ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا هەوڵێكی رێگریكردن لە فرۆشتنی چەك بە ئیسرائیل شكستپێهێنا.

درەنگانێكی شەوی رابردوو، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بە زۆرینەی دەنگ شكستی بە هەوڵێك هێنا بۆ رێگریكردن لە فرۆشتنی چەكی قورس بە ئیسرائیل بە بڕی هەشت ملیار و 800 ملیۆن دۆلار كە لەلایەن بێرنی ساندەرز هاوپەیمانی دیموكراتەكانەوە بە پرۆژەیەك پێشكەشكرابوو.

ساندەرز بە ئاماژەدان بە قەیرانی مافی مرۆڤ كە روبەڕوی فەلەستینییەكان بووەتەوە لە غەززە دوای بۆردومانی ئیسرائیل و رێگریكردن لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان، داوای كردبوو فرۆشتنی چەك بە ئیسرائیل رابگیرێت.

لە بەرامبەریشدا جەیمس ریش سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران رایگەیاند، ساندەرز دەیەوێت ئەمریكا لە ساتێكی هەستیاردا دەستبەرداری ئیسرائیل ببێت كە نزیكترین هاوپەیمانیەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.