سەرۆكی ئەڵمانیا پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە
٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرۆكی ئەڵمانیا پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا لە مانگی دووی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.
میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویانكردەوە، فرانك واڵتەر شتاینمایەر سەرۆكی ئەو وڵاتە لەسەر داوای ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری ئەڵمانیا بە بڕیارێك پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، بڕیاریشداوە لە رۆژی ٢٣ مانگی دووی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی پێشوەخت لە ئەڵمانیا ئەنجام بدرێت.
سەرۆكی ئەڵمانیا راشیگەیاندووە، ئاسایش و ئارامی سیاسی گەورەترین سەرمایەی وڵاتەكەیەتی و سازشی لەسەر ناكەن.
ئاماژە بەوەشكراوە، داوكارییەكەی راوێژكاری ئەڵمانیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەسەر بنەمای ماددەی ٦٨ـی دەستووری وڵاتەكەیەتی .
ئەوەش لەكاتێكدایە ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری ئەڵمانیا لە رۆژی ١٦ـی ئەم مانگە نەیتوانی متمانەی پەرلەمان بۆ پشتیوانیكردنی حكومەتی ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت.