بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە لە گوندێكی رۆژئاوای سودان زیاتر لە هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و تەنها یەك كەس رزگاری بوو.
سوپای سودان رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لە رۆژئاوای سودان، رۆچوونی زەوی رویداوە و لە ئەنجامدا گوندێكی سەر بە هەرێمی دارفۆر بە تەواوی لەناوچووە و بەهۆیەوە جگە لە یەك كەس، تەواوی دانیشتووانی گوندەكە كە زیاتر لە هەزار كەس بوون گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هێشتا ناتوانن زانیاری ورد بڵاوبكەنەوە، بەڵام لە ئێستادا تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەزگا فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەكان بە هاوبەشی سوپای سودان سەرقاڵی دەرهێنانەوەی تەرمی خەڵكی گوندەكەن لەژێر داروپەردووی خانووە روخاوەكاندا.
ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەكەی ئەفغانستان بۆ زیاتر لە سێ هەزار كەس بەرزبووەوە، تا دێت ژمارەكە زیاد دەكات.
بەپێی ڕاپۆرتی نوسینگەی هەماهەنگی كاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بومەلەرزەكە بە گوڕی شەش پلە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان روویداوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 800 كەس گیانیان لەدەستداو دوو هەزار و 500 كەسی تریش برینداربوون.
نەتەوە یەكگرتووەكان دەشڵێت، بەشێكی زۆری قوربانییەكان لە ناوچە دوورە دەست و شاخاوییەكاندا گیریان خواردووەو نزیكەی 12 هەزار كەس ڕاستەوخۆ بەهۆی بوومەلەرزەكەوە زیانیان بەركەوتووە.
دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریكی بڵاویكردەوە، بوومەلەرزەكە لە قووڵایی هەشت كیلۆمەتر ڕوویداوە و ناوەندەكەی شارۆچكەی كوزكونار بووە كە دەكەوێتە 27 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری جەلال ئابادی پایتەختی ویلایەتی نەنگەرهار.
بەپێی راپۆرتەكان، بوومەلەرزەكە زیانێكی زۆری مادی لێكەوتووەتەوەو تەواوی گوندەكانی ناوچەكەی وێران كردووەو ژمارەی قوربانیەكانیش تا دێت بەرزتر دەبنەوە.
سەرۆکی روسیا لە میانەی بەشداریکردنی لە لوتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای رایگەیاند، "تێگەیشتنەکانی" لووتکەی ئەلاسکا رێگە بۆ ئاشتی لە ئۆکراین خۆش دەکەن.
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، رۆژی دووشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای، بەرگری لە هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکەی مۆسکۆ کرد بۆ سەر ئۆکراین کە زیاتر لە سێ ساڵە دەستیپێکردووە.
پوتن لە وتارێکدا لە لووتکەکە، کە لە شاری تیانجینی چین بەڕێوەچوو، وتی: "ئەم قەیرانە بەهۆی هێرشی روسیاوە بۆ سەر ئۆکراین دروست نەبووە، بەڵکو دەرەنجامی کودەتایەک بوو لە ئۆکراین کە لەلایەن رۆژئاواوە پشتیوانی کرا و هان درا".
هەروەها وتیشی: "هۆکاری دووەمی ئەم قەیرانە، هەوڵە بەردەوامەکانی رۆژئاوایە بۆ راکێشانی ئۆکراین بۆ ناو هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)".
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک"ی روسی، سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد: "بێگومان، بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانی ئۆکراین بەردەوام و درێژخایەن بێت، دەبێت هۆکارە ریشەییەکانی قەیرانەکە لەناو ببرێن، کە پێشتریش چەندین جار باسم کردوون، و هاوسەنگیی دادپەروەرانە لە بواری ئاسایشدا بگەڕێنرێتەوە".
وتارەکەی پۆتین لە کاتی لووتکەی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە شاری تیانجین لە باکووری چین هات، کە نزیکەی ٢٠ سەرکردەی ناوچەی ئۆراسیا تێیدا بەشدارن.
حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی جۆرێكی كوشندەی ئەنفلۆنزای باڵندە بە لە بەریتانیا دەستنیشانكرا.
حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، كە حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندەی جۆری( ئێچ فایف ئێن وەن كە زۆر لە ڤایرۆسی پێش خۆی كوشندەترە لە یەكێك لە كێلگە پەلەوەرییەكانی لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرادا لە پەلەوەرەكاندا دەستنیشانكراوە.
حكومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشكرد، بە رووبەری سێ كیلۆمەتر كەرەنتینە لەو ناوچە راگەیەنراوە رێكاری پێویست لەو بارەیەوە گیراوەتەوە، وتیشی سەرجەم ئەو باڵندانەی ئەو ناوچەیە پكشنیان بۆ دەكرێت توشبوان لە ناودەبرێن.
هەر لەو چورچێوەیەشدا ، ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیندیە بڵاویكردەوە، دوو كۆتر كە لە باخچەی ئاژەڵانی دەلهی مردابونەوە، دەركەوتوە هەڵگری ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە بوون ئەوەش وایكردوە ئەو باخچەیە دابخرێت.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە نیگەرانییەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە مەترسی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ لێدەكەوێتەوە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 3,489 دۆلار، بەمەش بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا تۆمارکرد.
بەرزبوونەوەکە وایکردووە نرخی ئەو کانزایە زۆر نزیک بێتەوە لە تۆمارکردنی بەرزترین نرخی مێژوویی خۆی. هاوکات، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 698 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەروەها، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 گەیشتە 600 هەزار دینار.
بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6 پلەی رێختەر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ئەفغانستانی هەژاند، کە بەهۆیەوە لانی کەم 500 کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 1000 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی"ی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاماژەی بە ژمارەی قوربانییەکان داوە و رایگەیاندووە کە ئاماژرەکە لە بەرزبوونەوەدایە.
دەزگای گەشتیاری جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) ئاشکرای کردووە، ناوەندی بومەلەرزەکە لە دووری 17 میل لە شاری جەلال ئاباد، نزیک سنووری پاکستان بووە و کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە روی داوە.
شەرەفات زەمان، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گشتی ئەفغانستان، رایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی بومەلەرزەکە ناوچەیەکی شاخاوی و دوورەدەستی گرتووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەدەستهێنانی زانیاریی ورد دەربارەی قوربانییەکان و قەبارەی زیانەکان کاتێکی زۆر بخایەنێت."
نزیکەی 20 خولەک دوای بومەلەرزە سەرەکییەکە، بومەلەرزەیەکی دیکەی پاشکۆ بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە هەمان ناوچەدا تۆمار کراوە، کە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
ئەفغانستان بە بەردەوامی روبەڕوی بومەلەرزە دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتەکەیە کە دەکەوێتە سەر هێڵی پێکدادانی چەندین چینی تێکتۆنیکی. هەروەها، سروشتی شاخاویی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان مەترسی داڕمانی زەویی لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکانی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ گەیاندنی یارمەتی و رزگارکردنی خەڵک زۆر قورس دەکات.
ئەمڕۆ لوتكەی رێكخراوی هاریكاریی شەنگەهای لە چین بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستە سەركردەی چەندین وڵاتی ئەندام و هاوبەش لە رێكخراوەكە گەیشتنە ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ لوتكەی رێكخراوی هاریكاری شەنگەهای لە شاری تیانجین لە چین بە بەشداری سەركردەی 20 وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت، كە لوتكەكە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا.
لوتكەكە دوو رۆژ دەخایەنێت و لە ئێستادا سەركردەی چەندین وڵاتی ئاسیا بەمەبەستی بەشداری لە لوتكەكە گەیشتوونەتە شاری تیانژین.
لەو چوارچێوەیەدا بەیانی ئەمرۆ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا گەیشتە چین و تەلەفزیۆنی ناوەندیی چینیش بڵاویكردەوە، گەیشتنی پوتن هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كە پەیوەندییەكانی چین و روسیا لە باشترین ئاستی مێژوودایە.
