میدیای نزیک لە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل ھێرشێکی دوژمنکارانەی بۆ سەر ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلەب ئەنجامدا و لە ئەنجامیشدا خزمەتگوزارییەکانی ھەردوو فڕۆکەخانەکە بەکاتی راگیران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ھێرشەکانەوە، فڕۆکەخانەی حەلەب زیانی ماددیشی بەرکەوتووە، بەڵام ھیچ ھەواڵێک لەبارەی بوونی زیانی گیانی بڵاونەکراوەتەوە.
بۆردومانەکەی ئیسرائیل ھاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی چاوەڕوانکراوی حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بڕیارە لەچەند سەعاتی داھاتوودا سەردانی دیمەشق بکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشھاتەکانی تایبەت بە ھێرشەکانی سەر فەڵەستین لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەدا پەرلەمانی ئیسرائیل دەقی رێککەوتنەکەی نێوان بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیران و بینی گانتس، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەسەندکرد بۆ گۆڕانکاری لە حکومەتی وڵاتەکە و پێکھێنانی حکومەتی "باری نائاسایی".
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، حکومەتی ئیسرائیل ئەنجومەنێکی وەزاری بچوکراوە پێکدەھێنێت و تەواوی بڕیارە سەربازیی و سیاسییەکانی وڵاتەکەی بەدەستدەبێت و لە پێنج کەس پێکدەھێندرێت.
حکومەتە تازەکەی ناتانیاھۆ ھەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشدارییان تێدانەکرد، یائیر لاپید سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە و یەکێک لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند، ھێرشەکەی شەممەی رابردوو شکستێکی گەورەی حکومەتە و ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت، بۆیە ئەو بەشداری لە حکومەتی کاتی جەنگدا ناکات.
جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەکاتی جەنگ دەکات، داواشیان لە ئیسرائیل کردووە و مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت.
وتیشی، نابێت ھیچ وڵات و لایەنێک دۆخی ئێستای ئیسرائیل بقۆزێتەوە و کاری دوژمنکارانە بەرامبەر ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیانلەدەستداوە، بەزربووەتەوە بۆ ھەزار و ٤١٧ کەس.
باسی لەوەشکردووە، لەناو ئەوانەی گیانیانلەدەستداوە ٤٤٧ منداڵ و ٢٤٨ ژن ھەیە ھەروەھا شەش ھەزار و ٢٦٨ کەسیش بریندارن کە ٩٣٢یان ژن و ھەزار و ٥٣١ی دیکەشیان منداڵن.
لای خۆیەوە مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین بەر لە دیدارەکەی سبەینێ لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بڕیارە لە عەممانی پایتەخی ئوردن ئەنجام بدرێت، لە پەیامێکدا رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە رابگیرێن و دەرگا بەڕووی ھاوکاری مرۆیی و تەندروستیدا بکرێتەوە، داواشیکرد بەچارەسەری سیاسی و ئاشتی و گفتوگۆ ئامانجی فەڵەستینییەکان بھێندرێتەدی.
ناوەندی بومەلەرزەزانی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەعات "٥:١٠ " خولەکی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، بوومەلەرزەک لە نزیکەی ٢٩ کیلۆمەتر لە باکووری شاری ھێرات لە رۆژئاوای ئەفغانستان روویداوە، بەڵام تائێستا ژمارەی قوربانییەکان و زیانە ماددیەکان نەزانراوە.
ئەو بومەلەرزەیە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە بومەلەرزەیەک بە ھەمان گوڕ لە ھەمان ناوچەی ئەفغانستان روویداو، ئاژانسی ئیدارەی کارەساتەکان لە ناوچەی ھیرات رایگەیاند زیاتر لە دوو ھەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٣ گوندیش بەتەواوەتی وێرانبوون.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پێگەی "ئێکس" بڵاوکردەوە، بۆ گفتوگۆکردنی راستەخۆ لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لە ئیسرائیل و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و چۆنییەتی ھاوکاریکردنی ئیسرائیل لە جەنگی دژ بە بزوتنەوەی حەماس، بەرەو ئیسرائیل بەڕێدەکەوێت، بلینکین راشیگەیاند، پاڵپشتییان بۆ ئیسرائیل جێگیرە و ناگۆڕێت.
