ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەكەی ئەفغانستان بۆ دوو هەزار و 200 كەس بەرزبووەوە
زاهیر
٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ژمارەی گیانلەدەستدان بومەلەرزەكەی ئەفغانستان بۆ زیاتر لە دوو هەزار كەس بەرزبووەوە، نەتەوەیەكگرتوەكانیش هۆشداریی دەدات لە سەرهەڵدانی قەیرانی برسێتی.
تەندروستی ئەفغانستان بڵاویكردوەتەوە ژمارەی گیانلەدەستان بەهۆی بومەلەرزەكەی ئەو وڵاتەوە گەیشتوەتە دوو هەزار و 200 كەس و نزیكەی چوار هەزار برینداریشی لێكەوتوەتەوە، بەهۆی رۆچونی زەوی و داخرانی رێگاوبانەكانیشەوە گەیاندنی هاوكاریی بۆ لێقەوماوان و قوربانییان قورس بووە.
رێكخراوی جیهای خۆراك سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان ئاماژەی بەوە كردوە كە تەنها بەشی چوار هەفتە خۆراك لە كۆگاكانی ئەو وڵاتە هەیە و ئەوەش بەشی زیانلێكەوتوەكان ناكات و تەنانەت مەترسیی برسێتی روبەڕوی سەرجەم دانیشتوانی ئەفغانستان بوەتەوە.
بە پێی ئامارەكان تا ئێستا شەش هەزار و 782 خانو بەهۆی بومەلەرزەكەی ئەفغانستان لە چەند ویلایەتێكی رۆژهەڵاتی وڵاتەكە روخاون و زیاتر لە چوار هەزار كەسیش برینداربون لە كاتێكدا هێزی بومەلەرزەكە شەش پلە بە پێوەری ریختەر بوو.