رێكخراویی هاریكاری شەنگەهای 10 ئەندامی سەرەكی هەیە و بەڕێوەچوونی لوتكەی ساڵانەی رێكخراوەكە كاریگەریی گەورەی ئابوری و سیاسی لەسەر ناوچەكە و جیهان جێدەهێڵێت و تیایدا چەندین پرسی ئەمنی و سیاسی و پرسە هەنوكەییەكانی ئاسیا و جیهان تاوتوێ دەكەن.
دۆناڵد ترەمپ جەنگی نێوان روسیا و ئۆكراینی بە جەنگێكی منداڵانە ناو هێنا و ئاماژەی بەوەكرد، بەدووری دەزانێت لە ئێستادا لوتكەی نێوان سەرۆكی ئەو دوو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، روسیا و ئۆكراین هێشتا لە رووی سیاسییەوە پێنەگەیشتوون بۆ ئەوەی چارەسەر لەرێگای دانوستانەوە قبوڵ بكەن، جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەشی بە شەڕێكی منداڵانە ناوهێنا.
ترەمپ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان خۆی و ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینی بە دوور نەزانی و ئاماژەی بەوەشكرد، لەپاڵ ئەوانەدا دەرگایان واڵایە بۆ ئەوەی گرەنتی ئەمنیی پێشكەش بە ئەوروپا بكات بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگە، تەنانەت ئەگەر ئەوروپا داوای پشتیوانی ئاسمانیی سنوردار بكات، بەڵام ئەمریكا ئامادە نییە هیچ هێزێكی زەمینیی بنێرێتە ئۆكراین.
وتیشی، هاوكارییەكان بە سەركردایەتی ئەوروپا و تەنها لە رێگای ئاسمانییەوە دەبێت.
وەزارەتی بەرگریی روسیا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە 21 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا خستووەتە خوارەوە و تێکیان شکاندوون. ئەمەش دوای هێرشێکی شەوانەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراین دێت.
وەزارەتی بەرگریی روسیا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، کە 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ئاسمانی هەرێمی ڤۆلگۆگراد لە باشوری روسیا خراونەتە خوارەوە. پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دیکەش، کە ژمارەیان 10 دانە بوو، لەسەر ئاسمانی هەرێمەکانی رۆستۆڤ، بێلگۆرۆد و بریانسک لە باشووری رۆژاوای وڵات تێکشکێندراون.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتەکە، ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشکێندراوەکان بەم شێوەیە بوون:
11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای ڤۆلگۆگراد.
8 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای ڕۆستۆڤ.
یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای بێلگۆرۆد.
یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای بریانسک.
شایەنی باسە، دوێنێ شەممەیش وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاندبوو، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان توانیویانە چوار مووشەکی جۆری "نێپتۆن" و 233 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی بخەنە خوارەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر ئاسمانی نیمچە دوورگەی قرم و پارێزگای سمۆلێنسک خرانە خوارەوە.
لە کاتێکدا زۆرێک لە دامەزراوە میدیاییەکان لەسەر ئاستی جیهان روو لە بەکارهێنانی زیاتری تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI) دەکەن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی بەرهەم، چەندین گۆڤار و ماڵپەڕی گەورە رووبەڕووی رەخنەی توند بوونەتەوە.
هۆکاری ئەم رەخنانەش بڵاوکردنەوەی وتار و بابەتی ساختەیە کە بە تەواوی لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە نووسراون، بەبێ ئەوەی لەلایەن سەرنووسەرەکانەوە بە وردی پشکنینیان بۆ کرابێت.
یەکێک لەو گۆڤارانەی تووشی ئەم کێشەیە بووە، گۆڤاری "بیزنس ئینسایدەر"ە، کە خاوەندارێتی کۆمپانیای گەورەی "ئەکسێل سپرینگەر" دەکات. سێ مانگ دوای ئەوەی گۆڤارەکە پلانی کەمکردنەوەی نزیکەی سێیەکی کارمەندەکانی راگەیاند بە بیانووی "پشت بەستنی تەواو بە زیرەکی دەستکرد"، ناچار بوو ژمارەیەک وتار بسڕێتەوە کە دەرکەوت لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە نووسراون.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "پرێس گازێت"ی بەریتانی، دوو دامەزراوەی دیکەش، ئەوانیش گۆڤاری "وایرێد"ی تایبەت بە تەکنەلۆجیا و ماڵپەڕی رێکخراوی "ئیندێکس ئۆن سێنسەرشیپ" (پێنوێنی سانسۆر) کە چاودێری ئازادی رادەربڕین دەکات، ناچار بوون چەند بابەتێک بسڕنەوە کە بە ناوی "ماراگو بلانچارد"ەوە بڵاوکرابوونەوە.
