ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی؛ پنتاگۆن کارگەکانی ئۆتۆمبێل دەکاتە کارگەی چەک.

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' بەهۆی کەمبوونەوەی جبەخانەکانی، دانوستان لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک "جەنەراڵ مۆتۆرز" و "فۆرد" دەکات بۆ ئەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و دەستی کار بۆ دروستکردنی تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بەکاربهێنێت.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، لێپرساوانی باڵای پنتاگۆن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایانە کۆبوونەتەوە تا باس لە ئەگەری گۆڕینی ئاڕاستەی کارگەکانیان بکەن بۆ پشتگیریکردنی پیشەسازی سەربازی، ئەمەش دوای ئەوەی کۆگا ستراتیژییەکانی چەک و تەقەمەنی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ناردنی بڕێکی یەکجار زۆری چەک بۆ ئۆکراین پەستانێکی گەورەی خستووەتە سەر جبەخانەکانی ئەمریکا.

هاوکات ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بوونەتە هۆی خەرجکردنی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی و پێویستی بە پڕکردنەوەی خێرای کۆگاکان هەیە.

واشنتۆن ترسی هەیە لە تەشەنەسەندنی شەڕ لە چەندین بەرەی جیاوازدا، ئەمەش وایکردووە پەنا بۆ چارەسەری خێرا و نائاسایی ببات.

چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە هاوشێوەی جەنگی جیهانی دووهەمە کە ئەمریکا پەیڕەوی کرد، کاتێک کارگەکانی ئۆتۆمبێل گۆڕدران بۆ هێڵی بەرهەمهێنانی تانک و فڕۆکەی جەنگی.

ئەم وەرچەرخانە لە بیرۆکەی پیشەسازی ئەمریکادا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چیتر بەرهەمهێنانی سەربازی تەنیا لە ئەستۆی کۆمپانیا بەرگرییەکان نییە، بەڵکو کەرتە مەدەنییە ستراتیژییەکانیش دەگرێتەوە.

ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێ بکرێت، دەبێتە گەورەترین پڕۆسەی گۆڕینی ئاڕاستەی پیشەسازی مەدەنی لە ئەمریکا لە دوای چەندین دەیەی ڕابردوو، کە دووبارە پەیوەندی نێوان ئابوری مەدەنی و ئامێری سەربازی ئەمریکا لەم قۆناغە پڕ گرژییەدا دادەڕێژێتەوە.