روبیۆ: ئەمریکا گروپە تاوانکارییەکانی دەرەوە لەناودەبات
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەگەر پێویست بکات گروپە تاوانکارییەکانی دەرەوەی سنوور "لەناودەبات"، و ئاشکرایکرد کە دوو لە گەورەترین گروپە تاوانکارییەکانی ئیکوادۆر دەخەنە لیستی تیرۆرەوە.
رۆبیۆ لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئیکوادۆر وتی: "ئێستا ئەوان یارمەتیمان دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە و لەناوبردنیان."
هاوکات رایگەیاند، ئەمریکا دوو لە گەورەترین گروپە تاوانکارییەکانی ئیکوادۆر، کە بریتین لە "لۆس لۆبۆس" و "لۆس چۆنێرۆس"، وەک رێکخراوی تیرۆریستی بیانی پۆلێن دەکات.
ئەم لێدوانانە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکیان کردە سەر بەلەمێک لە دەریای کاریبی. کۆشکی سپی رایگەیاند، لە هێرشەکەدا 11 بازرگانی ماددەی هۆشبەر کوژراون، بەڵام ناسنامەیانی ئاشکرا نەکردووە.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا قاچاخچییەکان لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاوە وەک مەکسیک و ئیکوادۆر، روبەڕووی "کردەوەی تاکلایەنەی لەسێدارەدان" دەبنەوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، رۆبیۆ وتی "حکومەتە هاوکارەکان" یارمەتی دەدەن لە دەستنیشانکردنی قاچاخچییەکان.
رۆبیۆ وتیشی: "سەرۆک'ترەمپ' وتوویەتی دەیەوێت شەڕ دژی ئەم گروپانە بەرپا بکات چونکە ئەوان ماوەی 30ساڵە شەڕیان دژی ئێمە بەرپا کردووە و کەس وەڵامی نەداونەتەوە." ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "بەڵام لە زۆر حاڵەتدا لەگەڵ حکومەتە دۆستەکان پێویست بەوە ناکات، چونکە حکومەتە دۆستەکان یارمەتیمان دەدەن."
حکومەتەکانی ئیکوادۆر و مەکسیک تا ئێستا رایاننەگەیاندووە کە هاوکاریی هێرشە سەربازییەکان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، رۆبیۆ رایگەیاند کە واشنتن بڕی 13.5ملیۆن دۆلار هاوکاریی ئەمنی و 6 ملیۆن دۆلار تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشکەش بە ئیکوادۆر دەکات بۆ یارمەتیدانی لە روبەڕووبوونەوەی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان.
توندوتیژی لە ئیکوادۆر لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەهۆی ئەوەی گروپە تاوانکارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوەکانی بازرگانیی کۆکاین شەڕ دەکەن. بەپێی ئامارە حکومییەکان، نزیکەی %70ی کۆکاینی جیهان ئێستا بە ئیکوادۆردا تێدەپەڕێت.
ئەم پۆلێنکردنە لەسەر داوای دانیال نۆبۆوا، سەرۆکی ئیکوادۆر بووە، کە روبەڕووبوونەوەکانی دژی گروپە تاوانکارییەکان بە "جەنگ" وەسف دەکات و پێشتر رایگەیاندبوو، دەیەوێت سوپای ئەمریکا و ئەوروپا بەشداری لە شەڕەکەیدا بکەن.
دانانی ئەو دوو گروپە لە لیستی تیرۆردا رێگە بە ئەمریکا دەدات کە سامان و موڵکی هەر کەسێک کە پەیوەندیی بەو گروپانەوە هەبێت بکاتە ئامانج و بەبێ سنوور زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ حکومەتی ئیکوادۆر ئاڵوگۆڕ بکات، کە رەنگە ببێتە هۆی گرتنەبەری رێوشوێنی "توند".