کۆمپانیای ستارلینک خستنەبازاڕی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی لە یەمەن ڕاگەیاند، بەمەش دەبێتە یەکەم وڵات لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەم خزمەتگوزارییە بەدەستبھێنێت.
رۆژی ٦ی ئەم مانگە حکومەتی یەمەن رەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی ئەو خزمەتگوزارییە کە لەڕێیی بریکارەکانی ستارلینکەوە بە ھاوڵاتیان دەفرۆشرێت بەنرخیکی گونجاو.
لەوبارەیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە یەمەن کرد بۆ بەدەستھێنانی ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەوتووە، لە بەرامبەریشدا حوسیەکان ئەم ھەنگاوەیان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە لەقەڵەمداو ھۆشداریشیاندا لە بەکارھێنانی.
مانگی دەستکردی ستارلینک ڕێگە بە دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا دەدات لە ناوچە دوورەدەستەکان یان ئەو شوێنانەی کە ژێرخانی پەیوەندییەکانی بەھۆی شەڕ یان کارەساتەکانەوە تێکچووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤ عەفرین بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی داگیرکاری و تاوانکارییەکانی تورکیا بەرامبەر خەڵکی عەفرین، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە چەند ھەفتەی رابردودا، ١٠ ھاوڵاتیی مەدەنیان لە سنووری شارۆچکەکانی عەفرین رفاندووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، گروپە چەکدارەکان بەشێک لەو ھاوڵاتییە مەدەنیانەیان گواستووەتەوە بۆ زیندانی مەراتە لە سەنتەری شاری عەفرین و بەشێکیشیان بێسەروشوێنن، لە بەرامبەر ئازادکردنیشیان داوای دوو ھەزار دۆلار لە کەسوکاری ئەو ھاوڵاتییانە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، گروپە چەکدارەکانی تورکیا لە عەفرین بەردەوامن لە سەپاندنی باج و ھێرشکردنە سەر موڵکی تایبەتی ھاوڵاتیان و رفاندنیان، بە ئامانجی ئاوارەکردنی دانیشتوانی رەسەنی شارەکە و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە.
محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە رایگەیاند، لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، دۆسێی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لە پێشینەی ستراتیژ و کارەکانیاندایە، ھەموو ھەوڵێکیشیان بۆ ئەو مەبەستە داوە دژی ھەموو ئەو تاوانانەشن کە ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەڵەستین ئەنجامیان دەدات.
وتیشی، زانیاری زۆر لەسەر دۆسێی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل باس دەکرێت کە بەشێکی زۆریان ناڕاستن، چونکە بە بەرەسمیبە ھەموو ئەو وڵاتانەی نێوەندگیری دەکەن لە نێوان سعودیە و ئیسرائیل لەسەرووی ھەمووشیانەوە ئەمریکا وتراوە تا ئەوکاتەی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دروست نەبێت، ھیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل نابێت.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ھەمان وادەی تەقینەوەکەی رۆژی رابردوو، دەیان تەقینەوە لە ئامێری پەیوەندیکردنی ریزەکانی حزبوڵا رویاندا و بەھۆیانەوە تا ئێستا نۆ کوژراو و زیاتر لە ٣٠٠ برینداریان لێکەوتووەتەوە.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، تەقینەوەکان لە ئامێری بێ تەلی جۆری واکی تۆکی کراون کە جیاوازن لە ئامێرەکانی دوێنێ و قەبارەیان گەورەترە، لەگەڵ ئەوەشدا زیانەکانی گەورەتر و تەقینەوەکانی بەھێزتر بوون.
بەوتەی سەرچاوە ئەمنیەکانی لوبنان، تەقینەوەکان لەنێو کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ و سیستمی وزەی خۆری ماڵانیش رویانداوە کە بەھۆیانەوە دەیان ئاگر کەوتووەتەوە.
لای خۆیەوە ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کرد لە ڕووداوەکانی لوبنان، بڕیارە رۆژی ھەینی داھاتووش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە کۆببێتەوە.
ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ گەیشتنی بە قاھیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر کۆبووەو باسیان لە خێراکردنی ھەوڵەکان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
ھاوکات، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسریش کۆبووەوە و جەختیانکردەوە، لە پەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا.
راشیانگەیاند، ھەوڵەکانیان بەردەوامی ھەیە بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی غەززە، تەنھا وەستاندنی جەنگ دەبێتە ھۆی گەرانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە قاھیرە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەو ھەوڵانەی کە ھەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بلینکن بۆ جاری دەیەمە سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
ھاریس لە وتارێکدا کە لە فیلادلفیا لە بەردەم کۆمەڵەی نیشتمانی رۆژنامەنووسان پێشکەشیکرد، داوایکرد ئاگربەست لە کەرتی غەززە رابگەیەندرێت و جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس رابگیرێت و چارەسەری دوو دەوڵەت رابگەیەندرێت، بەپێویستیشی زانی سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرپا بکرێت و سنورێک بۆ دەسەڵاتەکانی ئێران دابنرێت.
ھاریس جەختیشیکردەوە لەوەی کە پێویستە دوای کۆتاییھاتنی جەنگ ، ئیسرائیل جارێکی دیکە غەززە داگیرنەکاتەوە و سەربازەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە لوبنان روویدا تەواوکەری کردەوە و ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل و ھاوپەیمان و بەکرێگرتەکانێتی، کە بە ھەموو شێوەیەک دژ بە مۆراڵ و بنەما مرۆییەکان و یاسای نێودەوڵەتییەکانە و پێویستە لێپرسینەوە بە تۆمەتباراندا بکرێت.
کەنعانی وتیشی، ئەو کردەوە تیرۆریستییە ھاوبەشە کە جۆرێکە لە کۆمەڵکوژی دەیسەلمێنێت ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی ھەڕەشەیە و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.
کەنعانی پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتەکەشی بۆ گەلی لوبنان و حکومەتەکەی دەربڕی، ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو ھاوکارییەک.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند، لە میدیاکانەوە چیرۆکی جیاواز دەبیستن لەسەر وادە و شوێنی کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، بەڵام تائێستا لەسەر وادە و شوێنی کۆبوونەوەکەی نێوان ئەو دوو سەرۆکە رێکنەکەوتوون.
وتیشی، لە کاتی گونجاودا دیدارەکەی نێوان ھەردوو سەرۆکی تورکیا و سوریا رادەگەیەنن ئەگەر وردەکاری لەوبارەیەوە ھەبێت.
راشیگەیاند، ئەنقەرە پێشوازی لە ھەوڵەکانی روسیا بۆ نێوەندگیری بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەربڕی و جەختی لەسەر پابەندبوونی لایەنی تورکیا بە پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای نیازپاکی لەگەڵ سوریا کردەوە.
نێرگز محەمەدی لە پەیامەکەیدا کە لەزیندانی ئەوینی تاران بڵاویکردووەتەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیھان دەکات، چالاکانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ژنان لە ئێراندا بکەن، ھەروەھا، داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، ھەڵوێستی ھەبێت لەسەر دۆخی ژنان لە ئێراندا و کۆتایی بھێنێت بەو پێشێلکارییانەی لە دیدی رەگەز پەرستییەوە بەرامبەر ژنان دەکرێت.
نێرگز محەمەدی ئاماژەی بەوەشداوە، ئازادبوونی ژنان ھێزی بەرەوپێشبردنی دیموکراسییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی چالاکوانی کورد، لانیکەم ٢١ ھاوڵاتی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.