پێشتر، ماسیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بلینکین لە رۆژی چوارشەممەوە سەردانێک بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات، سەرەتا دەچێتە ئیسرائیل بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تەلئەبیب، پاشان دەچێتە ئۆردن و چاویدەکەوێت بە گەورە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ھێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا راستەخۆ پشتوانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دووپاتکردووە، لە چوارچێوەی ئەو پشتوانیانەشدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ "ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا "فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، گەیشتنی یەکەم قۆناغی ھاوکاریە سەربازیەکانی ئەمریکای بۆ ئیسرائیل راگەیاند، کە بریتیە لە کەشتی فڕۆکەھەڵگری "جیراڵد فۆرد" لە دەریای ناوەڕاستدا جێگیرکراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی شەڕ و ناکۆکییەکاندا لەھەر شوێنێکی جیھان بێت پێویستە ھاوڵاتیانی مەدەنی بەدوور بگیرێن و نەکرێنە قوربانی کێشە و ئاڵۆزییەکان یاخود بە مەبەست بکرێنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلیشدا دژی ئەوەن ھاوڵاتیان بکرێنە ئامانج جا لەھەر لایەنێکیانەوە بێت.
وتیشی، گەمارۆخستنە سەر کەرتی غەززە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بە رێگرتن لەگەیشتنی کارەبا، ئاو، خۆراک بە ھاووڵاتیانی ئەو شارە شەڕ نییە، بەڵکو کۆمەڵکوژی و لەسێدارەدانی ھاووڵاتیانی مەدەنییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماری کوژراوانی وڵاتەکەی لە شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوەو دەڵێت، ٢٢ ھاووڵاتیان لە ناو ئیسرائیلدا کوژراون.
ھاوکات جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئاشکرایکرد، پشتیوانی سەربازی زیاتر بۆ ئیسرائیل دەنێرن.
وتیشی، بوونی کەشتییە فڕۆکەھەڵگرەکانمان لە کەناراوەکانی ئیسرائیل پەیامێکە بۆ ھەر لایەنێک کە بیر لە ھێرش بکاتەوە.
لای خۆشیەوە نەتەوە یەکگرتووەکانیش باس لەوەدەکات لە ڕۆژی شەممەی رابردوەوە ١١ کارمەندیان لە غەززە کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداریدا کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە غەززە لە ئارادایە و داوا دەکەن لەلایەن وڵاتانی جیھانەوە ھاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بنێردرێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیھانی رایگەیاند، ١٣ نەخۆشخانە لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومانکراون و ھەشتیان بەتەواوەتی وێران بوون، ھاوکات مەی کیلە وەزیری تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست، نەخۆشخانەکانی غەززە بۆردومان دەکات و تیمە پزیشکییەکان دەکاتە ئامانج.
ھاوکات بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە ھەر ساتێکدا بێت خزمەتگوزارییەکانیان دەوەستێت و راشیگەیاند، دەیان کەس بوون بە ژێرداروپەردوی باڵەخانە بۆردومانکراوەکانەوە، ھەربۆیە بە دروستی ئاماری قوربانییەکان نازانن، ھەروەھا کۆمپانیای کارەبای کەرتی غەززە رایگەیاند، زیاتر لە ٣٠ سەعاتە بە تەواوەتی کارەبا لە غەززە بڕاوە.
پارتی ھەرێمە دیموکراتییەکان"دەبەپە" رایگەیاند، زەکیە ئیلباسان جێگری ھاوسەرۆکی گشتی"دەبەپە" لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نۆی تشرینی یەکەم، بە بیانوی بەرەنگاربونەوەی پۆلیس دەستبەسەر کراوە و رەوانەی زیندانی ژنانی ئامەد کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستگیرکردنی جێگری ھاوسەرۆکی گشتی"دەبەپە"لە چوارچێوەی قڕکردنی سیاسی و کۆتاییھێنانە بە چالاکییەکانیان.

ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا واتە لە ماوەی ٢٨١ رۆژدا سزای سێدارەی ٥٣٨ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران جێبەجێکراوە، بەو پێیەش رۆژانە دوو کەس لە سێدارە دراون.
ھەر بەپێی راپۆرتەکە لەو ژمارەیەش ١٣ کەسیان ژن بوون، کە سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە،سێ بەندکراویش تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.
لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا ھاتووە، ١١٨ بلووچ و ٨٣ کورد و ١٦ ھاووڵاتی ئەفغانی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە، ھەروەھا زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراوەکان کە ٩٠ بەنکراو بووە، لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمارکراوە، ٥٠ بەندکراو لە کرمان و ٤٦ لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و ٣٦ لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس تۆمار کراون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تەواوی پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل راگەیاند و وتی، لە ھەوڵدان ھاوکاری سەربازی زیاتر پێشکەشی ئیسرائیلییەکان بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پێویست بکات راستەوخۆ بەشداری شەڕی نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل دەکەن، وتیشی، پشتیوانیکردنی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل پەیوەندی بە حزب و سیاسەتەوە نییە و پەیوەندی بە ئاسایشی جیھانەوە ھەیە.
