وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، کۆی گشتی کوژراوان لە سەرەتای بۆردومان و ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ھەشت ھەزار و ٧٩٦ کەس، کە لەنێویاندا سێ ھەزار و ٦٤٨ منداڵ و دوو ھەزار و ٢٩٠ ژن ھەیە، ھەروەھا ٢٢ ھەزار و ٢١٩ کەسیش برینداربوون.
ھەر بەپێی ئامارەکە، ٢٠٣٠ بانگەواز بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا گەیشتووەتە تەندروستی غەززە، ھەروەھا ١٣٢ کارمەندی تیمی تەندروستی کوژراون و ١٦ نەخۆشخانەش بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل و نەمانی سوتەمەنی، ناتوانن ھیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکەن.
تەندروستی غەززە راشیگەیاند، لە کەمپی جەبالیا کۆمەڵکوژییەکی دیکە روویداوە، دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی لە مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی روویدا.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەسەرەتای ھێرشەکانەوە تائێستا ١١ ھەزار شوێنیان لە کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
لە ھەنگاوێکدا کە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لێکۆڵینەوەیان لەسەرکردووە و لەلایەن چەندین کۆمپانیاوە پشتگیری دەکرێت، ئەڵمانیا تاوتوێی سیستمێکی نوێی کارکردن دەکات، کە رۆژانی کار لە ھەفتەیەکدا بۆ چوار رۆژ کەم بکاتەوە.
ئەو ھەنگاوە لە ئەڵمانیا لەکاتێکدایە کە ھەڕەشەکان بۆ داڕمانی ئابوری زۆرە و ھانی خاوەن کارەکان دەدات بە ھۆشیارتر مامەڵە بکەن.
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٤یشەوە، ٥٠ کۆمپانیای جیاواز لەڕووی کار و قەبارە و تواناوە، ئەزموونی کەمکردنەوەی کاتی کارکردن دەکەن بۆ ماوەی شەش مانگ، بەو مەرجەی پارێزگاری لە توانای بەرھەمھێنان بکەن.
ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەنوسانیان راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە گۆڕانکارییەکانی غەززە و سوریا و عێراق کردووە و داوای راگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە.
دەشڵێن، پێویستە وڵاتانی جیھان ھەوڵەکانیان یەک بخەن بۆ راگرتنی ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەرامبەر خەڵکی غەززە دەکرێت.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ٢٦ رۆژی ھێرشەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە ١١ ھەزار شوێنی لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.
لای خۆیەوە حەماس رایگەیاند، ھەرچەندە سوپای ئیسرائیل لەچەندین بەرەوە ھێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، لە بەرامبەریشدا ھێزەکانیان لەناو غەززە دەیان ھێرشی موشەکییان کردوەتەسەر سوپای ئیسرائیل و دوژمنەکانیان تائێستا ھیچ ئامانجێکیان بەدەستنەھێناوە.
وەزارەتی تەندروستیش لە غەززەش دەڵێت، رۆژی سێشەممە بە شەش بۆمب ھێرشکراوەتە سەر کامپی جبالیا کە کێشی ھەر بۆمبێک یەک تۆن بووە، بەوھۆیەش ٤٠٠ کەس کوژراون و بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی ھێرشە زەمینییەکەیاندا، نۆ سەربازیان لە باکوری کەرتی غەززە کوژراون، ھەروەھا ناو و تەمەنی ئەو سەربازانە و شوێنی نیشتەجێبوونیان بڵاوکردووەتەوە.
ھاوکات بە پێی ئامارێک کە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر باشوری ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر تائێستا، ٣٢٦ سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
بە پێی رۆژنامەی "جیروزلیم پۆست"ی ئیسرائیلیش، چوار سەربازی دیکەیان بە سەختی برینداربوون، کە دووانیان سەر بە کەتیبەی ٧٧ن و یەکێکیان سەر بە کەتیبەی تسابارە و سەربازێکی دیکەش کە برینداربووە، سەر بە کەتیبەی "روتم"ە.
دانیێل ھەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، فەرماندەیی ناوچەی باشوری ھێزی پیادە فەرمانێکی دەرکردووە و تیایدا جەختیکردووەتەوە کە ھێرشی زەمینی فراوانتر دەکرێت، بۆ سەرکەوتنیش بەسەر حەماسدا رەچاوی ئەوە ناکەن کە شەڕ چەند درێژە دەکێشێت یان چەند ئاستەنگییان لەبەردەم دایە.
وتیشی، لە کۆڵان و تونێل و ھەر شوێنێکی تری غەززە کە پێویست بێت شەڕ بەردەوام دەبێت تا حەماس لەناو دەچێت.
لای خۆیەوە حەماس رایگەیاند، ھەرچەندە سوپای ئیسرائیل لە چەندین بەرەوە ھێرشی زەمینی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە بەڵام تائێستا راینەگەیاندووە، لە بەرامبەریشدا ھێزەکانیان لەناو غەززە دەیان ھێرشی موشەکییان کردوەتەسەر سوپای ئیسرائیل و دوژمنەکانیان تائێستا ھیچ ئامانجێکیان بەدەستنەھێناوە.
وەزارەتی ناوخۆش لە غەززە دەڵێت، بە شەش بۆمب ھێرشکراوەتەسەر کامپی جبالیا کە کێشی ھەر بۆمبێک یەک تۆن بووە، بەوھۆیەش ٤٠٠ کەس شەھید و بریندار بوون.
لەلایەکی تریشەوە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە کە ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ ھەشت ھەزار و ٦١٠ کەس بەرزبووەوە و زیاتر لە ٢٣ ھەزار کەسیش برینداربوون.
مانگی سووری فەڵەستینی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل ناوچەیەکی لە باکووری کەرتی غەززە بۆردومانکردووە، کە زۆر نزیکبووە لە نەخۆشخانەی قودس، کە ھەزاران ئاوارەی مەدەنیی تێدا نیشتەجێبوون.
راشیگەیاند، بۆردومانی تۆپخانەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی تەلەھەوا ھەر بەردەوامن، کە نەخۆشخانەی قودس دەکەوێتە ئەو ناوچەیەوە و بەھۆی بۆردومانەکانیش باڵەخانەی نەخۆشخانەکە لەریووەتەوە و ئاوارە و تیمە پزیشکییەکانی دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ کردووە.
پێشتر ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەڕێوەبەری نەحۆشخانەی بەشار مورادەوە ئاشکرایکرد، ئیسرائیل بە "زمانێکی توند" داوای دەستبەجێ چۆڵکردنی نەخۆشخانەی قودسی کردووە، چونکە بۆردمانی دەکەن، کە بەپێی ئاماری مانگی سووری فەڵەستینی، نەخۆشخانەکە جگەلە نەخۆش نزیکەی ١٤ ھەزار ئاوارەی تێدایە.
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە پۆستێکدا لە پێگەی ئێکس ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگیەکانیان چەندین ھێرشیانکردوەتەر سەر ژێرخانی حزبوڵا لەسەر خاکی لوبنان و چەندین پێگەیان لە ناوبردووە کە ھەندێکیان کۆگای چەک بوون.
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، لە ھێرشەکانیاندا ٦٢ کەس کوژراون چواریان ھاووڵاتی مەدەنی بوون و رۆژنامەنوسێکیش لە نێویاندا ھەیە، لە بەرامبەریشدا چوار سەربازی سوپای ئیسرائیلیش کوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکسێکدا بڵاویکردەوە، تەرمی شانی لوکی تەمەن ٢٣ ساڵان، کە بە رەگەز ئەڵمانی-ئیسرائیلییە بە کوژراوی دۆزراوەتەوە و تەرمەکەشی ناسراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شانی لوک رۆژی حەوتی مانگ لە فێستیڤاڵێکدا رفێندراوە و لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە روبەڕوی ئەشکەنجەدان بووەتەوە و لەناو غەززەدا سوڕێندراوەتەوە.
لەبەرامبەردا نەسیم لوک باوکی شانی، ئاشکرایکرد، کچەکەی رۆژی حەوتی مانگ لەکاتی ھێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بە ئۆتۆمبێل لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی ھەڵاتوون، بەڵام تەقەیان لێکراوە و لەئەنجامدا شانی لوک دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
شانی لوکی تەمەن ٢٣ ساڵان، وەک تاتۆ ئارتێست کاریکردووە و وێنەکانی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە، رۆژی حەوتی ئەم مانگە لە بیانی نەقەب لە باشوری ئیسرائیل لە فێستیڤاڵێکدا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە روبەڕوی ھێرشبوونەوە.
ئاژانسی ئێسنای ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەر دەکات و پاشان سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەکات.
ھەرچەندە میدیاکانی ئێران وردەکاریی کۆبوونەوەکانی عەبدوڵاھیانیان لە دەوحە و ئەنقەرە ئاشکرانەکردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە، عەبدوڵاھیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و قەتەر ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە تاوتوێ دەکات.
لە دوو ھەفتەی رابردوودا، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغداد و بەیروت و دەوحەی کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و لوبنان و قەتەر، گفتوگۆیان لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززە کرد.
پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا ٢٧ جار ھێرشکراوەتەسەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پاراستنی گیانی سەربازەکانیان، بڕیاریانداوە ٣٠٠ سەربازی تر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەپێبکەن، بەڵام ئەو سەربازانە ناچنە ئیسرائیل.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راشیگەیاند، پێویستە ھاوکاری ھاوڵاتی سڤیل لەکەرتی غەززە بکرێت و بەبێ ئاستەنگی ھاوکارییەکان بگاتە دەستیان، جەختیشیکردەوە، کە بەردەوامن لە ھاوکاریکردنی سەربازی ئیسرائیل.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گرنگترین کارە کە ھەر حکومەتێک لە ھەر شوێنێکی جیھاندا ئەنجامیبدات سەبارەت بە سەلامەتی و ئاسایش و متمانەی زیرەکی دەستکرد.
