بەپێی ئەو زانیارییانەی کە میدیا عەرەبییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسییەوە بڵاویانکردووەتەوە، دەسەڵاتی فەڵەستین کە مەحمود عەباس سەرۆکایەتی دەکات پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە و تیایدا داوایکردووە بە زوترین کات رێگری لە ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بکرێت بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا، چونکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵاتی فەڵەستین لە پەیامەکەیدا بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی باسی لەوە کردووە کە بەپێی ئامارەکان بەھۆی ھێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە لەکەرتی غەززە ھەر ١٥ دەقەیەک منداڵێک دەکوژرێت، کە ئەمەش کردەوەیەکی تیرۆریستییە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی غەززە ئەنجام دەدرێت.
رێکخراوی (نێت بلوکس) کە چاودێری ھێڵەکانی ئینتەرنێت دەکات لە غەززە رایگەیاندووە، بەشێوەیەکی سنوردار ھێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن بۆ چەند ناوچەیەکی غەززە گەڕاوتەوە بە تایبەتیش بەشی باشوری شارەکە.
رێکخراوی تەندروستی جیھانیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای گەڕانەوەی ھێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت بۆ کەرتی غەززە بە شێوەیەکی سنوردار، توانیویانە پەیوەندی بە تیمە پزیشکییەکانیانەوە بکەن کە بۆ ھاوکاریکردنی کەرتی تەندروستی غەززە لەو شارەن، بەڵام بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە ژیانیان لە مەترسیدایە.
روانگەی سوری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا سنوری شاری ئەلبو کەمالیان لە دێرەزوور بۆردومان کردووە، کە دەکەوێتە سنووری نێوان سوریا و عێراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، دەوروبەری پارێزگای دەرعایان لە سوریا کردووەتە ئامانج.
روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک و دوای تێپەڕبوونی ٤٨ سەعات بەسەر بۆردومانکردنی بنکەکانی ھاوپەیمانان بە فڕۆکەی بێفڕکەوان لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانان مەشق و راھێنانی سەربازیان لە کێڵگەی نەوتی عومەر لەسنوری دێرەزور ئەنجامداوە، کە گەورەترین بنکەی سەربازی ھاوپەیمانانە لەسوریا.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، تورکیا لەھەردوو شارۆچکەی گرێ سپی و سەرێ کانی لە باکوری پارێزگای حەسەکە، زیاتر لە ٤٥ بنکە و خاڵی سەربازییان بونیاد ناوە و لەم مانگەدا زۆرترین ھێزییان تێدا کۆکردووەتەوە.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە چوارچێوەیەشدا رۆژی یەکشەممە حەوت زرێپۆش و پێنج ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەرباز لە رێگەی دەروازەی رەئس عەینەوە رەوانەی سەرێ کانی کراون.
تائێستا ئامانجی زیادکردنی ھێزەکانی تورکیا لە سەرێ کانی نادیارە بەڵام ئەنقەرە ھێزەکانی بەدرێژایی شەش کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی شارۆچکەکە بڵاوکردووەتەوە، گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە ھەمان ناوچەدا کۆبوونەتەوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکای کردووە ئاماژەی بەوەداوە، ئامانج لە ھێرشکردنەسەر ئەو گروپە چەکدارانە لە سوریا وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشانەن، کە لەماوەی چەند ھەفتەی رابردوودا ئەو گروپانە کردوویانەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کە برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لێکەوتووەتەوە.
جەختیلەوەشکردووەتەوە، ئەگەر پێویست بکات رێوشوێنی زیاتر لە عێراق و سوریا دەگرنەبەر، بۆ وەڵامدانی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لەو ناوچانە.