ئەم وتارانە دوای ئەوە سڕانەوە کە ژمارەیەک ناڕاستی و هەڵەی زەقیان تێدا دۆزرایەوە، وەک دروستکردنی ناوی شار و کۆمپانیای خەیاڵی، کە پێش بڵاوکردنەوەیان لەلایەن سەرنووسەرەکانەوە نەدۆزرابوونەوە. رۆژنامەی "دیسپاتچ"ی بەریتانی، یەکەم لایەن بوو کە زەنگی مەترسی لێدا، دوای ئەوەی گومانی لە وتارێکی پێشنیارکراوی بلانچارد کرد سەبارەت بە شارۆچکەیەکی کانزایی خەیاڵی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، پاشان زانیارییەکانی نارد بۆ رۆژنامەی "پرێس گازێت".
گۆڤاری "وایرێد" وتارێکی بلانچاردی بڵاوکردبووەوە دەربارەی ئەو ژنا و پیاوە راستەقینانەی کە لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی وەک "ماین کرافت" و "رۆبلۆکس"ەوە هاوسەرگیری لەسەر ئینتەرنێت دەکەن. گۆڤارەکە لە مانگی ئابدا وتارێکی داوای لێبوردنی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیبووی: "چۆن گۆڤاری وایرێد فێڵی لێکرا لەلایەن نووسەرێکی سەربەخۆوە کە زیرەکی دەستکردی بەکارهێناوە بۆ نووسینی تەواوی بابەتەکە... ئەگەر هەر لایەنێک بتوانێت فێڵ و ساختەکارییەکانی زیرەکی دەستکرد بدۆزێتەوە، ئەوا وایرێدە... بە داخەوە، یەکێک توانی ئێمە چەواشە بکات."
هەروەها گۆڤاری "بیزنس ئینسایدەر" لە مانگی نیسانی رابردوودا دوو وتاری بلانچاردی بڵاوکردبووەوە، نزیکەی مانگێک پێش ئەوەی کۆمپانیاکە رایبگەیەنێت کە %21ی کارمەندەکانی لە کار دەردەکات لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ "تەواو پشت بەستن بە زیرەکی دەستکرد". یەکێک لە وتارەکان بە ناوی "کارکردن لە دوورەوە باشترین شت بوو بۆ من وەک دایکێک، بەڵام خراپترین شت بوو بۆ من وەک کەسێک"، وتارەکەی دیکەش بە ناوی "لە تەمەنی چل و پێنج ساڵیدا بوومە خاوەنی یەکەم منداڵم. لە رووی داراییەوە جێگیر بووم و ساڵانێک ئەزموونی ژیان رێنماییم دەکات."
دوای ئەم روداوانە، ماڵپەڕی "بیزنس ئینسایدەر" هەردوو وتارەکەی سڕییەوە و لە جێگەیاندا پەیامێکی دانا کە تێیدا هاتبوو: "ئەم وتارە سڕایەوە چونکە لە ئاستی مەرجەکانی بیزنس ئینسایدەر دا نەبوو.".
ئەم هەواڵە بە پاشەکشەیەکی گەورە دادەنرێت بۆ ئەو هەوڵانەی کە لە زۆرێک لە ژوورەکانی هەواڵدا دراون بۆ کەمکردنەوەی تێچوون و زیادکردنی بەرهەم بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد. دوو توێژینەوە کە لە مانگی ئازار و ئابدا ئەنجامدراون ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی نیوەی رۆژنامەنووسانی جیهان ئێستا پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستن لە بەرهەمهێنانی بابەتەکانیاندا.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە راپۆرتێکی نوێدا هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی رێژەی مردن بە نەخۆشی کۆلێرا لە سەرانسەری جیهاندا.