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، لانی کەم ١٤ ھاوڵاتی ئەمریکی بەدەستی چەکدارانی حەماس کوژراون و ژمارەیەک ھاوڵاتی ئەمریکی دیکەش بە دیل گیراون.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، نزیکەی ٩٠٠ ئیسرائیلی بە بۆردومانی چەکدارانی حەماس کوژراون و زیاتر لە دوو ھەزار و ٦٠٠ کەسیش برینداربوون، ھەروەھا وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینی دەڵێت، زیاتر لە ٨٣٠ فەڵەستینی بە بۆردومانی سوپای ئیسرائیل کوژراون و نزیکەی چوار ھەزار و ٢٥٠ کەسیش برینداربوون.
لای خۆیانەوە، چەکدارانی حەماس جەخت لەوەدەکەنەوە، کە بە ھەموو ئیرادەیانەوە ھێرشەکانیان بۆ ئیسرائیل چڕدەکەنەوە و تاکو کۆتایی جەنگیش، ھیچ گفتوگۆیەک لەسەر ئاڵوگۆڕپێکردنی دیلە ئیسرائیلییەکان ناکەن، کە دەستبەسەریان کردوون و ژمارەیان نزیکەی ١٥٠ دیلە.
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ١٥ مووشەکیان ئاڕاستەی ناوچەکانی رۆژئاوای لوبنان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەکدارانەی حەماس ھەوڵدەدەن دزە بکەنە ناوخاکی ئیسرائیلەوە، داواش لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل دەکەن، رێوشوێنەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی فەڵەستین و ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجامدا لەبارەی دەستپێکردنی شەڕ و ھێرشەکانی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و نوێنەری ئەمریکاش لە کۆبوونەوەکەدا زۆر ھەوڵیداوە ھەموو ئامادەبووان بە کۆی دەنگ لە دژی بزوتنەوەی حەماس بووەستنەوە و ھێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل ئیدانە بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
لە دوای کۆبوونەوەکەش ئەنجومەنی ئاسایش بەھۆی ناکۆکی نێوان وڵاتانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە نەیتوانیوە راگەیەندراوێکی ھاوبەش لەبارەی رەوشی ئێستای فەڵەستین و ئیسرائیل بڵاوبکاتەوە.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی ھەفتانەیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردسات نیوز لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی ئاماژەی بەوەدا، لە سەردانەکەی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و وەفدی ھەرێمی کوردستان بۆ تاران، راپۆرتێک گەیەندراوەتە دەستی لێپرسراوانی ئێران، ئێرانییەکانیش داواکارییەکانیان بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو خستووەتە بەردەستی لایەنی عێراقی.
وتیشی، ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی باشی ناوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی و لیژنەی ھاوبەشی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق کار بۆ جێبەجێکردنی ھەموو بەشەکانی رێککەوتنەکە دەکات.
کەنعانی ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێی ئەوە لە عێراق دەکەن لەسەر بنەمای پەیوەندی باش و برایانەی نێوانیان ھەموو بەشەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.
١٩ی ئازاری ئەمساڵ عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنیان ئیمزاکرد، بۆ پاراستنی سنورەکان و چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێم و گواستنەوەیان بۆ کەمپێکی مەدەنی و ١٩ی ئەیلول وەک کۆتا وادە بۆ جێبەجێکردنی دیاریکرا.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەئێستاشدا پرسی فەڵەستین بابەتی یەکەمی وڵاتانی ئیسلامییە و لەم چەند رۆژەشدا ھاودەنگییەکی باش لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی لەسەر فەڵەستین دروستبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی فەڵەستین توانای بەرگری ھەیە و مافێکی یاساییە بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر رژێمیک کە ٧٥ ساڵە لە ھەموو مافێک بێبەشی کردوون. وڵاتانی خۆرئاواش تاوانبارن و دەستیان لەو پێشێلکارییەدا ھەیە.
ناسر کەنعانی جەختیشیکردەوە، ھەر وڵاتێک ھەڕەشە لە ئێران بکات، وەڵامێکی توندی روخێنەری پێدەگات و رەوانەکردنی ھێزیش لەلایەن ئەمریکاوە ئاماژەیەکی روونە بۆئەوەی کە پشتیوانی تاوانەکانی ئیسرئیل دەکەن.