دانیێل ھەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە کەناڵی ABCـی ئەمریکی راگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی رابردو بۆسەر کەرتی غەززە ھێرشی زەمینی نەبووە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووە، لە رۆژانی داھاتووشدا ئۆپەراسیۆنی فراوانتر ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھێرشەکانی شەوی رابردودا ١٥٠ پێگەی حەماسیان لە ژێر زەوییدا کردووەتە ئامانج، ھاوکات لە ھێرشەکاندا عەسام ئەنو رکبە، بەرپرسی ھێرشە ئاسمانییەکانی حەماس کوژراوە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەرو، لە ئۆپەراسیۆنەکەی سەر باکوری غەززەدا زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی و سەدان مووشەکھاوێژ بەشدارییانکردووە، لە ئەنجامیشدا دەیان تونێل و ژێرخانی سەربازیی حەماسیان لەژێر زەوییدا لەناوبردووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەشێک نییە لەو ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ئەنجامی دەدات بەڵام پەیوەندیی بەردەوامی سەربازییان لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە.
میدیای سوریی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی پارێزگای حمسەوە بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە گروپە چەکدارییەکان بە دوو درۆن ھێرشیانکردەسەر بنکەی تەنەفی ھێزەکانی ئەمریکا کە دەکەوێتە نزیک سنوری عێراق و سوریا و ئوردن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، سیستمی بەرگری ئەمریکا ھەوڵیداوە روبەڕوی ھێرشەکە ببێتەوە، بەڵام درۆنەکان توانیویانە بگەنە ئامانجەکانیان و بۆردومانی بکەن.
ھێرشەکە دوای چەند سەعاتێک بوو لە تەقینەوەیەک کە لە بنکەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رویدا و بەگوێرەی روانگەی سوریش، ھێرشەکان لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجام دراون.
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە لەناوچەیەکی پیشەسازی کازاخستان کانێکی سەر بە گەورە کۆمپانیای ئاسیلۆ مێتاڵ تەقییەوە و لە ئەنجامیشدا ٢١ کەس گیانیان لەدەستدا، دەیان کارمەندی دیکەش لەژێر زەوی کانەکەدا ماون و تائێستا رزگار نەکراون.
کۆمپانیای ئاسیلۆ مێتاڵ کە بارەگاکەی لە لۆکسمبۆرگە چەندینجار تۆمەتبار کراوە بە رێزنەگرتنی سەلامەتی و پاراستنی کرێکاران، ساڵی ٢٠٠٦یش لە روداوێکی ھاوشێوەدا ٤١ کرێکاری ھەمان کۆمپانیا گیانیان لەدەستدابوو.
دوای روداوەکەش ھەردوو حکومەتی کازاخستان و کۆمپانیاکە، بەڵێنی لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوواندا.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل لە ٧ی ئەم مانگەوە تا رۆژی شەممە ٧٧٠٣ کەس لە غەززە کوژراون، لەو ژمارەیەش ٣٥٠٠ کەسیان منداڵ بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل لە سێ ھەفتەی رابردودا لە ٥٣ ناوچەی غەززە کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە بەھۆی بۆردومانی چڕەوە بۆسەر ناوچەکانی دانیشتوان، لە ھەمان کاتیشدا زیاتر لە ١٩ ھەزار ھاوڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانەوە برینداربوون.
بنیامین ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئیسرائیل ھەموو بژاردەیەکی ھەیە بۆ گەرەنتیکردنی ئازادکردنی سەرجەم دیلەکانیان لەدەستی چەکدارە فەڵەستینییەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٢٠ کەسە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، شەوی رابردوو یەکەکانیان چوونەتە ناو کەرتی غەززە و ئەو ھێرشە زەمینییەی ئێستا بەڕێوەدەچێت، قۆناغی دووەمی شەڕەکەیە، وتیشی، شەڕەکە لە غەززە سەختە، بەڵام پاشگەزنابنەوە و لە ژێرزەوی و سەرزەوی حەماس لەناودەبەن.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە فراوانکردنی چالاکییە زەمینییەکانیان لە کەرتی غەززە و کۆمەڵە ھێزەکانی زرێپۆش و ئەندازیی و پیادەکان لە باکووری غەززەوە لە چالاکییدان.
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا، ئیسرائیل لە ھێرشەکەی شەوی ھەینی رابردووی بۆسەر کەرتی غەززە شکستیھێناوە، ئەوەش دووەمین سەرکەوتنە بۆ حەماس.
ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لەدوای ئۆپراسیۆنەکەی حەماسەوە، ھیچ دەستکەوتێکی نەبووە، ئەوەش شکستێکی ستراتیژییە بۆ ئەو وڵاتە. وتیشی، ئەمریکا داوای لێکردوون جموجۆڵ نەکەن بەرامبەر ئیسرائیل لەکاتێکدا واشنتن پشتیوانی تەلئەبیب دەکات، بۆیە داواکارییەکەیان ھیچ بنەمایەکی نییە .
سەرۆککۆماری ئێران راشیگەیاند، وەکو ئێران پشتگیری لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن، بەڵام ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ئاگربەست نین.
جەختیلەوەشکردەوە، بەرەی بەرگریی لە فەلەستین و ناوچەکە سەربەخۆیە و فەرمان لە تارانەوە وەرناگرن.
مایک پێنس کە یەکێک بوو لە رکابەرەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان کشانەوەی خۆی لە رکابەریکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند.
مایک پێنس دەڵێت، دوای پێداچوونەوە و بیرکردنەوە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، گەیشتووەتە ئەو بۆچوونەی ئێستا کاتی ئەوە نییە بۆیە بڕیاریداوە بکشێتەوە، بەبێ ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ ھیچ کام لە کاندیدەکانی دیکەی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا رابگەیەنێت.
بڕیارە رۆژی پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی داھاتوو، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ھەڵبژاردنی ٦٠ھەمین سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ھەریەک لە جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رکابەری بەھێزن بۆ بەدەستھێنانی ئەو پۆستە.
یەحیا سنوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ئامادەن دەستبەجێ پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردن بە سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بکەن لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم دیلەکانیان کە لەلای ئیسرائیلن.
لای خۆیەوە، ئەبو عوبەیدە وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام-باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل رووبەڕووی شکستێک دەکەنەوە، کە پێشبینی نەکردبێت، وتیشی، لەسەر دۆسیەی دیلەکان پەیوەندیی ھەیە و دەرفەتیش ھەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام ئیسرائیل دوای دەخات.
وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل تەنھا یەکجار ئامادەبێت، ئەوان ئامادەن بۆ کۆتاییھێنان بە دۆسیەی دیلەکان.
تەندروستی غەززە لە راگەیەنداروێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی لە رۆژی حەوتی تشرینی یەکەمەوە سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، حەوت ھەزار و ٣٢٦ کەس گیانیانلەدەستداوە کە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٣٨ کەسیان منداڵن و ھەزار و ٧٢٦ کەسی دیکەشیان ژنن.
ھەروەھا تەندروستی غەززە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە ١٨ ھەزار و ٩٦٧ کەسی دیکەش برینداربوون، سەرەڕای ئەوەش ھێشتا چارەنووسی ھەزار و ٦٥٠ کەس بە نادیاری ماوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو بە زرێپۆش و تانک ھێرشێکی زەمینییان بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە و تیایدا چەند پێگەیەکی گروپی چەکداری حەماسیان لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێرشە زەمینییەکەیان بۆ سەر کەرتی غەززە ماوەی چەند سەعاتێکی خایاندووە و دواتر سەربازەکانیان گەڕاونەتەوە ناو خاکی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، ھێرشە زەمینییەکەی شەوی رابردوو، چوارەمین ھێرشی زەمینییانە بۆسەر کەرتی غەززە لە ماوەی سێ ھەفتەی رابردوودا.
شەوی چوارشەممەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ھێرشێکی زەمینی فراوانیان بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە و تیایدا ژمارەیەک پێگەی حەماسیان کردووەتەوە ئامانج.
ئەم ھێرشە زەمینییانەی ئیسرائیل بۆسەر غەززە لە کاتێکدایە، کە بڕیاربوو لەدوای رۆژی حەوتی ئەم مانگەوە، سوپای ئیسرائیل ھێرشێکی زەمینی فراوان و چڕ بۆسەر غەززە دەستپێبکات، بەڵام تائێستا سوپای ئیسرائیل ئەو ھێرشەی ئەنجامنەداوە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش کۆکنین لەسەر ئەنجامدانی ھێرشەکە.