لە راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە، لە رۆژانی 27 تا 30ی تەمموزی 2025، 67 هەزار و 705 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆلێرا و سکچوونی توند لە 18 وڵات و ئەو هەرێمانەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرپەرشتی و چاودێرییان دەکات تۆمارکراون، لە هەمان ماوەدا 624 کەس لە جیهاندا بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە لە مانگی تەمموزی ساڵی 2025 ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆلێرا بە ڕێژەی 43% زیاتر بووە بە بەراورد بە مانگی تەمموزی 2024. لە مانگی تەمموزی ساڵی 2024، زیاتر 96 هەزار حاڵەت و 436 حاڵەتی مردن بەهۆی کۆلێرا لە 21 وڵاتدا تۆمارکراوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ، ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، کارەساتی سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارن لە توندبوونەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، بەتایبەتی لە گوندەکان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە سەرانسەری جیهاندا.
دادگای باڵای تێهەڵچونەوەی ئەمریكا سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن ترەمپەوە بەسەر وڵاتانی جیهاندا بە نایاسایی ناوبرد و دەشڵێت، ئەو تەنیا مافی ئەوەی هەیە پارێزگاری لە ئابوری ئەمریكا بكات.
دادگای باڵای تێهەڵچونەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، پێناسە گومرگییەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكە بەسەر وڵاتاندا نایاساییە لەناویاندا كەنەدا و مەكسیك و چین.
ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو كارەی ترەمپ لەگەڵ یاسا یەكناگرێتەوە و دژیەكە، بەڵام تەنیا دەتوانێت پارێزگاری لە ئابوری وڵات بكات.
لە بەرانبەردا ترەمپ رەخنەی لە بڕیارەكەی دادگا گرت و رایگەیاند، ئەو بڕیارە ئەمریكا لەناو دەبات و دادگا بە هەڵە وتویەتی دەبێت پێناسە گومرگییەكان لاببرێت، بەڵام دەزانن ئەمریكا لە كۆتاییدا دەیباتەوە و سەركەوتوو دەبێت و ئەگەر پێناسەكانن لاببەن زیانی گەورە بەر ئابوری ئەمریكا دەكەوێت.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایدەکات، دوای دەیان ساڵ لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ بوژانەوەی چینی ئۆزۆن، رەنگە هۆکاربێت لە خێراکردنی گەرمبوونی جیهان.
بەپێی توێژینەوەک کە لە گۆڤاری Atmospheric Chemistry and Physics بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 چینی ئۆزۆن ببێتە دووهەم گەورەترین هۆکاری گەرمبوونی جیهان لە دوای دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە.
توێژینەوەکە پێشبینی کردووە ئۆزۆن بەشداربێت لە گیرانی وزەی زیادە بە بڕی 0.27 وات لە مەتر چوارگۆشەیەک لە نێوان ساڵانی 2015 و 2050، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەردەوامی چاکبوونەوەی چینە ئۆزۆنەکان زۆربەی ئەو قازانجە کەشوهەوایانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە چاوەڕوان دەکرا لە قەدەغەکردنی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (CFCs) و هایدرۆکلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (HCFCs) بەپێی پرۆتۆکۆڵی مۆنتریاڵی ساڵی 1987 بەدەست بێت.
پرۆفیسۆر بێڵ کۆلینز کە سەرکردایەتی تیمی توێژینەوەکە دەکات، رایگەیاندووە: وڵاتەکان هێشتا کارێکی دروست دەکەن بە قەدەغەکردنی مادە کەمکەرەوەکانی ئۆزۆن، بەڵام بۆیان دەرکەوتووە کە بە گەڕانەوەی چینە پارێزەرەکە هەسارەکە زیاتر گەرم دەکات لەوەی پێشتر بیرمان لێدەکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاشماوەی کارگە و ئۆتۆمبێلەکانیش کە تێکەڵی بەرگە هەوا دەبن بەشدارن گەرمبوونی جیهان و کێشەی تەندروستی دروستدەکەن.
