بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ویلایەتی سارلاند لە رۆژئاوای وڵاتەکە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.

وتەبێژێکی پۆلیس ئاشکرای کرد، روداوەکە لە شارۆچکەی فۆلکلینگن نزیك لە سنووری فەرەنسا و لە ژێر پردێکی تایبەت بە پیادە رویداوە، وقوربانییەکە پیاوێک بووە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە شوێنی روداوەکە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی لێدوانی پۆلیس، دەوروبەری سەعات 12ی شەو لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز و هاواری هاوکاری بیستراوە‌، ودەستبەجێ هێزێکی زۆری پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە دەوروبەری پردەکە گەمارۆ داوە.

پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە کە چەند کەسێک برینەکانیان سەختە، بەڵام وردەکاری زیاتری لەسەر ناسنامەیان بڵاو نەکراوەتەوە.
پۆلیسی ئەڵمانیا جەختیشی کرداوە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرا نەکردووە و رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی روداوەکە بەردەوامە.