برونۆ روتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، لە قۆناغەکانی سەرەتای رۆژی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا نزیکەی 200 کەس دەستگیرکراون.
بەیانیی ئەمڕۆ، خۆپیشاندەران لە پاریسی پایتەخت لەگەڵ پۆلیسدا تووشی پێکدادان بوون و سەتڵی خۆڵ و خاشاکیان ئاگر تێبەردا. حکومەتی فەرەنسا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، 80 هەزار پۆلیسی بەشێوەیەکی نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوەپێکردووە، لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆپیشاندانی لەژێر دروشمی "با هەموو شتێک دابخەین" بەخۆیەوە دەبینێت.
خۆپیشاندەران کە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و سیاسەتەکانی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان تووڕەن، پلانیان داناوە چالاکییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا پەکبخەن.
دوو رۆژ دوای ئەوەی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، لە دەنگدانی متمانەدا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و رۆژی سێشەممە سێباستیان لۆکۆرنۆ جێگەی گرتەوە، هەزاران خۆپیشاندەر وەڵامی بانگەوازەکانیان بۆ پەکخستنی چالاکییەکان لە وڵاتدا دایەوە.
بزوتنەوەی "با هەموو شتێک دابخەین" لە هاویندا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گرووپە چاتە نهێنییەکانەوە گەشەی کرد. داواکارییەکانیان بۆ پەکخستنی هاتوچۆ، رێکخستنی مانگرتن و خۆپیشاندان، هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی چوارەمین سەرۆک وەزیرانی ماکرۆن لە ماوەی12 مانگدا.
بزوتنەوەکە کە بەخێرایی و بەبێ سەرکردەیەکی دیاریکراو گەشەی کردووە، کۆمەڵێک داواکاریی بەرفراوانی هەیە، کە زۆرێکیان دژی پلانەکانی بودجەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانە کە ماکرۆن بەرگریی لێدەکرد. هەروەها سکاڵای فراوانتریان لەسەر نایەکسانی هەیە.
هەندێک کەس بزووتنەوەی "با هەموو شتێک دابخەین" بەراورد دەکەن بە خۆپیشاندانەکانی "هێلەکە زەردەکان" لە ساڵی 2018 کە سەرەتا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە سەریهەڵدا، بەڵام دواتر بووە بزووتنەوەیەکی فراوانتر دژی ماکرۆن و پلانەکانی بۆ چاکسازیی ئابووری.
حزبی "فەرەنسای ملنەدەر"ی چەپی توندڕەو رایگەیاندووە کە پێشنیازی سەندنەوەی متمانە لە لۆکۆرنۆ پێشکەش دەکات، هەرچەندە حزبی "کۆبوونەوەی نیشتمانی"ی راستڕەوی توندڕەو ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ ئێستا ئامادەیە لەگەڵیدا کار بکات.
وەزیری ناوخۆ ئاشکراشیکرد کە 80 هەزار هێزی ئەمنی لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوەیان پێکراوە، کە 6 هەزاریان لە پاریسن. پێشتریش میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردبووەوە کە پێشبینی دەکرێت100 هەزار کەس بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بکەن.