جێگەی ئاماژەیە، ئەو گازانەی کە بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن قەدەغەکراون خۆیان مادەی ساردکەرەوەی بەرگەهەوا بوون. لەگەڵ نەمانی ئەوان، سیستەمی کەشوهەوا ئەم کاریگەرییە ساردکەرەوەیانە لەدەست دەدات، لە کاتێکدا ئۆزۆنی وەرگیراو بەشدارە لە گەرمبوونی زیاتر.
ئێستا زانایان و بڕیاردەران رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبنەوە کە هاوسەنگکردنی پاراستنی چینە ئۆزۆنەکان کە ژیان لەسەر زەوی دەپارێزێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی گەرمبوونی جیهان کە مەترسی لەسەر تەواوی سیستەمی کەشوهەوا دروست دەکات. ئەمەش پێویستی بە پەرەپێدانی ستراتیژی یەکگرتوو هەیە کە لە یەک کاتدا هەردوو کێشەکە چارەسەر بکات، لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمخانەییەکانی دیکە، بەتایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرز بکاتەوە.
كرملن بە لەبەرچاوگرتنی مەرجێك، كۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆكی روسیا و ئۆكراین بەدوور نازانێت.
میدیاكانی روسیا بڵاویانكردووەتەوە، دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا (كرملن) پشتڕاستی كردووەتەوە، بەلای ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیاوە كارێكی سەخت نییە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی هاوتا ئۆكراینییەكەی كۆببێتەوە، بەو مەرجەی تیمە دانوستانكار و پسپۆڕەكانی هەردوولا ئامادەكاری و زەمینەسازیی تەواویان بۆ كۆبوونەوەكە كردبێت.
پیسكۆڤ ئاماژەی بەوەشكردووە، كاركردنی پسپۆڕان لەسەر ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی پوتن و زیلینسكی بەرەوپێشچوونی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام روسیا تائێستاش چاوی لەوەیە و ئامادەیە گفتوگۆی لەو جۆرە بكات.
سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا پارێزبەندی تایبەتی كامالا هاریس هەڵبوەشێنێتەوە و چیتر لەلایەن دەزگای خزمەتی نهێنیەوە پاسەوانیی نەكرێت.
كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نامەیەكی ئاڕاستەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەی كردووە، رێگەی پێداون لە یەكی ئەیلولەوە تەواوی ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەی بۆ پاراستنی كامالا هاریس جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا گرتوویانەتەبەر، كۆتایی پێبهێنن.
بەپێی دەستوری ئەمریكا سەرۆكەكانی ئەو وڵاتە دوای كۆتاییهاتنی كابینەكانیان، بەدرێژایی ژیانیان پارێزبەندی تایبەتیان بۆ دابین دەكرێت و لەلایەن دەزگای خزمەتی نهێنییەوە پاسەوانی دەكرێن.
سەرچاوەیەكیش بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، كامالا هاریس وەك جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بەپێی یاسای فیدراڵی دوای كۆتاییهاتنی ئەركەكەی، شەش مانگ پارێزبەندی بۆ دابینكراوە كە دەبوو 21ـی تەممووز كۆتایی بێت، بەڵام بە فەرمانێكی نهێنی بایدن، پارێزبەندییەكەی بۆ ماوەی ساڵێكی تر درێژكراوەتەوە.
روسیا لە رێگەی کۆکردنەوەی دەیان هەزار سەربازەوە ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشێکی نوێی بەرفراوان بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردوە لەکاتێکدا هەوڵەکان بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکراین بەردەوامی هەیە.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپای روسیا 100 هەزار سەربازی لەسەر سنوری وڵاتەکەی کۆکردوەتەوە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ کۆنترۆڵکردن ناوچەی پۆکرۆڤسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین لە ماوەیەکی نزیکدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا سوپای وڵاتەکەی کاردەکات بۆ بەرگریکردن لە شاری سومی کە ماوەی چەند مانگێکە لە سێ قۆڵەوە لەلایەن سوپای روسیاوە گەمارۆدراوە و تەنها پێنج کیلۆمەتریان ماوە بچنە ناوەندی شاری سومیەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بەردەوامە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکراین و دەستپێکردنی کۆبونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین.