ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەبەر ھۆکاری یاسایی و دەستوری، ئەو ماوەیە دیاریکراوە بۆ گواستنەوەیی زیندانییەکانی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕاندنەوەی سامانە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور رەوانەی قەتەر دەکرێت، پاشان رادەستی ئێران دەکرێتەوە، ھاوکات زیندانییەکانیش دەگەنەوە ئەمریکا و پێشبینیدەکرێت لە مانگی ئەیلولدا ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت.
مانگی رابردوو ئێران و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی چەند زیندانییەکی ئەمریکی، لەبەرامبەردا ئەمریکا بەشێک لە پارەی بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشور کە بڕەکەی نزیکەی شەش ملیار دۆلارە دەگەڕێنێتەوە.
ماڵپەری مۆنیتۆری ئەمریکی لەبارەی دەنگۆی جێگیرکردنی ھێزێکی زۆری ئەمریکا لەسەر سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا بەتایبەتیش لەناوچەی ئەلبوکەمال، لە زاری ژەنراڵ پات رایدەر سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو زانیارییانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە ھیچ بنەمایەکیان نییە و دروورن لە راستییەوە، چونکە ھیچ ھێزێکی ئەمریکا نەبراوەتە سەر سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا.
وتیشی، مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا تائێستا لە عێراق و سوریا تەنھا بە مەبەستی لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەیە و پاراستنی سنورەکانی نێوان عێراق و سوریاش ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا نییە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ھەر وڵاتێکی جیھان پێویستی بەھاوکاری بێت رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەر رێگری لێنەکرابێت، راستەوخۆ ھاوکاری گەیاندووەتە ئەو وڵاتانە، بەڵام لە زۆر وڵاتیش رێگری دەکرێت لەگەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بە زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی رووداو و شەڕ و ململانێکان.
وتیشی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لە ٦٩ وڵاتی جیھان ھاوکارییان گەیاندووەتە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن کەس.
تۆڕی ھەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە گفتوگۆی نێوان تیمی داواکاری گشتی و پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ترامپ کراون، بەتایبەتیش تۆمەتی ھەوڵدان بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەرچەندە وادەکە بە تەواوی دیاری نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت رۆژانی شەممە یان ھەینی داھاتوو دۆناڵد ترەمپ خۆی رادەستی یەکێک لە گرتووخانەی فۆڵتۆن لە ویلایەتی جۆرجیا بکات، وتەبێژی خزمەتی نھێنی ئەمریکاش رایگەیاندوە، ماوەی دوو ھەفتەیە لەگرتووخانەی فۆڵتۆن ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری خۆڕادەستکردنی ترەمپ کراوە.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە روسیا بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نەبووە ھێرش بکاتە سەر ئۆکراین، بەڵام دەسەڵاتدارانی کیێڤ کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا و لە بری ئەوان شەڕ لەگەڵ روسیا دەکەن و سەرەڕای ئەوەش کە بەھەموویان ھاوکاری ئۆکراین دەکەن، بەڵام تائێستا نەیانتوانیووە رێگری لە پێشڕەوییەکانی سوپای روسیا بکەن.
وتیشی، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تائێستا کۆی ھاوکارییەکانی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ ئۆکراین ١٦٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و لەو پارەیەش زیاتر لە ٧٥ ملیار دۆلار تەنھا بۆ ھاوکاری سەربازیی بووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو لێپرسراوەی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، واشنتۆن بە رەسمی دڵنیایی داوە بە دانیمارک و ھۆڵەندا، کە رازییە بەوەی پەلە بکرێت لە گواستنەوەی ژمارەیەک فرۆکەی ئێف ١٦ بۆ ئۆکراین ئەوەش دوای تەواوبوونی مەشقی فرۆکەوانە ئۆکراینییەکان لەسەر بەکارھێنانی فرۆکەکە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوو نامەی بۆ ھاوتا دانیمارکی و ھۆڵەندییەکانی ناردووە و دڵنیایی داوە کە ئەمریکا ئەو داواکاریییەی ئۆکراین پەسەند دەکات. بلینکن ئەوەشی راگەیاندوە، کە گرنگە ئۆکراین بتوانێت لە بەرامبەر رووسیادا بەرگری لە خۆی بکات.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی ھاوای ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ھەفتەیەک بەسەر کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی لاھینای مێژوویی تا ئێستا چارەنوسی زیاتر لە ھەزار کەس دیارنییە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێ لایەن گریمانەی ئەوە دەکەن رزگاریان بوبێت و لەدوای ھەڵھاتنیان لە ئاگرەکە نەیانتوانیبێت دەسەڵاتداران لە شوێنەکەیان ئاگادار بکەنەوە.
جۆش گرین حاکمی ویلایەتی ھاوای رایگەیاند، لە ناوچەی باکور ھیچ رزگاربوویەکی لێنیە، ئەوەش واتای ئەوەیە ژمارەی گیانلەدەستدانەکان زیاد دەکات و پێویستە خۆیان بۆ گەورەیی کارەساتەکە ئامادەبکەن.
ھاوکات دەسەڵاتدارانی دوورگەی ماوی ئاماژەیان بەوەکردووە، تیمەکانی فریاگوزاری و بەھاناچوون تا ئێستا توانیویانە ٤٠٪ی ئەو رووبەرە کێوماڵ بکەن کە ئاگر سوتاندوویەتی.
