یەکێتی ئەوروپا بەکارهێنانی ماددەیی کیمیایی "تی پی ئۆ" (TPO)ی قەدەغە کرد، کە لە زۆرێک لە جۆرەکانی جێڵی نینۆکدا بۆ خێرا وشکبوونەوە و پاراستنی رەنگ بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە مەترسی بۆ سەر توانای منداڵبوون دروست دەکات و دەبێتە مەترسی بۆسەر ژنان. 

ئەو ماددە باوەی کە لە زۆرێک لە جۆرەکانی جێڵی نینۆکدا هەیە، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا بە نایاسایی ناسێنراوە، بەڵام لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا بە ئازادی بەردەستە.

ئەم ماددەیە، کە ناوە زانستییەکەی (Trimethylbenzoyl diphenylphosphine oxide)ـە، ئێستا بە فەرمی لە هەموو بەرهەمە جوانکارییەکاندا قەدەغە کراوە و دەزگا چاودێرییەکانی یەکێتی ئەوروپا وەک ماددەیەکی ژەهراوی بۆ مرۆڤ پۆلێنیان کردووە. "تی پی ئۆ" ماددەیەکە یارمەتی رەقبوونی جێڵی نینۆک دەدات لەژێر تیشکی سەروو وەنەوشەییدا و دەبێتە هۆی مانەوە و بریسکەی زیاتری رەنگەکە.

بڕیاری قەدەغەکردنەکە دوای چەندین توێژینەوە لەسەر ئاژەڵان هات کە پەیوەندیی نێوان ماددەکە و کێشە درێژخایەنەکانی منداڵبوونیان تیادا دەرکەوت. یەکێتی ئەوروپا ئەم رێکارە خۆپارێزییەی گرتووەتەبەر لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر مرۆڤ هێشتا بەردەوامە.

بەپێی بڕیارەکە، دەبێت ساڵۆنەکانی نینۆک لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها وڵاتانی وەک نەرویج و سویسرا، دەستبەجێ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە رابگرن کە ئەم ماددەیەیان تێدایە و بەرهەمە کۆکراوەکانیان بە شێوەیەکی سەلامەت لەناوببەن.

لەلایەکی دیکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا بەکارهێنانی "تی پی ئۆ"ی بە یاسا رێکنەخستووە، و ئەم ماددەیە دەچێتە پاڵ لیستێکی درێژی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە ئەوروپا قەدەغەن، بەڵام لە ئەمریکا هێشتا باون.

هەندێک لە خاوەنکارانی بواری جوانکاریی نینۆک دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕیوە. کۆمپانیایەکی بەلجیکی رایگەیاندووە، "هیچ بەڵگەیەکی مرۆیی نییە لەسەر مەترسیی ئەم ماددەیە" و ئەم بڕیارە "زیانێکی گەورەی ئابووری" بە کارە بچووکەکان دەگەیەنێت.