دادگای دەستووری کۆریای باشور ئەمڕۆ هەینی، بڕیاری لەکارلادانی بۆ یون سیک یۆل، سەرۆکی وڵاتەکەی بە تاوانی ئەوەی مانگی کانونی یەکەمی رابردو، هەوڵی سەپاندنی یاسای عورفی داوە، دەرکرد.

میدیاکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، مون هیونگ بای، سەرۆکی دادگا لە کاتی دادگایی کردنەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، رەفتارەکانی یون، پێشێلی بنەما سەرەکییەکانی سەروەری یاسا و حکومڕانی دیموکراسی کردوە.

سەرۆکی دادگا بڕیارەکەی دژی سەرۆکی وڵات خوێندەوە و وتی: “بە رەزامەندی تەواوی دادوەرانی ئامادەبو لە دادگاییەکە، یون سوک یۆل وەکو سەرۆکی کۆریای باشور لەکار لا دەدەین.”

دادگا ئاشکرای کردووە، یۆن بە تەنها بڕیاری عورفی دەرنەکردووە، بەڵکو پێشێلی دەستوور و یاسای کردووە، بەتایبەتیش لەکاتی کۆکردنەوەی سوپا و پۆلیس بۆ رێگریی کردن لە کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ ئەوەی چالاکی خۆیان بکەن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەری ئاشکرای کردووە، دوای دەرچونی بڕیاری دادگا، دەستبەجێ بڕیارەکە جێبەجێکرا، داوای هەڵبژاردنی پیشوەختەی سەرۆکایەتی وڵاتیش بۆ ماوەی 60 رۆژ کرا بۆئەوەی جێی یۆن پڕ بکرێتەوە، زۆرینە پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە لە 3ـی حوزەیران ئەنجام بدرێت.

شایەنی باسە، کۆمەڵەی نیشتمانی کۆریای باشوور کە ئۆپۆزسیۆن سەرکردایەتی دەکات، وایان کرد یۆن سوک یۆل وەک سەرۆکی وڵات لەکار لابدرێت.