سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جارێكی تر هەرەشەی توند ئاراستەی حوسییەكانی یەمەن دەكات و دەڵێت وەك حەماس و حزبوڵا و رژێمەكەی ئەسەد لەناویان دەبەن.

لە بەردەوامیی هێرش و ئاڵۆزییەكانی نێوانیاندا، "بنیامین ناتانیاهۆ" سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەرەشەی لە حوسییەكان كردەوە و رایگەیاند ، تەلئەبیب بەردەوام دەبێت لە هێرشكردنە سەر دوژمنەكانی لەناوچەكەدا و وانەیەكی توندیش دەداتە حوسییەكانی یەمەن، هاوشێوەی حەماس و حزبوڵا و رژێمەكەی ئەسەد و لەناویان دەبات.

هەڕەشەكەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت كە "تومیر بار" فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل ئەنجامدانی هێرشێكی توندی دژی حوسییەكانی یەمەن راگەیاند ، ئەوەش لەدوای ئەو  هێرشە موشەكییەكی حوسییەكان كە كردیانە سەر ناوچەی تەلئەبیبی گەورە لە ئیسرائیل.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە ، سوپای ئیسرائیل تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانی دیكە دژی حوسییەكان دەكات.