پوتن: خۆشحاڵم بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مۆسکۆ
کوردسات نیوز
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆڕبەندی ڤاڵدای کە لە شاری سوچی بەڕێوەچوو رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و مۆسکۆ ستراتیژین و چەندین بەرژوەندی ھاوبەشیان ھەیە، لەسەرووی ھەمووشیانەوە کەرتی وزە و ئابووری، روسیاش ھەموو کاتێک کاری بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق کردووە، چونکە ئەو وڵاتە بە ھاوبەشێکی سەرەکی روسیا دەزانن.
وتیشی، لەچەند رۆژی داھاتوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دێتە روسیا و خۆشحاڵن بەو سەردانە و پێشوازی لێدەکەن و دەیانەوێت ھەردوولا گفوگۆ لەسەر زیاتر گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان بکەن.
ئەوەش لەکاتێدا کە بڕیارە رۆژی ١٠ی ئەم مانگە سودانی سەردانی روسیا بکات و ماوەی دوو رۆژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و لەگەڵ پوتنیش کۆدەبێتەوە.