وەزارەتی بەرگری ئێران، لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا لە تاران بە ئامادەبوونی محەمەد رەزا ئاشتییانی، وەزیری بەرگری ئێران، دوو سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەناوەکانی " ئارمان و ئازرخش" نمایشکرد، کە ھەردووکیان بەرھەمھێندراوی ناوخۆیین و جۆری یەکەمیان دژە مووشەکی بالیستییە و جۆری دووەمیشیان دژی ئەو درۆنانەیە کە بەشێوەیەکی نزم دەفڕن.

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی" ئارمان" لەتوانایدایە لە دووری ١٨٠ کیلۆمەترەوە مووشەکەکان دیاریبکات و لە دووری ١٢٠ کیلۆمەترەوە بیانتەقێنێتەوە، ھاوکات سیستەمی بەرگری ئاسمانی" ئازرخش" کار بۆ دیاریکردن و تەقاندنەوەی ئەو درۆنانە دەکات، کە لە مەودایەکی نزمدا دەفڕن.