ھەسەدە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە چوارچێوەی کێوماڵکردنی تیرۆریستانی داعش و پاشماوەکانیان، بە ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھێزەکانی دژەتیرۆر، سەرکردەیەکی باڵای داعشیان لە شاری رەققە کوشتووە.
راشیگەیاند، ئەو تیرۆریستە ناوی ئیبراھیم عەلیە و بە ئەبی موجاھید ناسراوە، ئەمیری گشتیی ناوچەی رۆژھەڵات بووە.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، لەکاتی کوشتنی ئەو سەرکردەیەی داعشدا، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازیی.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان و فەیسەڵ بن فەرحان لە ریاز کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران چوونەتە قۆناغێکی نوێ، جەختیش لە گرنگی ھاریکاریی لەگەڵ ئێران کردەوە، وتیشی، چاوەڕێی سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن بۆ سعودیە.
لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە لەسەر رێڕەوێکی باشن و ھەردوولاش دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لە بوارە جیاوازەکان فراوانبکەن و کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
جەنەڕاڵ ماتیۆ ماکفەرلین، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا باسی لەوەکرد، داعش ھەوڵدەدات لەڕووی سەربازییەوە، توانای خۆی بەھێز بکاتەوە، بۆیەش ھێزەکانیان بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ ھێزە ھاوبەشەکانی دیکە، ئەوەش بەئامانجی لەناوبردنی یەکجارەکی ڕێکخراوەکە.
وتیشی، "رێگە نادەین لایەنە خراپەکانی دیکە لە ناوچەکە سەرقاڵمان بکەن و لە ئەرکی سەرەکی خۆمان کە شکستپێھێنانی داعشە دوورمان بخەنەوە، زۆر باش ئاگاداری ئەوەین ھێشتا ھەڕەشە لەسەر ھێزەکانمان لە عێراق و سووریا ھەیە، بەڵام ھێزەکانمان لەبەرامبەر بەو ھەڕەشانە بە ئاگان و چەندین ڕێوشوێنیان بۆ پاراستنی خۆیان گرتووەتەبەر".
بلینکن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەپێی ئەو رێککەوتنەی ھەفتەی رابردوو لەگەڵ ئێران کردوویانە، ئەمریکییە دەستگیرکراوەکان لە زیندانەوە گوازراونەتەوە بۆ شوێنی مانەوەی زۆرەملێ، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە.
دووپاتیشیکردەوە، ئیدارەی بایدن سیاسەتی بەرامبەر ئێران نەگۆڕاوە و لە دۆسیەی ئەتۆمیدا بەردەوامە لە فشار خستنە سەر ئەو وڵاتە و ستراتیژی بەرپەچدانەوە و فشار و دیبلۆماسییەت پەیڕەو دەکات.
بە پێی رێککەوتنێک کە ھەفتەی رابردوو لەنێوان ھەردوو وڵات کرا، ئێران ٥ ئەمریکی دەستگیرکراو ئازاد دەکات و ئەمریکاش ٦ ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشور دەخاتە سەر ھەژمارێکی بانکی لە قەتەر تاکو ئێران بتوانێت بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان بەکاریبھێنێت.
میدیاکانی ئێران، لە زاری کازم موسەوی سەرۆکی دادوەری پارێزگای فارسەوە گواستییەوە، لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی رۆژی یەکشەممەی نێو مەزاری شا چراغ لە شیراز کە بەھۆیەوە کەسێک کوژرا و ھەشت کەسی تریش برینداربوون، ھەشت تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کە ھەموویان بیانین و گومان دەکرێت پەیوەندییان بە رووداوەکەوە ھەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوابەدوای رووداوەکە کەسێک کە بە تەقەکەری رووداوەکە ناسێنراوە و دەستگیر کراوە.
لای خۆیەوە ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران لە سەردانێکیدا بۆ شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، تیرۆریستەکە ھاوکاری لەگەڵ تۆڕێکدا کردووە کە لە دەرەوەی ئێران کار دەکات.
رووداوەکەی کاردانەوەی ناوخۆیی و ناوچەیی و ژمارەیەک رابەر و سەرکردەی شیعەی عێراقی لێکەوتەوە و بە توندی ئیدانەیان کرد.
ھەرچەندە میدیا ناوخۆیەکانی سوریا باس لەوەدەکەن کە تەقیینەوەکان بەھۆی تەقیینەوەی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیەوە بووە تیرۆرستی نەبووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و لایەنی ئەمنیی بە تەواوەتی ئەو زانیاریەیان پشتراست نەکردوەتەوە.
بەپێی ئاژانسی رەسمی سوریا، بۆئەوەی روونبێتەوە کە تەقیینەوەکان لە ئەنجامی کردەوەی تیرۆرستی بووە یاخود نا لێکۆڵینەوە لە شوێنی تەقیینەوەکان تا ئێستا بەردەوامە.
یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تورکیا ئاشتی دەوێت، بەڵام لە سوریا ناکشێنەوە تاکو ئەو کاتەی گەرەنتی ئاسایشی سنوورەکان و گەلی تورکیا نەکرێت.
وتیشی، نوسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا و پەیڕەوکردنی، قۆناغێکی گرنگە بۆ بەرقەرابوونی ئاشتی لە سوریا.
ھەفتەی رابردوو بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ھیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ناکات، تاکو سەرجەم ھێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا نەکشێنەوە.