ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی"دەم پارتی" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممە سەردانی پارتی جەھەپەیان کردووە، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە ٣١ی ئاداری داھاتوو بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ھەندێک شوێن ھەماھەنگییان لەگەڵ "جەھەپە"دەبێت و کۆمیسیۆنی ھەردوولاش کارەکان رادەپەڕێنن.
وتەبێژی دەم پارتی راشیگەیاندووە، دەیانەوێت لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا کۆتایی بە قەیوم بھێنن و کەسانی شایستە لە شوێنیان دابنێن و ئیدارەیەکی دیموکراسی بۆ تورکیا ھەڵبژێرن.
جەختی لەوەشکرد، بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان تەنیا سەرنجیان لەسەر ناوچەکانی باکوری کوردستان نابێت، لەھەریەکە لە پارێزگاکانی ئەنقەرە و کۆجا ئەلی و سامسۆنگ کاندیدیان دەبێت.
رادیۆی فەرمی کان-ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل بەھێزتربوون سەبارەت بەوەی کە دادگای دادی لاھای فەرمان لە دژی ئیسرائیل دەربکات، دوای تۆمەتبارکردنی لەلایەن ئەفریقای باشوورەوە بە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژی" لە کەرتی غەززە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل پابەند نابێت پێوەی.
لە دووەم رۆژی دادگاییەکەدا، ئەمڕۆ دادگا گوێی لە وەڵامی ئیسرائیل گرت بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون.
ئیسرائیلییەکان بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن، ئەگەری ھەیە دادگای لاھای فەرمانێک لە دژی ئیسرائیل دەربکات، بەڵام مەرج نییە بڕیارێک بێت بۆ وەستاندنی شەڕەکە، بەڵکو لانیکەم یەکێک لە داواکارییەکانی ئەفریقای باشوور قبوڵ دەکرێت.
خەمڵاندنێکی دیکەی ئیسرائیل ئەوەیە کە دادگای لاھای فەرمان دەکات بە لایەنە بیانییەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی ھێرشەکانی کۆمەڵکوژی لە غەززە، یان بڕیارنامەیەک دەربکرێت کە داوای ئەوە بکات ئیسرائیل ڕێگە بە فەلەستینیەکان بدات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئیسرائیل قەرەبوویان بکاتەوە.
ئەمڕۆ لە مامەڵەکانی بازاڕی وزەی جیھانی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٤٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و گەیشتە ٨٠ دۆلار، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسیش بە ٧٤ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا.
ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بۆ ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، بە تایبەت لە دوای بۆردوومانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حوسییەکان، لە پێناو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ دەریای سوور.
چاوەڕوان دەکرێت، دادگای نێودەوڵەتی لاھای دوای گوێگرتن لە تەواوی سکاڵاکە، بڕیارێک دەربکات بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
دوێنێ یەکەم دانیشتنی ئەو دادگایە بۆ گوێگرتن لە سکاڵاکەی ئەفریقای باشور بەڕێوەچوو، کە لە ٨٤ پەڕە پێکھاتووە. ئەو دادگاییکردنەش بە پێشھاتێکی مێژویی دادەنرێت، کە ھاوشێوەی نەبووە.
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، ھێرشەکەی ئیسرائیل لە کەرتی غەزەە ھاووڵاتی بێتاوانی کوشتووە و کەرتی غەززە بووەتە زیندانییەکی داخراو کە ئیسرائیل کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجام دەدات و سەرجەم رێککەوتنەکان پێشێل دەکات.
ھەر دوێنێ لە بەردەم دادگاکە، خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ فەڵەستینییەکان و پشتیوانی سکاڵاکەی ئەفریقای باشور دژی ئیسرائیل رێکخرا.
بەشێکی دیکەش لە ھاووڵاتیان لەبەردەم دادگاکە کۆبوونەوە بۆ پشتیوانی ئیسرائیل و چەندین دروشمیان بەرزکردبووەوە، ئیسرائیلیش بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دانیشتنەکان ئامادەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتانەی سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە دەخرێنە پاڵ ئیسرائیل ناڕاست و بێ بنەمان، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە گەلی فەڵەستین سەرپشک بن لەوەی ھەرکاتێک بیانەوێت کەمپەکان چۆڵبکەن و بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.
ئەوەشی خستەڕوو، لایەنی ئیسرائیلیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی دەبێت کاریگەری نەرێنی شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ھاوڵاتییانی مەدەنی کەمبکەنەوە.
جەختیلەوەشکردەوە، داھاتووی ناوچەکە پەیوەستە بە لێکنزیکبوونەوە و گفتوگۆی زیاتری نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەوەش پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینە.
ئاژانسی بەھاناوەچون و خستنەسەرکاری پەنابەرە فەلەستینییەکان "ئۆنروا" ئاشکرایکرد، ئاماری ئاوارەکانی کەرتی غەززە لەسەرەتای دەستپێکردنی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا گەیشتۆتە یەک ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس، بەو شێوەیەش رێژەی لە سەدا ٨٥ ی دانیشتوانی کەرتەکە ئاوارەبوون.
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار ئاوارە لە ١٥٥ دامەزراوەی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکاندا دەژین .
ئاژانسی بەھاناوەچون و خستنەسەرکاری پەنابەرە فەلەستینییەکان "ئۆنروا" ئاشکراشیکردوە، تا ئێستا ١٤٦ کارمەندی نەتەوەیەکگرتوەکان لە غەززە کوژراون .
چین بینھوا وتەبێژی نوسینگەی کاروباری تایوان لە پەکین رایگەیاند، لای تشینگ تی کە کاندیدە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تایوان و چانسی بردنەوەی زۆرە، مەترسییەکی گەورە دروست دەکات لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان دوورگەی تایوان و چین. ھیواشی خواست ھاووڵاتیانی تایوان درک بەو مەترسییە بکەن و باشترین ھەڵبژێرن.
لای تشینگ تی لە ئێستادا جێگری سەرۆکی تایوانە و بەپێی راپرسییەکان زۆرینەی ھاووڵاتیانی تایوان پشتیوانی دەکەن و ئەگەری بردنەوەی زۆرە.
لای خۆشیەوە، "جوزف وو" وەزیری دەرەوەی تایوان داوای لە چین کردووە دەستوەردان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی نەکات و سەرقاڵ بێت بە رێکخستنی ھەڵبژاردنی خۆیانەوە.
چین دوورگەی تایوان بە بەشێکی جیانەکراوە لە خاکەکەی دەزانێت و بەڵێنیشیداوە بە گەڕانەوەی، ئەگەر بە بەکارھێنانی ھێزیش بێت.
ئەمریکاش تا ئێستا دانی بە سەربەخۆیی تایوان نەناوە، بەڵام ھاوکاری سەربازی گەورەی پێشکەش دەکات و رەتیدەکاتەوە رەوشی ئەو دوورگەیە بە بەکارھێنانی ھێز بگۆڕێت.
دەستەی ئۆپراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ئاگادارکراونەتەوە لەوەی چەند کەسێکی رێگە پێنەدراو بە جل و بەرگی رەش و دەمامکەوە دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگردا گرتووە لە کەناراوەکانی کەنداوی عومان و لە ئێستاشدا ناتوانن پەیوەندی بە کەشتیەکەوە بکەن. ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەو کەشتیە ١٤٥ ھەزار تۆن نەوتی ھەڵگرتووە.
میدیاکانی ئێرانیش رایانگەیاندووە ، ھێزی دەریایی سوپای ئێران دەستیان بەسەر کەشتیەکی نەوت ھەڵگردا گرتووە لە کەنداوی عومان، چونکە ئەو کەشتیە نەوتی ئێرانی ھەڵگرتووە و پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە و ناوەکەی گۆڕدراوە .
لە دوایین وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەنتۆنی بلینکن لە قاھیرە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، باشترین رێگایە بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران.
وتیشی، ئاسایشی ئیسرائیل و یەکگرتنی لە ناوچەکە، پەیوەستە بە کردنەوەی رێگایەک بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین ئەوەش ھەنگاوێکە بۆ گۆشەگیرکردن و پەراوێزخستنی ئێران.
بلینکن کە لە سەردانە چەند رۆژییەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ٩ وڵاتی بەسەرکردەوە، لە ھەموو وێستگەکانی گەشتەکەیدا، داوای کرد ھەنگاو بنرێت بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان و رێگریکردن لە تەشەنە سەندنی جەنگی غەززە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست سەبارەت بە دۆسیەی پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ کۆبووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، تورکیا خۆی بۆ دوو دۆسیەی گرنگ ئامادە دەکات کە یەکەمیان دانیشتنی پەرلەمانە لە ١٦ی ئەم مانگەدا بۆ دەنگدان بە ئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی ناتۆ، ھەروەھا بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیایە کە بڕیارە لە ٣١ی ئازاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لەسەر سکاڵایەکی کۆماری ئەفریقای باشوور لە دادگای دادی نێودەوڵەتی_ لاھای، دانیشتنی دادگا بە ئامادەبوونی لایەنەکان دژ بە ئیسرائیل دەستیپێکرد.
فرانسیسکا ئەلبانیس ھەواڵدەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەڵەستین، ستایشی ئەفریقای باشووری کرد کە لە دادگای لاھای دۆسیەی کۆمەڵکوژی دژ بە ئیسرائیل کردووەتەوە، ھاوکات رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوایی گرت بەوەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن.
ئەلبانیس وێنەیەکی ھۆڵی دادگاکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: "تەماشاکردنی خەباتی ژنان و پیاوانی ئەفریقی بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتیی و سیستمی یاسای نێودەوڵەتیی دژ بەو ھێرشە بێ بەزەییانەی لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە پشتیوانی دەکرێن، وەک یەکێک لەو دیمەنانە دەمێنێتەوە کە سەردەمی ئێستامان دەناسێنێت، ھەرچییەک ببێت، ئەم رووداوە دەچێتە مێژووەوە.
پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەکەش رایانگەیاند، ئەمە یەکەم کۆمەڵکوژیە لە مێژوودا کە قوربانییەکان راستەوخۆ پەخش کران بۆ ئەوەی جیھان بتوانێت شتێکیان بۆ بکات.
وەزارەتی بەرگری چین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە ، لە کۆبونەوەکانی نێوان ھەردوو وەزارەتی بەرگری چین و ئەمریکا کە رۆژانی ٨ و ٩ی ئەم مانگە بەرێوەچوون ، چین جەختیکردۆتەوە لەوەی کە ھیچ سازشێک سەبارەت بە دۆسێی تایوان ناکات و دەبێت ئەمریکا رێز لە بنەماکانی چینی یەکگرتوو بگرێت و ناردنی چەک بۆ تایوان رابگرێت ، داواشی کردوە ئەمریکا دژایەتی "سەربەخۆیی تایوان" بکات .
لە چەند رۆژی رابردووشدا، چین سزای بەسەر پێنج کۆمپانیای سەربازی ئەمریکادا سەپاند و ھۆکارەکەشی گەراندەوە بۆ ئەوەی کە بنەماکانی چینی یەکگرتوویان پێشێلکردوە و بە بیانوی جیاواز چەکیان بە تایوان فرۆشتووە .
بڕیارە سبەی پێنجشەممە ھەریەک لە تولای ھاتیمئۆغوڵار و تونجەر باکرھان، ھاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەھەپە کۆببنەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا چۆنیەتی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان تاوتوێ بکرێت و مەرجەکانی ھاوکاری و پێکەوەکاردن ئاشکرا بکرێن.
جەھەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا بەپشتیوانی کورد و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن، دوای ٢٠ ساڵ لە بەڕێوەبردنیان لەلایەن ئاکپارتییەوە، توانی ھەر سێ گەورە شارەوانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ و ئیزمیر بەدەستبھێنێت، جەھەپە بۆ بردنەوەی گەورە شارەوانییەکانی تورکیاش لەم ھەڵبژاردنەدا چاوی لە دەنگی کورد و دەم پارتییە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە ، لۆید ئۆستن توشی نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و لە ئێستادا چارەسەر وەردەگرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، نەخۆشییەکەی ئۆستن زوو دیاریکراوە و لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی رابردوو نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە، لە ئێستاشدا بەھۆی کاریگەرییە لاوەکیەکانی چارەسەرەکانەوە لە بەشی چاودێری چڕ چاودێری دەکرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوەوە و داوای دورخستنەوەی کرا، ئەوەش بەھۆی ئەوەی نەخۆشکەوتنی و مانەوەی لە نەخۆشخانە ئاشکرانەکردووە، بەڵام دواتر کۆشکی سپی رایگەیاند ، ئۆستن لە نەخۆشخانەوە بەردەوامە لە راپەڕاندنی کارەکانی و لەم کاتەدا ھیچ پلانێک بۆ دورخستنەوەی لە پۆستەکەی نییە.
کیم جۆنگ ئون وتوشێتی، ئەگەر سیئۆل ھێزە چەکدارەکانی دژی پیۆنگ یانگ بەکاربھێنێت یاخود ھەڕەشە لەسەر سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەیان دروست بکات، ئەوا دوو دڵ نابن لە بەکارھێنانی تەواوی توانا سەربازییەکان و ھێزەکانیان، بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھەڕەشەیەک.
رۆژی پێنجی ئەم مانگەش، کۆریای باکور مەشق و راھێنانی سەربازی بە تۆپھاوێژ لە نزیک دوو دوورگەی سەر بە کۆریای باشور ئەنجامدا، دواتریش ھێزە چەکدارەکانی کۆریای باشور مەشق و راھێنانی ھاوشێوەیان لە نزیک ھێڵی جیاکەرەوەی ھەردوو کۆریا کرد.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووشدا، کۆریای باکور پابەندبوونی بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ کۆریای باشور راگرت، کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ئیمزاکراوە.
ئەو سەردانەی بلینکن دوای ھۆشدارییەکی لێپرسراوانی ئیسرائیل دێت کە مەدەنییەکانی کەرتی غەززە بەھۆی جەنگەوە باجی قورس دەدەن.
ھاوکات سەردانەکەی لە چوارچێوەی گەشتێکیدایە بۆ خاکی ئیسرائیل و فەڵەستین، کە ئەوە چوارەمین جارە بلینکن سەردانی ئەو ناوچەیە بکات، لەو کاتەوەی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە.
بلینکن راشیگەیاندبوو، روبەڕوبوونەوەی دوژمن کە لە ناو خەڵکی مەدەنی و خوێندنگە و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان خۆیان حەشارداوە زۆر قورسە، بەڵام ئەو باجەی مەدەنییەکان لە کەرتی غەززە دەیدەن بە تایبەت منداڵان، زۆر قورسە.