پێشنیوەڕۆی دوێنێ فڕۆکەیەک بە ٧٢ سەرنشینەوە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، ئێستاش رۆژێک دوای رووداوەکە، پەنجەی تۆمەت بۆ روسیا رادەکێشرێت و چەند ئەگەرێک بە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە دادەنرێن.

رووداوەکە پێشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە روویدا، لەکاتێکدا فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی کازاخستان لە باکووری ئازەربایجانەوە بەرەو روسیا بە رێگاوە بوو، لە کازاخستان کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و کەوتە خوارەوە.

فڕۆکەکە ٧٢ سەرنشینی تێدا بوو، کە ٥ کەسیان ستافی فڕۆکەکە بوون، لە رووداوەکەدا بەپێی دوایین ئامارەکان ٣٢ کەس رزگار کراون کە دووانیان منداڵن. 

ڤیدیۆی ساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە

 

لە سەرەتادا باس لە دوو ئەگەر دەکرا لەبارەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەوە، یەکێکیان ئەوەبوو دەوترا پۆلێکی باڵندە خۆیان بە فڕۆکەکەدا کێشاوە، دووەم ئەگەریش دەوترا، سیستمی جی پی ئێسی فڕۆکەکە بۆماوەیەکی درێژ لەکارکەوتووە و نەکەوتووەتەوە کار، بەهۆیەوە فڕۆکەوانەکە رێرەوی خۆی لەدەستداوە.

 

"پێدەچێت روسیا سیستمی جی پی ئێسی فڕۆکەکەی لەکارخستبێت"

 

هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی رەسمی لەلایەن بەرپرسانەوە لەسەر هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە نییە، بەڵام هەر لە سەرەتای رووداوەکەوە تۆمەتی رووداوەکە خرایە پاڵ روسیا، بەوهۆیەی لەماوەی رابردووشدا گومان لەسەر روسیا هەبوو کە دەستوەردانی لە سیستمی جی پی ئێسی فڕۆکەکانی کازاخستاندا کردبێت.

لەگرتە ڤیدیۆکانی دوای رووداوەکە دەردەکەون، فڕۆکەکە چەند شوێنەوارێکی بەسەرەوەیە، وەک ئەوەی بەئامانج گیرابێت و پێکرابێت، ئێستا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی روسیایە و میدیا جیهانییەکان لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە باس لەوە دەکەن، پێدەچیت روسیا بە هەڵە فڕۆکەکەی کردبێتە ئامانج و وایزانیبێت سەر بە ئۆکرانیایە.

"وادەر دەکەوێت فڕۆکەکە بەئامانج گیرابێت"

 

لەلایەکی دیکەوە لە کەناڵی فەرمی خۆی لە تێلیگرام، کەناڵی "بازا" کە پەیوەستە بە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی روسیاوە باسی لەوەکردووە، "ئەو پاشماوە و کونانەی لەسەر پلێتی فڕۆکەکە دەبینرێن، لەو شوێنەوارانە دەچن کە بۆردومانکردن یان هەوڵی تەقاندنەوە جێی دەهێڵن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت ئەوە شوێنەواری بەرکەوتنی موشەکی دژەفڕۆکە بێت".

لەلایەکی دیکەوە چەناڵی "ریبار" لە تێلیگرام ئەوەی خستووەتە روو، لەوکاتەوەی ئەو فڕۆکەیە بەرێگاوە بووە بەرەو روسیا، لەسەر هەمان هێڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بەسەر ناوچەکەدا فڕیون".

لە ساتی رووداوەکەدا تیمی فڕۆکەکە بە سەرنشینەکانیان راگەیاندووە، پێکدادانێک لە هەوادا روویداوە و پێویستە ئۆکسجینەکانیان ببەستن، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت یەکێک لە خەزانەکانی ئۆکسجینی فڕۆکەکە تەقیوەتەوە. سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، فڕۆکەکە رووبەڕووی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی روسیا بووەتەوە.

لەدوای رووداوەکە دوێنێ ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس ئەوەی خستە روو، ٤٢ کەس لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە خەڵکی ئازەربایجان بوون، ١٦ کەسیان خەڵکی روسیا بوون، شەش کەسیشیان کازاخستانی و سیانەکەی دیکەش خەڵکی قیرغستان بوون.

لەئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەردەوامن و لەپاش ٢٤ سەعات لە رووداوەکە، هێشتا هیچ لایەنێکی رەسمی هۆکارەکەیان نەخستووەتە روو، ئەوەش گومانەکانی چڕتر کردووەتەوە.