راشیگەیاند، بەھۆی ئەوەی ڕێساکان زۆر لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە دواکەوتوون، ھەر بۆیە ئەم ھەنگاوە بۆ پاراستنی سەلامەتی ئەو بوارە و ھەروەھا پاراستنی زانیاری وڵاتەکان زۆر گرنگە، وتیشی ئەم کارە ھەنگاونانە بۆ کێبڕکێ و بەرزکردنەوەی تەکنەلۆژیا لە ئەمریکادا، بەڵام لەژێر چاودێریدا و دەرنەچون لە یاساکان.
کۆشکی سپی لە ئێکسێکدا بڵاویکردەوە، ئەم ھەنگاوە بۆ پارستنی زانیاری ئەمریکییەکان زۆر گرنگە، راشیگەیاند، پێشەنگی ئەمریکایە کە زیرەکی دەستکرد رێکبخاتەوە، لەوانە “پاراستنی تایبەتمەندی ئەمریکییەکان، دامەزراندنی یەکسانی و مافە مەدەنییەکان، و پاراستنی داھێنان و کێبڕکێ.
عەمید یەحیا سەریع، وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە ٣١ی تشرینی یەکەم، ھێزەکانیان بە مووشەکی بالیستیک و مووشەکی باڵدار و درۆن چەند ناوچەیەکی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ھێرشە مووشەکییەی ئەمڕۆ، سێیەم ھێرشی ھاوشێوەی ھێزەکانیانە بۆسەر ئیسرائیل.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیدا، عەمید یەحیا سەریع رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ھێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان تا ئەوکاتەی سوپای ئیسرائیل دەست لە ھێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ھەڵدەگرێت.
دوابەدوای ھێرشەکە، سوپای ئیسرائیل بە رەسمی رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستیکی دوورمەودا و دوو مووشەکی کروز لەلایەن حوسییەکانەوە لە یەمەنەوە ئاڕاستە کرابوون و توانرا لەڕێی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچیان بدرێتەوە.
ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بۆ رۆژی ٢٥ـەمین بەردەوامە و لە چەند رۆژی رابردووشدا سوپای ئیسرائیل ھێرشی زەمینی دەستپێکرد و لە چەند بەرەیەکی کەرتی غەززە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەخت لەئارادایە.
جیمز ئیلدەر، وتەبێژی یونسێف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نیگەرانن لە زیادبوونی کوژرانی منداڵان لە کەرتی غەززە بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە و ئەو شارە بووەتە گۆڕستانێک بۆ منداڵان.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کەرتی غەززە جگەلەوەی بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە سێ ھەزار منداڵ کوژراون، نزیکەی ھەزار منداڵیش بێسەروشوێنن.
وتەبێژی یونسێف جەختی لە راگەیاندنی ئاگربەست کردەوە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە و وتی، منداڵان لە کەرتی غەززە تەنھا بە بۆردومانەکانی ئیسرائیل ناکوژرێن، بەڵکو بەھۆی نەبوونی پێداویستییە تەندروستییەکانیشەوە گیانلەدەستدەدەن.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھەماھەنگی کاروباری مرۆیی رایگەیاندووە، گەورەترین کاروانی ھاوکاری مرۆیی لە رێگەی میسر و دەروازەی رەفەحەوە گەیشتووەتە کەرتی غەززە کە لە ٣٣ بارھەڵگر پێکھاتووە، بەڵام ئەوە زۆر کەمترە بەراورد بەو کارەساتە مرۆییەی لەو شارە بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە دروستبووە و پێویسیان بە ھاوکاری زۆر زیاترە و داواشیکردووە ئیسرائیل کارئاسانی بکات بۆ گەیشتنی ھاوکارییە مرۆییەکان بەکەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٢١ی ئەمانگەوە تائێستا ١١٧ بارھەڵگر کە ھاوکارییە مرۆییەکانیان ھەڵگرتبوو گەیشتوونەتە کەرتی غەززە کە زۆربەیان پێداویستی پزیشکی بوون، ٦٠ بارھەڵگریش خۆراک و ١٣ بارھەڵگریش ئاو گەیەنراونەتە غەززە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، سالم عەبدوڵا جابر سوباح وەزیری دەرەوەی کوەیت لەگەڵ جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیشیان پرسی سنورە ئاوییەکانی نێوان عێراق و کوەیت بووە بەتایبەتی دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستووریی رێککەوتنی خورعەبدوڵا کە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ئیمزاکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان پلاسخارت و وەزیری دەرەوەی کوەیت، دیاریکردنی چارەنووسی روفاتی دیل و بێسەروشوێنبووەکان و موڵک و ماڵی کوەیت لەناویشیاندا ئەرشیفی نیشتیمانی ئەو وڵاتە کە لەکاتی داگیرکردنی کوەیتدا لەلایەن حکومەتی بەعسی رووخاو بێسەروشوێنکراون.