، لە ناوچەی برۆڤۆ لە ویلایەتی یۆتا، ھەوڵیانداوە کەسێک دەستگیر بکەن، بەڵام ئەو کەسە بۆ بەھۆی تەقەی تیمەکەوە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسە بە لایەنگری دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دادەنرێت و پێشتر چەند جارێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ھەڕەشەی کوشتنی لە جۆ بایدن سەرۆک و کامالا ھاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە داواکارانی گشتیی چەند ویلایەتێک کردووە.
ھەروەھا ئەو کەسە، چەکی نیشانشکێنی دوورمەودا و چەندین جۆر چەکی تری ھەبووە.
تیمی دەریاوانی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی رابردوو زانیارییان لەسەر بەلەمێکی کۆچبەران پێگەیشتووە، کە لە نزیک ناوچەی چشمەی تورکیا گیریانخواردووە، دوابەدوای گەیشتنی تیمەکان بەشوێنی رووداوەکە، تواندراوە ٦٧ کۆچبەری نایاسایی رزگاربکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆچبەرەکان لەلایەن بەرپرسانی وڵاتی یۆنانە ناچارکرابوون بگەڕێنەوە تورکیا، لە کاتی گەڕانەوەشیاندا بەھۆی خراپی کوالێتی بەلەمەکەیانەوە و زۆری ژمارەی سەرنشینەکان گیریانخواردبوو.
تیمی دەریاوانی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا کۆچبەرەکان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەر لە ئیزمیر کراون، بۆ ئەوەی رێککاری پێویست بەرامبەریان بگیرێتەبەر.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاماژەی بەوەکردووە، گۆڕاوە نوێکە ناوی ( ئی جی ٥)ی لێنراوە کە جۆرێکە لە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بڵاوبوونەوەی لە جیھاندا زیادیکردووە بە تایبەت لە بەریتانیا و ئەمریکا و چین.
ڤایرۆسەکە لە ٥١ وڵاتی جیھان دەستنیشانکراوە، لەچەند ھەفتەی رابردوودا سەدان ھەزار کەس لە ژمارەیەک وڵاتی جیھان تووشی بوون.
بەرپرسانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایانگەیاندووە، نیشانەکانی جۆرە نوێکەی کۆرۆنا ھەمان نیشانەی جۆرەکانی دیکەی ھەیە، بەڵام خێراییەکەی زیاترە و لەئێستادا لەسەدا ١٧.٤ی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا پێکدەھێنێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە تاران رایگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتی سێییەم، ئەمریکا و ئێران رێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕیان ئەنجامداوە و ئێران لەبەرامبەر ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی لە کۆریای باشور، پێنج دەستگیرکراوی ئەمریکی لە گرتووخانەی ئێڤین لە نزیک تاران ئازاد کردووە و براونەتە شوێنی دەستبەسەرکردن لەناو تاران.
وتیشی، بڕیارە دەستگیرکراوە ئەمریکییەکان و پارە بلۆککراوەکەی ئێران بگوازرێنەوە بۆ وڵاتی قەتەر و لەنێوان ھەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی پێبکرێت.
ھاوکات جارید جینسەر پارێزەری سیاماک نمازی رایگەیاند، جگە لە ھەردوو سەرمایەدار سیاماک نمازی تەمەن ٥١ ساڵ و عیماد شەرقی ٥٨ ساڵ، موراد تەھباز تەمەن ٦٧ ساڵ ژینگەپارێزی تێدایە، بەڵام ناسنامەی چوارەم ئاشکرانەکراوە و کەسی پێنجەمیش ژنێکی ئێرانی بەرەگەز ئەمریکییە لە ماوەیەکی رابردووی ئەمساڵدا ئازادکراوە.
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بەھۆی بەردەوامی وشکەساڵی و کەمبارانی و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەماوەی چوار ساڵی دوابەدوای یەکدا، بەدرێژایی مێژوو ھیچ کاتێک عێراق ھێندەی ئێستا تووشی کەمی سەرچاوەکانی ئاو نەبووە چ لە رووی سەرچاوەی ئاو یاخود لە رووی ئاوی کۆگاکراو بێت.
وتیشی، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمئاوی لە ھەوڵدان لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا و ئێران ھەڵبدەنەوە چونکە ئەگەر لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەرسێ وڵاتدا نەبێت بەھیچ شێوەیەک ناگەنە ئەنجام و لەگەڵ ئەوەی یاسا و پەیماننامەی نێودەوڵەتی ھەیە تایبەت بە دۆسێی ئاو، بەڵام تورکیا و ئێران ئیمزایان لەسەر ئەو یاسا و پەیماننامانە نەکردووە، بۆیە پێویستیان بەوە بەرێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە گفتوگۆ بکەن و بگەنە رێککەوتن بۆئەوەی بەشەئاوی عێراق بەربدەنەوە.

حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ھەموو ئەو خاوەن کار و خاوەن پیشانەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە دەخەنەسەر کار کە بەڵگەنامەی رەسمییان نییە، سزای دارایی زیاتریان دەخەنەسەر، ئەوەش لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ سنوردارکردنی دیاردەی کۆچی نایاسایی.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش رایگەیاندووە، دامەزراندنی کۆچبەرانی نایاسایی ھاندەریان دەبێت بۆ گرتنەبەری رێگە نایاسایی و مەترسیدارەکان لەپێناو گەیشتن بە خاکی بەریتانیا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، سزاکان سێ ھێندە زیاتر دەبن و دەگەنە ٥٧ ھەزار دۆلار بۆ ھەر کرێکارێکی کۆچبەر، ئەگەریش پێشێلکارییەکە دووبارەببێتەوە سزاکە زیاتر دەبێت، بڕیارەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھاوکات دەزگای لوتکە بۆ کارەباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، حکومەتی بەریتانیا یەکەم کاروانی کۆچبەرانی ڕەوانەی کەشتی بیبی ستۆکۆڵم کرد کە لە دەریادا دەمێنێتەوە، تا دۆسیەکانیان یەکلای نەکرێتەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر وشکانی، بەتایبەتی خاکی بەریتانیا.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ١٣ ھەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، زیاتر لە ٤٥ ھەزار کۆچبەر لەڕێی بەلەمەوە خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی ئینگلتەرا، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە.