زەبری باجەکانی ترەمپ بەر ئەپڵیش کەوت...ئایفۆن گران دەبێت؟
رەوەز
٤ی نیسانی ٢٠٢٥
کۆمپانیای ئەپڵی بەناوبانگ، ئەمڕۆ هەینی، گەورەترین دابەزینی مێژوویی بەخۆوە بینی و نزیکەی 10% لە بەهای بازاڕی لەدەستدا و زیانێکی قورسی بەرکەوت. ئەمەش دوابەدوای راگەیاندنی سەپاندنی باجی نوێ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بەسەر بەرهەمە چینییەکاندا.
میدیاکانی نیویۆرک رایانگەیاند، دوای راگەیاندنی باجی نوێ لەلایەن ترەمپەوە، تەنها لە یەک رۆژدا کۆمپانیای ئەپڵ بەهای بازاڕی 314 ملیار دۆلاری لەدەستدا و پشکەکانی لە وۆڵ ستریتدا بەڕێژەی 9% دابەزینیان بەخۆوە بینی، ئەگەری دابەزینی زیاتریش چاوەڕێی ئەم کۆمپانیایە دەکات، لە رۆژانی داهاتودا.
تیم کوک، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند: “ئەم بڕیارە لە کاتێکی هەستیاردا هاتووە و کاریگەری گەورەی لەسەر کۆمپانیاکەمان و زنجیرەی دابینکردنمان دەبێت، بەتایبەت لە چین کە 85% لە بەرهەمەکانمان تێیدا بەرهەم دەهێنرێن.”
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، تەنها لە کاتژمێرەکانی کردنەوەی بازاڕی بۆرسەدا، دەوڵەمەندەکانی جیهان 208 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، کە زۆربەی لەسەر حیسابی دابەزینی پشکەکانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بووە.
شارەزایانی بواری ئابووری بە کوردسات نیوزیان ڕاگەیاند، ئەم دابەزینە بەرچاوە لە ئەنجامی کاردانەوەی بەهێزی بازاڕ بووە، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی تەکنەلۆژیا هەبووە، کە پێیان دەگوترێت “حەوت سەرەکی” - ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، گووگڵ، میتا، ئەمازۆن، ئینڤیدیا و تێسلا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، سەپاندنی باج لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە گەورەترین کاریگەری لەسەر ئەپڵ هەبووە بەتایبەتی بەسەر دامەزراوە بەرهەمهێنانەکانی دەرەوەی وڵاتدا سەپێنراوە. ترەمپ زیادکردنی باجی هاوردەکردنی لە چینەوە لە 34% بۆ 54% ڕاگەیاند، ئەمەش تێچووی بەرهەمهێنانی بۆ ئەپڵ و کۆمپانیاکانی دیکەی تەکنەلۆژی زیادکردووە.
هاوکات باجەکان بۆ ناوەندە گەورەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە دەگونجێت، وەک ڤێتنام (46%) و هیندستان (26%)، ئەمەش پلانی کۆمپانیای ئەپڵ بۆ جیاکردنەوەی بەرهەمهێنان لە چین و گواستنەوەی بۆ ئەم وڵاتانە ئاڵۆزتر دەکات.
وارین سورک، شارەزای بازاڕی بۆرسە لە نیویۆرک دەڵێت: “کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر تێچووی بەرهەم و نرخی کۆتایی بەرهەمەکانی ئەپڵ دەبێت. بەکاربەران دەبێت چاوەڕێی بەرزبوونەوەی نرخی ئایفۆن و ئایپاد و بەرهەمەکانی دیکەی ئەپڵ بکەن لە ماوەی داهاتوودا.