ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی ھاوپەیمانیی کۆمار، ٤٩.٤٩% و کەمال کڵچدارئۆغڵو کاندیدی ھاوپەیمانیی میللەت، ٤٤.٧٩% و سینان ئۆغان کاندیدی ھاوپەیمانیی ئاتا، ٥.٢٩%ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە.
وتیشی، رێژەی سندووقە کراوەکان لە ناوخۆی تورکیا گەیشتووەتە ٩٤.٦٨% و لە دەرەوەی تورکیا گەیشتووەتە ٣٦.٨٥، بە کۆی گشتیش رێژەی دەنگی جیاکراوە، گەیشتووەتە ٩١.٩٣%.
بایدن لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان سەبارەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، ھەر کەسێک سەردەکەوێت با سەربکەوێت، ئەو ناوچەیە پڕێتی لە کێشە.
ئەوە یەکەم لێدوانی "بایدن"ە سەبارەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و بەپێی ئاژانسەکان لێدوانێکی چاوەڕواننەکراو بووە.
پێشتر سولەیمان سوەیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت لەڕێی راگەیاندنەکانی وڵاتانی خۆرئاواوە دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا بکات و ئەجێنداکانی جێبەجێ بکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ئەنقەر وتارێکی پێشکەشی ھەزاران لایەنگری پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە کرد و وتی، ئەگەر ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکەوێتە خولی دووەم، ئەوا بە دڵنیایی سەرکەوتن تۆمار دەکات و دەبێت بە سەرۆک کۆماری تورکیا.
کەمال کڵچدارئۆغڵو وتیشی، ئەنجامە بەراییەکان دەریان خستووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو متمانەیی گەلی بەدەستنەھێنا کە چاوەڕوانی دەکرد.
"ئەردۆغان" لەوتارێکدا لەبەردەم لایەنگرانی لە ئەنقەرە وتی باوەڕیان وایە بە بەدەستھێنانی سەروو ٥٠%، کۆتایی بەم خولەی دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا دەھێنن، وتیشی دەزانن ئەوان سەرکەوتوون بەڵام چاوەڕێی ئەنجامە رەسمییەکان دەکەن، کە ئیرادەی گەل پیشان دەدەن و بە جیاوازییەکی زۆر لەپێشەوەن.
وتیشی، تورکیا لەڕێی ھەڵبژاردنی ١٤ی ئایارەوە، فێستیڤاڵێکی دیکەی دیموکراسی کۆتاییپێھێنا.
"ئەردۆغان" باسی لەوەشکرد، رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکە ھاوتای نەبووە لە جیھاندا و گەورەترینە لە مێژووی سیاسی وڵاتەکەدا، داواشی لە چاودێران کرد تا کۆتایی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، بمێننەوە.
بە پێی ئەنجامە بەراییەکان و رێژەی ئەو دەنگانەی جیاکراونەتەوە، پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکەپە، بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست-مەھەپە، بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی و پارتی رەفا، کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی کۆمار بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد، لە کۆی ٦٠٠ کورسیی پەرلەمانی تورکیا، ٣٢١ کورسیان بەدەستھێنا.
ھاوکات پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لەگەڵ پارتی باش، کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی میللەت بەشداریان کرد، پێکەوە ٣٥.١٧%ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و تائێستا ٢١٣ کورسیی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە.
ھاوکات ھاوپەیمانیی رەنج و ئازادی، کە پارتی چەپی سەوز بەشێکە لەو ھاوپەیمانییە، رێژەی ١٠.٥٢%ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و تائێستا ٦٦ کورسیی مسۆگەر کردووە.
سینان ئۆغان، کە دەنگی پێویستی بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری تورکیا بەدەستنەھێنا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە ئێستا بەدواوە پڕۆسەیەکی سەخت چاوەڕێیان دەکات و لە یەک بۆ دوو رۆژی داھاتووشدا سەرۆکانی ھاوپەیمانیی ئاتا کۆدەبنەوە و پێیەی ئەو رەوشەی ھاتووەتەئاراوە، نەخشەڕێگەی خۆیان دیاری دەکەن و ھەرچییەک لە بەرژەوەندیی گەلدا بێت بڕیاری لەسەر دەدەن.
سینان ئۆغان، کاندیدی ھاوپەیمانیی ئاتای بوو بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا و تەنھا ٥.٢%ی دەنگەکانی بەدەستھێنا.
بەپێی ماددەی سێیەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکاندا، سەرەتا پەرلەمانتاران سوێند دەخۆن، ئەوانەشی لە رێوڕەسمی سوێندخواردندا بەشدار نابن، دەتوانن لە کۆبوونەوەکانی دیکەی ھەمان رۆژدا سوێند بخۆن.
بەم جۆرە پەرلەمانتاران دوای سوێندخواردن دەستبەکار دەبن. ئەو پەرلەمانتارانەیش کە خۆیان دەبوێرن لە سوێندخواردن لەو ماف و ئیمتیازاتانە سوودمەند نابن کە دەدرێنە پەرلەمانتاران.
لە یەکەم کۆبوونەوەدا تا ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، بەتەمەنترین پەرلەمانتار بە ئەرکی سەرۆکایەتی کاتی پەرلەمان ھەڵدەستێت و دووەم بە تەمەنترین پەرلەمانتاریش، ئەرکی بریکاری سەرۆکی پێ دەسپێدرێت.
شەش گەنجترین پەرلەمانتاریش دەبنە ئەندامی نووسەر لە پەرلەمان.
بەپێی ماددەی ١٠ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دووجار سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت. گەڕی یەکەم بۆ ماوەی دوو ساڵ و گەڕی دووەمیش بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت.
بوون بە سەرۆکی پەرلەمان لە دەنگدانی یەکەم و دووەمدا، پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی تەواوی ئەندامانە و لە ئەگەری دەنگدانی سێیەمیشدا، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی رەھای تەواوی ئەندامانی پەرلەمانە.
ئەحمەد یەنەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی ئایار خولی دووەمی ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی لەسەدا ١٠٠ سندوقەکانی ناوخۆ کراونەتەوە و رێژەی بەشداری لە ناوخۆ لەسەدا ٨٨.٩٢ و لە دەرەوەیش لەسەدا ٥٢.٦٩یە.
بەپێی ئەنجامەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی ھاوپەیمانیی کۆمار، ٤٩.٥٠٪ و کەمال کڵچدارئۆغڵو کاندیدی ھاوپەیمانیی میللەت، ٤٤.٨٩٪ و سینان ئۆغان کاندیدی ھاوپەیمانیی ئاتا، ٥.١٧%ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە.
بەبڕوای شیکەرەوان سینان ئۆغان کە بەکەسێکی نزیک لە روسیا دادەنرێت رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە یەکلایکردنەوەی ئەنجامی خولی دووەم.
لە سەعات ٨:٠٠ـی بەیانی ئەمڕۆوە پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا دەستیپێکردووە و ئێستاش پرۆسەی دەنگدان بەردەوامە، لە ھەڵبژاردنەکەدا ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ ھەزار و ٨٤٣ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، لەو ژمارەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەس یەکەمجارە دەنگ دەدەن.
دەنگدەرانی تورکیا ئەمڕۆ کاتێک دەچنەسەر سندوقەکانی دەنگدان، دوو دەنگ دەدەن یەکەمیان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە کە سێ کاندید رکابەری دەکەن، دووەمیشیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانە کە زیاتر لە ٢٤ حزب ناویان لەسەر کارتی دەنگدان ھەیە و کێبەرکێ لەسەر ٦٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن.
ئەگەر لە گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا ھیچ کام لە کاندیدەکان ٥٠٪ی دەنگەکان زیاتری بەدەستنەھێنا، ئەو کاتە ئەو دوو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگیان بەدەستھێناوە، دەچنەگەڕی دووەم و رۆژی ٢٨ی ئایار ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دووبارە دەکرێتەوە.
سەرەکیترین ھاوپەیمانییەکانی تورکیاش بریتین لە ھاوپەیمانی کۆمار کە پێکھاتووە لە (ئاکپارتی، مەھەپە، ھوداپار، پارتی یەکێتیی مەزن و پارتی یەنیدەن رەفاھـ) و کاندیدەکەشیان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، ھاوپەیمانی میلـلەتیش کە پێکھاتوون لە پارتەکانی (جەھەپە، ئیی پارتی، سەعادەت، ئاییندە، دەڤا و پارتی دیموکرات) کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکایەتی کەمال کڵیچدارئۆغلۆیە، ھاوپەیمانی رەنج و ئازادیش کە پێکھاتووە لە پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، پارتی سەوزی چەپ (یەسە) و پارتی کرێکارانی تورکیا، کاندیدی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نییە و پشتیوانی لە کەمال کڵیچدارئۆغلۆ دەکات.
پەروین بوڵدان دوای ئەوەی لە بنکەیەکی دەنگدان لە شاری وانی باکووری کوردستان دەنگیدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، دەنگەکانیان بۆ ئارامی ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەرییە.
وتیشی، لە تورکیا نادادپەروەری ھەیە و بەم ھەڵبژاردنە گۆڕانکاری دەکەن و چاوەڕوانن چارەنووسی تورکیا بگۆڕێت، راشیگەیاند، لە تورکیا سیستمێکی خراپ ھەیە و دەبێت ئەمڕۆ ئەو سیستمە کۆتایی بێت.
محەمەد ڕوشتوو نوێنەری ھەدەپە و پارتی چەپی سەوز لە دەستەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساختەکاریی لە بەشێک لە ناوەندەکانی دەنگدان لە شارو شارۆچکەکان ئەنجامدراوە، دەنگی ئامادەکراو بۆ ناو سندوقەکانی دەنگدان ئامادەکراوە، بۆ ئەوەش سکاڵا لەسەر ئەو ساختەکارییانە تۆمار دەکەین.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بە درێژایی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان وەک ناوەندی ھەماھەنگی چاودێری ھەڵبژاردنەکان قسەی خۆیان لەسەر ڕەوشی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن کردوە، لە ھەموو شارو شارۆچکەکان چاودێرییان کردووە، لە ھەندێک شوێن پێشێلکاری روون و ئاشکراکراون.
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، خۆشحاڵە بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە بەشداریی تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکوومەت، ھیوادارە ئەوە ببێتە دەستپێک و ھەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک زیاتر ھەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆدەنگی و یەکڕیزی و تەبایی ھەیە، سەرۆکایەتیی ھەرێمیش وەک ھەمیشە لە کار و ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن و پشتیوانی لە ھەر ھەنگاوێک دەکات، ببێتە ھۆی بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان.
ئەحمەد یەنار سەرۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دەنگدان رایگەیاند، تا ئێستا کۆمیسیۆن رووبەرووی ھیچ دۆخێکی نەرێنی نەبووەتەوە.
وتیشی، لەمیانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان دوو ھاووڵاتی و چاودێرێکی سندوقەکانی دەنگدان بە جەڵدەی دڵ کۆچی دواییان کردوە و سەرەخۆشی لە کەسوکارەکانیان کرد.
ئەحمەد یەنار، سوپاسی ھەمووانیکرد بۆ رێکخستنی پرۆسەی دەنگدان و ھیوای خواست ھەڵبژاردن خێر و خۆشی بۆ گەل و وڵاتەکەیان بھێنێت.
ھاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە پەیامێکدا لە تویتەر، سوپاسی خودای کرد کە پرۆسەی دەنگدان لە وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەچوو، وتیشی، پێویستە ھەمووان خاوەندارێتی سندوقەکانی دەنگدان بکەن، تا راگەیاندنی ئەنجامەکان.
لای خۆشییەوە، پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی ھەدەپە لە پەیامێکدا بە پێویستی زانی دڵنیابن لەوەی یەک دەنگ بەفیڕۆ ناچێت و بەدەنگی ھەزاران گەنج و ژن ھەڵبژاردن بەرەو سەرکەوتن دەبەن.
میدحەت سەنجار ھاوسەرۆکی ھەدەپە رایگەیاندووە، لە ئێستادا یەک ھەنگاویان ماوە بۆ دروستکردنی ئاشتی و دیموکراسی و بە دڵنیایی سەردەکەون و دەیگۆڕن.
لای خۆشییەوە، کەمال کڵچدار ئۆغلو، کاندیدی ھاوپەیمانی میللەت پەیامێکی لە تویتەر بڵاوکردووتەوە و داوا لە پاڵەوانەکانی دیموکراسی دەکات ھەرچیەک رووبدات سندوقەکانی دەنگدان بەجێنەھێڵن، تا ئەو کاتەی راپۆرتی ئیمزاکراوی دەنگدان رادەست دەکرێت، ئیرادەی گەل پەیوەستە بە پێداگریتان و دەبینن شایەنی ئەو ماندووبوونەیە.
سینان ئۆغان کاندیدی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش دەڵێت، کۆتاییان بە ھەڵبژاردنێکی گرنگ بۆ ئایندەی تورکیا ھێنا ئێستا کاتی ئەوەیە پارێزگاری لە سندوقەکانی دەنگدان بکەین.
ئەرکان باش سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیاش رایگەیاندووە، ھەڵبژاردنیان بردەوە، ئێستا کاتی پاراستنی سەرکەوتنەکەیانە و نابێت رێگەبدەن ھیچ دەنگێک بەفێرۆ بچێت.
ئەردۆغان لە توێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێشتا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە و بەرژەوەندی گەلی تورکیا لە جیاکردنەوەی دەنگەکاندا رەنگیداوەتەوە.
ھاوکات داواشی لە لایەنگرانی کرد، سندوقەکانی دەنگدان بەھیچ شێوەیەک جێنەھێڵن تا ئەو کاتەی دەنگەکان یەکلایی دەکرێنەوە و ئەنجامی رەسمی رادەگەیەنرێت.
سینان ئۆغان ئاماژەی بەوەکرد، کە ناسیۆنالیستەکانی تورکیا و کەمالیستەکان کلیلی ئەم ھەڵبژاردنەن.
دەشڵێت، پێویستە ئەو کەسانەی لە دوو رۆژی کۆتاییدا دوای دەرکردنی موحەرەم ئینجە لە ھەڵبژاردنەکان بە فشاری جۆراوجۆر ھێرشیانکردە سەریان و بە ناڕەوا تۆمەتباریان کردن، وانەیەکی زۆر لەم وێنە سیاسییە وەربگرن.
ئەردۆغان لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە کۆشکی دۆڵمەباخچە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەناڵەکانی راگەیاندنی وڵاتەکەی ئەنجامداو لە وەڵامی تۆمەتەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی رادەستنەکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە رایگەیاند، حزبەکەی و ھاوپەیمانەکانی ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان بە شەرعی دەزانن و ئەوەی دیموکراسی داوای بکات ئەنجامی دەدەن.
وتیشی، ھیچ کێشەیەکی پەیوەندیدار بە کورد لە وڵاتەکەیاندا نییە، بەڵکو کێشەکە بریتییە لە دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی کورد.
ئەردۆغان راشیگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ موحەڕەم ئینجە کاندیدی کشاوەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجامداوە، لە پەیوەندییەکەدا تێگەیشتووە لە پشت بڕیارەکەی ئینجەوە کۆمەڵێک ھێرش ھەیە و کەسانی راستگۆ و بە کەرامەت ناتوانن قبوڵی بکەن.